زمان و ناسنامە؛ لە نێوان ڕەسەنێتی و نامۆییدا
هەموو تاکێک کە لەدایک دەبێت؛ زمانی دایکی دەبێتە پایەیێکی بنچینەیی ناسنامەکەی، بۆیە لە نێوان زمان و ناسنامەدا؛ پەیوەندیەکی بنیاتنەرانە و ئەندامی هەیە، بەجۆرێک زمان لە بنەڕەتی ناسنامەدا؛ بەردێکی بنچینەیی بناغەی ناسنامەیە، هەر ئەمەشە پێی دەڵێن زمان و ناسنامەی ڕەسەن.
زمـــان:
گومانی تێدا نییە کە زمان بنەڕەتێکی سەرەکیە لە ناساندن و دروستکردنی کەسێتیی تاک، بەگوزارشتێکی دی؛ زمان؛ پەیکەری بیرو تێگەیشتنە، یەکێکە لە کۆڵەگە بنەڕەتیەکانی بنیاتی خود و خودێتی.
دی سۆسێر لە سەرەتای سەدەی بیستدا پێیوایە کە زمان (Langue) شتێکە و قسە یان گوفتار (الكلام) شتێکی دیکە. پێیوایە کە زمان: ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆیە، بەڵام قسە؛ بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ئەم ڕژێمەیە لە وێنە و هێمادا.
بەمانایەکی تر؛ زمان ڕێگای بیرکردنەوەیە لە ئاوەزی مرۆڤدا، یاخود لە ئاوەزی کۆمەڵگە مرۆییەکاندا. بەڵام قسە یان گوفتار؛ وێنەی دەنگەکانە، یاخود ئەو هێما نووسراوانەن کە دەیانبیستین و دەیانبینین؛ بەمەبەستی گوزارشتکردن و گەیاندن، گوزارشتکردن لە دەروون و ناخی خود، پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ دەوروبەر و کەسانی تر.
ههندێ له زمانناسان (فیلۆلۆگهکان) لهو باوهڕەدان که یهکبوونی سێ شت له چهند دیالێکتێکی زماندا، ئهو زمانه دهکات به زمانێکی یهکگرتوو، ئهمیش ئهمانهن:
1- ڕێزمانی زمان (گراماتیک)
2- شێوهی دهربڕین (فۆنهتیک)
3- بنهڕهتی فهرههنگی زمان
ناسنامە:
دەستەواژەی ناسنامە؛ لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتووە: (ناس+نامە= ناسنامە)، وشەی (ناس) بە واتای ناساندن و ناسین دێت، وشەی (نامە) کە دەچێتە سەر وشەی (ناس)؛ دەبێتە چەمکێکی زاراوەیی و بەواتای نامەی خۆناساندن دێت، ئیدی پێکەوە دەبنە پێناسەی کەسێتیی تاک. ئەمە بەشێکە لە ڕەوشی ژیاری و بەشارستانیبوون و بەدامەزراوەبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، وەکو بوونەوەرێکی ژیر و بەئاوەز؛ لەپۆلێنکردن وجیاکردنەوە و ڕێکخستنی پەیوەندی و تایبەتمەندییەکانی خۆی زۆر ئامرازو ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر، ئەم ناسنامەیەش یەکێکیانە.
هەرچی وشەی (الهویّە)یە لە زمانی عەرەبیدا لە ڕاناوی (هو) هاتووە، کە بەواتای خەسڵەتەکانی مرۆڤ دێت و گوزارشتە لە ڕاستیەکەی، هەروەک بۆ بواردن و جیاکردنەوەی بنەما و تایبەتمەندی کەسێتیی تاکێک لە تاکێکی تر بەکاردێت. بۆیە لەڕووی زاراوەیی و چەمکەوە؛ ناسنامە بریتیە لە کۆمەڵێ خەسڵەت و ئەدگار و تایبەتمەندیی تاکەکان کە لەخۆیان دەگرن، وایان لێکردوون خاسیەتی تاک لە خودێتی و تاکخۆبووندا وەربگرن لەناو کۆمەڵگادا، دەکرێت چەند تاکێک لە هەندێ خاسیەتی خودێتی و تاکخۆییدا هاوبەش بن، ئەمە لە چوارچێوەی کۆمەڵگا؛ یان دەوڵەتدا.. بەواتایەکی دی؛ ناسنامە گوزارشتە لە هەموو شتێکی هاوبەشی نێوان چەند تاکێکی ناو کۆمەڵێکی دیاریکراو کە وەک دەستەیەک لە بنیاتنانی چوارچێوەیەک بۆخۆیان کۆشش دەکەن و شەڕی بەردەوامی دەکەن لە ژیاندا، بۆیە لەڕێی ئەم تایبەتمەندیە بنیاتیانەیاندا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر ناسنامە هەیە:
١- کۆمەڵگا: کۆمەڵگا ژینگەی یەکەمی دروستبوونی ناسنامەیە، وەختی تاک لەدایک دەبێت؛ ئەو بارودۆخەی تیایدایە وەک خێزان و کۆمەڵگا و شوێنی ژیان و.. تاد، لە دروستبوونی ناسنامەی تاک لەڕووی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی ڕۆڵیان دەبێت.
٢- ئینتیما- لاگیری: ئەمەش لە ڕێگای ناسنامەوە تاک ئاراستە دەکات، کە لاگیری هەبێت بۆ شوێنی ژیان و خێزان و کۆمەڵگا و نەتەوە و ئایین و.. تاد، بۆنموونە تاک لاگیری هەیە بۆ وڵاتەکەی، کە ماف و ئەرکەکانی لەڕێی ڕێسا و دەستوور و یاساوە ڕێکخراون، بەمەش دەبێتە هاونیشتیمانی. بۆیە دەکرێت بڵێین: ناسنامە؛ هۆکارێکە بۆ چەسپاندن و بەرچاوخستنی لاگیری لەلای تاک و کۆمەڵگا.
جۆرەکانی ناسنامە:
ناسنامە؛ زۆر جۆری هەیە، بەڵام من لەچوار جۆردا دەیخەمە ڕوو:
١- ناسنامەی نەتەوەیی: ئەم ناسنامەیە؛ لاگیریی مرۆڤ دەستنیشان دەکات داخوا سەر بە چ نەتەوەیەکە.
٢- ناسنامەی نیشتیمانی: ئەم ناسنامەیە؛ گوزارشتە لە شوێنی لەدایکبوون، یان ئەو شوێنەی تێیدا دەژیت..
٣- ناسنامەی کولتووری و شارستانی: ئەم ناسنامەیە؛ پانتایی و دوورییەکی مێژوویی هەیە، بەجۆرێک؛ ڕەوشی ژیاری و بۆماوەیی بەگشتی و ڕۆشنبیریی خود وەدەر دەخات و گوزارشتی لێدەکات.
٤- ناسنامە؛ وەک پێناسەی خود/ تاک: ئەم جۆرە ناسنامەیە؛ ناسنامەیەکی ڕێکخراوە لەلایەن دامەزراوەی دەوڵەت بۆ هەر تاکێک، کە لە تابلۆیەکی بچووکی گیرفانی، زانیارییە کەسییەکانی لێ تۆمارکراوە.
پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە:
ئایا زمان بەتەنها گەیێنەر؛ یان گوێزەرەوەیەکی بێلایەنە و هیچ پەیوەندییەکی بەو ناوەڕۆکەوە نییە کە دەیگوازێتەوە؟.. یان بەپێچەوانەوە؟.. ئەگەر وەڵامەکەمان بەڵێ بێت کە زمان گەیێنەر؛ یان تەنیا گوێزەرەوەیەکی بێلایەنە؛ ئەوا پەیوەندی نێوان زمان و ناسنامە پەیوەندییەکی پچڕاوە، یاخود هیچ پەیوەندیەک نییە. یان پەیوەندییەکی لاوەکیە، پەیوەندییەکی پڕ ئەگەر و مەگەرە، پەیوەندییەکی کراوەیە، گریمانەییە، لەوانەیە هەبێ و لەوانەیە نەبێت. واتا پەیوەندییەکی بونیادی و پێویست و پەیوەست و گرێدراو نییە، واتا پەیوەندییەکی بە ڕێوجێ و تەحەکومی نییە. لەم کاتەدا پەیوەندیان وەکو ئەوە دەبێت کە شلەیەک دەکەیتە دەفرێکەوە. ڕەنگە هەنگوین بێت، ئاو بێت، شیر بێت یان شەربەت و... تاد، واتا هیچ پەیوەندییەک نییە، بۆیە گۆڕینی ناو هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ناولێنراودا ناهێنێت. بە تێڕوانینێکی تر؛ ئەگەر وەکو هەڵگرێک نەبێت وەکو دەفرێک کە شلەکە هەڵدەگرێت؛ ئەوا وەکو گەیێنەرێک وایە، وەکو وایەری کارەبا کە هیچ پەیوەندییەکی نییە، ڕەنگە ئەو وایەرە فافۆن بێت و ڕەنگە ئاسن بێت یان هەر شتێکی تر.. کە بە بەرگێکی پلاستیکی داپۆشراوە.
ئەدی ئایا پەیوەندیی نێوان ناسنامە و زمان چۆنە؟.. لە ڕوانگەی ئاوەز و بەها و پاشماوەی مێژوویی و بیروباوەڕ و چەمک و هەر ناوەڕۆکێکی تر؛ ئایا وەکو دەفر و ئاوە، یان وایەر و کارەبا؟.. یان بە پێچەوانەوە؟..
گومانی تێدا نییە کە زمان بێلایەن نییە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەی، واتا کەناڵێکی گرینگی ئەو ناوەڕۆکەیە کە هەیەتی، بۆیە دەڵێین پەیوەندییەکی بنیاتی و ئەندامی و ڕیشەیی و ڕەسەن لە نێوان زمان و ناسنامەدا هەیە.
لێکۆڵەران و زانایانی زمان، لە توێژینەوەکانیاندا کە لەنێوان زمان و ئاوەز، زمان و ناسنامە، زمان و کۆمەڵگا و تاد کردوویانە، پێیانوایە کە زمان بەشێوەی ئاسۆیی و ستوونی لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا بەیەکدادەچێت. بەو مانایەی کە زمان گوێزەرەوە و گەیێنەرێکی بێلایەن نییە، واتا ناکرێت نەتەوەیەک زمانی (أ) هەڵبژێرێ و دواتر زمانی (ب) و.. تاد. وەکو ئەوەی مرۆڤ پەرداخێک بەکاردێنێت و دواتر دەیگۆڕێت.. یان وایەری تۆڕی کارەبایی دەگۆڕێت، بەڵکو زمانی دایک لە ئەزەلەوە یەک زمانە و ناگۆڕێت، بەڵام دەکرێت لەپاڵ زمانی دایک؛ چەندین زمانی تر فێربیت و بزانیت، وەک ئەوەی لەپاڵ ڕەگەزنامە دایکی و ڕەسەنەکەت؛ دەکرێت ڕەگەزنامەی تریشت هەبێت، مەگەر ئەوەی کۆچ بکەیت بۆشوێنێک و دەستبەرداری هەموو شوناس و ناسنامە و ڕەگەزنامەی ڕەسەنت بیت و یەکێکی تر هەڵبژێریت، پاشان دوای چەندین نەوە؛ ڕەنگە نەوەکانت بشۆرێن و بەتەواوی داببڕێن لە ناسنامە ڕەسەنەکە و ببنە نەتەوەیەکی تر. بەڵام لەوانەیە هەر بڵێن لەبنەڕەتدا ئەو تیرەیە، یان ئەو بنەماڵەیە فڵان نەتەوەن لە بنەڕەتدا و بوونە ئەو نەتەوەیە..
دەکرێت بڵێم:
ناسنامە: هەستکردن و پەیبردنە بە خود.. ناسینی خود و کەسێتیە.. یەکێک لە بنەڕەتە هەرە بنچینەییەکانیشی زمانە.
ناسنامە: واتا هاتنەوەیە لەگەڵ ئاوەز و سروشت و ڕوخسار و هەستی مرۆڤ. ناسنامە؛ زمانە، زمانیش؛ جەستەی بیرو پەیکەری تێگەیشتنە. تێگەیشتنیش بنەمای هۆشیاری و پەیبردنی تاک/ خودە، خودیش ناسنامەی لەم ڕێگایەوە دەردەکەوێت.
ناسنامە و زمان، ڕەسەنێتی و نامۆیی:
نامۆیی؛ ئەو بارودۆخە دەروونیەیە کە خود تێیدەکەوێت لەناو کۆمەڵگاکەیدا، ئینجا لەناو خێزانەکەیەوە بێت یاخود بەرەباب، هۆز، کۆڵان، گوند، شار، وڵاتەکەی، لەوەی کە بە چاوێکی جیاواز سەیری دەکرێت و لە ماف و ئەرکەکانی بێبەش دەکرێت، دەگوشرێتە گۆشەیەک کە هیچ هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی و بوونی خۆی نەکات. بەجۆرێک لە ڕەسەنێتی ناسنامە و زمانەکەی دادەبڕێندرێت و بێبەش دەکرێت. زۆر جار؛ کە وڵات لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە داگیر دەکرێت، یان نەتەوەیەک دەکەوێتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی نەتەوەیەکی دیکە؛ ئەوا تاکەکانی هەست بە نامۆیی دەکەن، چونکە ناسنامە و زمانی ڕەسەنیان، کولتوور و دابونەریت و مێژوو و هەرچی هەیانە ژێرپێ خراوە و، کار دەکرێت تاکو لەناو ببرێت..
هەروەک نەتەوەی زاڵ، یان دەوڵەتی داگیرکەر؛ هەوڵ دەدات زمان و ناسنامەی نەتەوەی بندەست و دەوڵەتی داگیرکراو لاواز بکات وهەوڵی لەناوبردن و توانەوەی دەدات. دەکرێت بڵێین لێرەوە نامۆیی سەرهەڵدەدات، یان ڕەنگە نەتەوەیەک؛ خاوەنی چەندین شێوەزار بێت و شێوەزارێک زاڵتر بێت و شێوەزارو بێچووەزارەکانی دیکە بمژێت و لاواز دەربکەون لەهەمبەریدا، هەروەها دەکرێت دەوڵەتێک لە چەند نەتەوەیەکی جیاواز پێکبێت و چەند زمانێکی جیاواز هەبن، بەڵام زمانی زاڵ ئەوەیە کە خاوەنەکەی زاڵە و دەسەڵاتدارە، بۆیە نەتەوە و زمانەکانی دیکە؛ لەهەمبەریدا هەست بە نامۆیی دەکەن، کەواتە پەیوەندییەکی بنیاتی لە نێوان زمان و ناسنامەدا هەیە، لە کوێ نامۆیی زمان هەبوو؛ ئەوا ناسنامەش نامۆیە و بە پێچەوانەشەوە، چونکە زمان کۆڵەگەیەکی سەرەکی ناسنامەیە، بۆیە زمانی ڕەسەن و زگماک (زمانی دایک) بناغە و بنەڕەتی ناسنامە ڕەسەنەکەیەتی (ناسنامەی دایک). دەکرێت بڵێم کە دوو شێوە نامۆیی هەن؛ ئەویش:
١- نامۆیی سەپێندراو لە دەرەوە (لەلایەن نەتەوە و دەوڵەتێکی داگیرکەرەوە سەپێندرابێت).
٢- نامۆیی سەپێندراو لە ناوەوە (لە ماڵی خۆت، وڵاتی خۆت نامۆ بیت).
بەڵام جۆرەکانی نامۆیی زۆرن، بۆ نموونە نامۆیی نەتەوەیی، نیشتیمانی، ڕامیاری، ئابووری، ئایینی، کۆمەڵایەتی و کارگێڕی و.. تاد.
نامۆیی؛ سەرەتا لەلایەن (هیگل)ەوە بەشێوەیەکی ڕێک و پەیڕەوی قسەی لەبارەوە کراوە، بەجۆرێک کە بە باوکی نامۆیی ناسراوە، هەروەها بوونگەراکانیش زۆریان لەبارەوە گوتووە، بەتایبەت (فرۆید)، بەشێوەیەک؛ لە دوو ئاستدا بۆچوونیان لەبارەیەوە خستووەتەڕوو، ئاستی یەکەم: نامۆیی وا دەکات؛ مرۆڤ چێژی ژیان لەدەست بدات. ئاستی دووەم: نامۆیی ژینگەیەکە؛ هەندێ کەس تیایدا هەست بە کامەرانی و چێژ وەرگرتن دەکەن. هەروەها (کاڕل مارکس)؛ لەبارەی نامۆیی دەڵێت: ئەو بارودۆخ و کارە سەختانەی کە کۆمەڵگا سەرمایەدارەکان هێناویانەتە ئاراوە؛ نامۆیی کرێکاری لێ بەرهەم دێت.
ئەمەش بەهۆی بێبەشکردنیەتی لە توانا و دەرفەتی پێویست بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری، کەوا هەوڵی بۆ دەدات، بەم جۆرە کرێکار وای دادەنێت کە کەسێکی نامۆیە بەو ئامراز و کەرەستەی بەرهەمهێنانە، لەبەرئەوەی ناتوانێت بەهۆیانەوە بگاتە ئاسوودەیی و دڵداکەسان لەناو ئیشەکەیدا؛ چونکە ناتوانێت بەرهەمی ماندووبوون و کۆششی لە ئیشەکەی خۆی بچنێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە مارکس واتای نامۆیی لە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ هەڵدەهێنجێت. ئەم بۆچوونەش لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی ڕژێمی سەرمایەداری هەڵدەنێت، زیاتر بۆچوونێکی ئابووریانەیە. هەرچی (ئیریک فڕۆم) فەیلەسوف و زانای بواری زانستی دەروونییە؛ کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەت بە نامۆیی لە پەرتووکەکەیدا (کۆمەڵگای بێخەوش) دەخاتەڕوو، ئەو پێیوایە نامۆیی ئەو بارودۆخەیە کە تاک هەستی پێدەکات بەوەی کە خاوەنی ڕاستەقینەی وزە و سامانەکەی نییە، بەڵکو وا هەست دەکات بوونەوەرێکی لاوازە و دەبێت پشت بە هێزی دەرەکی ببەستێت کە دوورو نزیکیش پەیوەندی پێیانەوە نییە.
(جان جاک ڕۆسۆ)ش تووشی نامۆیی خودی بووە؛ لە وتارو پەرتووکەکانیدا (ڕەخنەکردنی شارستانی، دانپێدانانەکان و پەیمانی کۆمەڵایەتی).
ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین؛ دەبینین جیۆدیموگرافیاکەی دابەشی سێ نەتەوە و چوار دەوڵەت کراوە (عەرەب، تورک و فارس و دەوڵەتەکانیان)، بۆیە هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە کورد لەناوببەن، ئەمەش لەڕێی لێدان لە زمانی حاڵ و گوفتار بووە، هەتا لەم ڕێگایەوە ناسنامە ڕەسەنەکەی بشێوێنن و لەناوبەرن، بۆیە هەمیشە وەکو میللەتێکی داگیرکراو و بندەست ماوەتەوە لە مێژوودا. لە دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو، کوردستانی باشوور گەیشتە نیمچە ئازادییەک، بەتایبەت لەڕووی کولتووری و زمان و خوێندن و..تاد. کورد وەکو گەلێکی بندەست، هەمیشە لە نامۆییدا ژیاوە، کار لەسەر لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دانیشتووانی کراوە کە بە لاوازی دەربکەوێت و، هەمیشە پشت بەخەڵکی دیکە ببەستێت، هەروەک ناسنامە و زمانەکەشی بە نامۆ بزانرێت؛ لە هەمبەر ناسنامە و زمانی سێ نەتەوەی داگیرکەریدا کە عەرەب و تورک و فارسن، بۆیە دەبینین ناسنامە و زمانی سەپێندراو لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا زمانێکی نامۆ و ڕەتکراوە بووە لەلایەن کوردەوە، بەهەر نرخێک بێت نەتەوەی کورد هەوڵی پاراستنی زمانە ڕەسەنەکەی داوە وەک ڕاگرێکی سەرەکی بۆ پاراستنی ناسنامەکەی.
دەکرێت لە چەند دۆخێکدا ناسنامە و زمانی نامۆ دروست بێت، ئەویش بەسەپاندنیان بەسەر خود و نەتەوە و دەوڵەتی داگیرکراودا:
١- ناسنامە و زمانی بێگانە = نامۆیی
٢- ناسنامە و زمانی سەپێندراو = نامۆیی
٣- ناسنامە و زمانی داگیرکەر = نامۆیی
لە هەر دۆخێکدا هەست بە نامۆیی زمان کرا؛ ئەوا نامۆیی ناسنامەش هەیە، هەروەها خود لەنێوخۆشیدا دەکرێت هەست بە نامۆیی بکات و نامۆ بێت بە ناسنامە و زمانە زگماکە ڕەسەنەکەی خۆی، لەکاتێکدا پشتگوێ خراوە لەلایەن هاونەتەوە و هاونیشتیمانی و تا ئەوەی هاوخێزانیەکانیشی.
لە کۆتاییدا؛ دەڵێم: هیوادارم کورد بتوانێت بۆ تۆکمەتر پاراستنی ڕەسەنێتی ناسنامەکەی، هەوڵ بدات یەکگرتوو بێت و کار بکرێت بۆ چەسپاندنی بنەڕەتەکانی زمانی پاراو و ستاندارد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، کە زمانی نووسین و خوێندن و خوێندنەوە بێت لە هەموو کوردستاندا، بەڕێزگرتن لە هەر شێوەزارو بێچووەزارێك، ئەمەش سەرەتا بە نووسینی فەرهەنگێکی فراوانی هەمەلایەنە و داپۆشەر و لەخۆگری وشە و پەیڤ و دەستەواژە و هەموو شێوەزارەکان دەکرێت، ئەم ئەرکەش بەتایبەت لەڕێگای زانایان و شارەزایانی بواری زمان و ئەدەب دەکرێت، بەپشتیوانی هەموو تاکێک لەهەر کوێ بێت، چونکە ئەمە؛ پێگەیەکی زۆر گرینگ و سەرەکیە بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی بەهێز بۆ کورد و کوردستان، هەروەک ڕێز لە هەر زمان و ناسنامەیەکی دیکەی هاونیشتمانی و جیهانیش بگرێت.