یادەوەرییەكانی فیلمسازێكی ناوداری كورد
گفتوگۆ: كامەران سوبحان
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: یوسف مەنتك
پیاوێك بەخۆی و كتێبێكی گەورەی باوەشییەوە، لە (ستاندی كوردی) لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە فرانكفۆرت، پرسیاری دەزگای چاپەمەنیی كتێبی كوردیی دەكرد، دواتر كە خۆی ناساند، گوتی ناوی (ئێدی هوپشمید)ەو هاوڕێ و هاوەڵ و بەرهەمهێنەری یەكێك لە ناودارترین فیلمەكانی سینەماكاری بەناوبانگی كورد (یڵماز گوینەی) بووە.
ئێدی كەوتە گێڕانەوەی یادەوەری و چیرۆكە غەمگینەكانی خۆی و ئەو فیلمسازە كوردە كە ساڵی 1984 كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی ناوداری پاریس (پێر لاشێز) بەخاك سپێردرا. داوامان لێكرد دەرفەتی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیمان بداتێ لەسەر ئەو یادەوەرییانە. بۆ رۆژی دواتر، گفتوگۆیەكی درێژمان لەگەڵ سازكرد، خۆی گوتی ئەمە یەكەمجارە لەسەر (یڵماز گوینەی) قسە بۆ میدیایەكی كوردی دەكات.
رووداو: چۆن بوو پاش چەندین ساڵ لە كۆچی دوایی (یڵماز گوینەی) بیرت كردەوە جارێكی تر بگەڕێیتەوە بۆ لای یادەوەرییەكانی ئەو فیلمسازە و كارێكی دۆكیومێنتەریی لەسەر بكەیت؟
ئێدی هوپشمید: ئەوە بەسەرهاتێكی درێژە، بەڵام لەوێوە دەست پێدەكەم كە ساڵی رابردوو هەموو وێنە و دۆكیۆمێنتەكانم كۆكردەوە ئەوانەی پەیوەندییان بە (یڵماز گوینەی) هەبوو، بەپێی كات و شوێن و بەرواری وێنەكان هەموویانم رێكخست، چونكە لەڕاستیدا ترسم لە ونبوون و لەناوچوونیان هەبوو، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ نووسەر و سیناریستێكی ئینگلیزی كاری سینەماییم دەكرد، ناوی (پیتەر پالینسن) بوو.
پێكەوە دانیشتین بۆ ماوەی سێ رۆژ باسی یڵماز گوینەیم بۆ كرد. چۆن بوو، چۆن كاری دەكرد و ستایلی فیلمەكانی و ژیانی من چۆن بوو لەگەڵی... ئەوە جاری دووەم بوو لەگەڵی دانیشم، پێشتریش لە ساڵی 2001 بیرۆكەی ئەوەم بۆ باس كردبوو كە فیلمێكی دۆكیۆمێنتەری لەسەر ژیان و كاركردنی خۆم لەگەڵ یڵماز گوینەی پێكەوە دروست بكەین. ئەو نووسەر و سیناریستە بیرۆكەكەی زۆر بەدڵ بوو، لەبەر ئەوەی یڵماز گوینەی سینەماكارێكی بەناوبانگی جیهانییە. ئیدی رۆژانە چیرۆكە جیاوازەكانی خۆم لەگەڵ ئەو فیلمسازە كوردە بۆ ئەو دەگێڕایەوە، ئەویش هەموو قسەكانی منی تۆمار دەكرد.
بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە فیلمێكی باش دروست بكەین. دواتر من گەڕامەوە بۆ (زیوریخ) بۆ ئەوەی دەرفەت بدەمە (پیتەر پالینسن) دەست بە نووسینی سیناریۆی فیلمەكە بكات. دوای ماوەیەك بۆی باسكردم لە كوێوە و چۆن دەست بە فیلمەكەمان دەكەین و بیرۆكەكە گەیشتە ئەوەی دەست بكەین بەكاری جێبەجێكردن. كۆمپانیای فیلمی (C. Film) بڕیاری دا بەرهەمهێنەری فیلمەكە بێت، خۆیشم لەو كۆمپانیایە كارم دەكرد.
رووداو: فیلمەكە چۆن دەست پێدەكات و بە چی كۆتایی دێت؟
ئێدی هوپشمید: فیلمەكە لە زیندانی (ئەنقەرە)وە لە ساڵی 1976 دەست پێدەكات كە دادوەرەكە لە هۆڵی دادگا بڕیاری دادگا دەخوێنێتەوە، بڕیاری 19 ساڵ بەندكردن بۆ (یڵماز گوینەی) ساتێكی غەمگینە. دوای ئەوەی بە فیلمی (یۆڵ) لە ساڵی 1982 خەڵاتی (كان)ی سینەمایی وەرگرت، پاش خەڵاتەكە من دەگەڕێمەوە بۆ زیوریخ و (یڵماز)یش بۆ پاریس. ئەو رۆژە بۆ سەرجەم بەشداربووان رۆژێكی مێژووییە. بەمەش فیلمەكە كۆتایی دێت.
رووداو: تۆ یەكەمجار لەكوێ (یڵماز گوینەی)ت بینی؟
ئێدی هوپشمید: ساڵی 1979 فیلمی مێگەلی (یڵماز گوینەی)م بینی لە فێستیڤاڵی كان. دواتر ویستمان ئەو فیلمە، میوانداری بكەین بێتە سویسرا و لەوێ نمایش بكرێت، برادەرێكم لەگەڵ بوو، بۆ ئەو مەبەستە رۆیشت بۆ توركیا بۆ بینینی (گوینەی) و گرێبەستێكی لەگەڵ كرد بۆ هێنانی فیلمەكە بۆ سویسرا. دواتر لە مانگی 10ی ساڵی 1980 سەردانی یڵماز گوینەیمان كردەوە لە توركیا، بەداخەوە ئەو كات ئەو لە زیندان بوو.
لەژێر چاودێریی پۆلیسدا لە زیندان لەگەڵی دانیشتین و باسی ئەوەمان لەگەڵ كرد كە چۆن بتوانین لە داهاتوودا كاری سینەمایی پێكەوە بكەین. ئەوكات ئەو زۆر بێ تاقەت و بێ ئومێد بوو. بەڵام بڕیارەكەی ئێمەی پێ خۆش بوو. جگە لە فیلمی (یۆڵ) و (مێگەل) فیلمی (دوژمن)ی لە توركیا دروست كردبوو. هەرچەندە گوینەی خۆی زۆر دڵی بە فیلمی (دوژمن) خۆش نەبوو، چونكە كارە هونەرییەكانی خراپ كرابوون، بەڵام ئێمە پێمان گوت ماتریاڵەكانی ئەم فیلمە بنێرە خۆمان كاری دەنگ و مۆنتاژ و رەنگی بۆ دەكەینەوە. ئەوە بوو ناردی بۆمان و سەرلەنوێ مونتاژمان كردەوە و كارێكی ناوازەی لێ دەرچوو.
رووداو: دواتر كاركردنی هونەریی خۆت و یڵماز گوینەی چۆن دەستی پێكرد؟
ئێدی هوپشمید: من بە دیاریكراوی لەساڵی 1980 بۆ 1984 لەگەڵ (یڵماز گوینەی) كارم كردووە. ئەو 10 ساڵ لە من گەورەتر بوو. بێگومان ئەزموونێكی زۆری لەو بوارەدا هەبوو. نزیكەی 100 بەرهەمی هەبوو وەك ئەكتەر و دەرهێنەر و سیناریست، بەڵام من تەنیا چەند ئەزموونێكی كەمم هەبوو. ئیدی لەم سەرەتایەوە دەستمان كرد بە كاری هاوبەشی هونەری. لەسەرەتاشدا هەموو كەرەستە و سیناریۆی فیلمی (یۆڵ)مان لە توركیاوە هێنا بۆ سویسرا. ئەو كاتە فڕۆكەخانە زۆر توند بوو، بەڵام ئێمە توانیمان دەربازی بكەین و بیگەیەنینە سویسرا. هەر لەو كاتەدا بەهۆی ئەوەی زۆر نیگەران بوو، پلانمان هەبوو خۆی و خێزانەكەی دەرباز بكەین و بگاتە ئەوروپا.
رووداو: چیرۆكی دەربازكردنی لە توركیاوە بۆ ئەوروپا چۆن بوو، لەكاتێكدا ئەو لە زیندان بوو؟
ئێدی هوپشمید: (بەپێكەنینەوە)، ئەوەش داستانێكی درێژە. لە مانگی ئابی 1980 كە لە زیندان چەند رۆژێك وەكو پشوو بەبۆنەی جەژنەوە مۆڵەتی درابوو بگەڕێتەوە ناو خێزانەكەی، ئەوەمان بە دەرفەت زانی و توانیمان خۆی و هاوسەر و دوو منداڵەكەی بە جیا رزگار بكەین و هەمووشی لە یەك رۆژدا، خۆی لە رێگەی دەریای ئیجە، خێزان و هەردوو منداڵەكەشی بە ئۆتۆمبێل كە تابلۆی سویسری لێدرابوو.
پاش ئەوەی گەیشتینە سویسرا، رۆژی دوایی كارمان لە فیلمی یۆڵ كرد بەڵام گرفتێكمان هەبوو، ئەویش ئەوە بوو یڵماز گوینەی لە پۆلیسی ئینتەر پوڵ فەرمانی گرتنی هەبوو، دەبوو لەبەر ئەم هۆكارە زۆر بە نهێنی كار بكەین، لەڕێی رۆژنامەنووسانی توركەوە ئێمەیان دۆزییەوە و ناچار خۆمان شاردەوە و درێژەمان بە كارەكە دا. لێرەدا باسی ناكەم كە چۆن و بە چ رێگەیەك لە توركیا دەربازمان كرد. لە فیلمە دۆكیۆمێنتارییەكە و لەم كتێبەشدا بە وردی ئەوەم باس كردووە، با تامی گێڕانەوەكە بۆ خوێنەران و بینەران جێ بهێڵین.
رووداو: گەیشتە ئەوروپا و لە توركیا دەربازی بوو، چۆن دەستتان بە كار كرد؟
ئێدی هوپشمید: هەر لە رۆژانی سەرەتا كە گەیشتە سویسرا، دەستمان بە وێنەگرتن و كاركردن لە فیلمی (یۆڵ) كرد. بەڵام بەشێوەیەكی نهێنی و پچڕ پچڕ كارمان دەكرد. لە مانگی 10ی 1981 بۆ مانگی ئایاری 1982 كارە هونەرییەكانی فیلمەكەمان تەواو كرد.
رووداو: لەو كاتەدا كە لە ئەوروپا بوو، لە ژیانی خۆی نەدەترسا؟
ئێدی هوپشمید: بەڵێ زۆریش دەترسا، چونكە پۆلیسی ئینتەرپۆل بەدوایەوە بوو، بۆی دەگەڕان. تەنانەت بۆ بەشداریمان لە فێستیڤاڵی كان، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ گوتی: من دەتوانم تەنیا رۆژانی فێستیڤاڵ (یڵماز گوینەی) بپارێزم ، ئەوەشی كرد.
رووداو: ئەی پاش ئەوە چۆن توانی ژیانی خۆی و خێزانەكەی لە ئەوروپا مسۆگەر بكات؟
ئێدی هوپشمید: دواتر بەهەوڵێكی زۆر دۆسییەكەمان گەیاندە سەرۆك فرانسوا میتێران، سەرۆكی ئەوكاتی فەڕەنسا و چەند سیاسەتوانێكی تری فەرەنسی، ئەوان داكۆكییان لێكرد و مافی ژیانیان لە فەرەنسا پێدا.
رووداو: ئێستا فیلمە دۆكیومێنتەرییەكەت گەیشتووەتە كوێ؟
ئێدی هوپشمید: پاش چەندین ساڵ هەوڵ و كۆشش بۆ پەیداكردنی بودجە و كەرەستەی پێویست، لەڕاستیدا نەتوانرا ئەم فیلمە بەرهەم بهێنرێت لەبەر بودجەی پێویست، منیش بڕیارم داوە هەر دەبێت شتێ لەسەر (یڵماز گوینەی) بكەم. بۆیە بەناچاری بیرۆكەكەم گۆڕی و لەبری ئەو فیلمە بە كتێبێكی گەورە و پڕ زانیاری، ئەو مێژووە دەگێڕمەوە. ماوەی زیاتر لە ساڵێكە كتێبەكەم تەواو كردووە و ناوم ناوە (یۆڵ- رێگەیەك بەرەو تاراوگە).
رووداو: بۆ بیرتان لەوە نەكردەوە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بازرگانی ئەو فیلمە دروست بكەن، بەتایبەتی كە كۆمەڵێ بازرگانی گەورە و كۆمەڵێك فیلمسازی بەناوبانگی توركیا ئێستا لە ئەوروپا دەژین؟
ئێدی هوپشمید: لەڕاستیدا هەموو رێگەكانمان تاقی كردەوە، بەڵام هیچمان دەست نەكەوت. هەموو هەوڵەكانی خۆمان خستە گەڕ لە وڵاتانی فەڕەنسا و سویسرا و ئەڵمانیا بەدوای پارە و بودجەدا. لە زۆربەی شوێنەكان هاوكارمان نەبوون. بە ناچاری و بەهۆی نەخۆشییەوە من لە فیلمەكە هاتمە دەرەوە و وازم لێ هێنا.
بەڵام رۆژێك ئەم بەسەرهاتەی من لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی فیلمی (یڵماز گوینەی) لە رۆژنامەیەكی ئەڵمانی بڵاوبووەوە. دەرهێنەرێكی بەڕەگەز تورك بەناوی (فاتیح ئاكین) پەیوەندی پێوە كردم و گوتی من لەو سیناریۆیە كار دەكەم. منیش بۆم نارد و بڕیار بوو وەڵامم بداتەوە، لەو رۆژەوە بۆم ناردووە تا ئێستا بێ دەنگە و هیچ وەڵامێكم دەست نەكەوتووە.
رووداو: تەواو؟ لێرەدا ئەو چیرۆكەت لەگەڵ ئەو فیلمە دۆكیۆمێنتەرییە كۆتایی دێت؟
ئێدی هوپشمید: نەخێر، ساڵی رابردوو ئەم بیرۆكەیە هەر لە مێشكمدا بوو، بۆیە جارێكی دیكە گەڕامەوە بۆ ئەو ئەرشیف و یادەوەرییانەی لەگەڵ (یڵماز گوینەی) تۆمارم كردوون. لە نێوان ئەوەی فیلمێكی دۆكیۆمێنتەری یان كتێبێكی مێژوویی و وێنەیی لەسەر بڵاوبكەمەوە، دووەمیانم هەڵبژارد و لە ئەرشیڤی خۆمدا نزیكەی هەزار وێنەم دیاری كرد هی كاتی وێنەگرتن و كاركردن لەگەڵ گوینەی بۆ ئەوەی كات و مێژووی وێنەكان و چیرۆكەكانیان بنووسمەوە. لەو ژمارەیەش جارێكی تر نزیكەی (80) وێنەی زۆر تایبەت و نەبینراوم هەڵبژارد.
دەتوانم بڵێم 80 وێنە و 80 چیرۆك و80 بەسەرهات لەو كتێبەدا لەدایك بوون. رۆژانە كارم لەم پرۆژەیەدا دەكرد تا بەڕێكەوت نووسەر و سیناریستێكم لە زیوریخ ناسی كە لە (فلیكس ئەپڵ) وەك راوێژكاری سیناریۆ كار دەكات. باسی ئەو پڕۆژەیەی خۆمم بۆ كرد، پەیمانی دامێ هاوكاریم بكات، منیش هەموو كاتێ كە بەشێكم دەنووسی بۆم دەنارد و سەرنجی خۆی بۆ دەنووسیم و دەستكاریی دەكرد و بۆی دەناردمەوە. تا لەمانگی نیسانی 2016 هەموو كتێبەكەی پێكەوە بینی. لەمانگی 9ی ئەمساڵ كتێبەكە تەواو بوو بە هەموو وردەكارییەكانییەوە، دەزگای بەناوبانگی چاپەمەنیی كتێب لە سویسرا (Publishing Partuers Gw 6 H) بڕیارە لە مانگی كانوونی دووەمی 2017 بە زمانی ئەڵمانی بڵاوی بكاتەوە، بەو بۆنەیەشەوە لە 28/1/2017 لە پاریس لە ئینستتیوتی كوردی لە پاریس سیمینارێك بۆ كتێبەكەم ساز دەكرێت.
رووداو: گۆڕینی بیرۆكەی ئەم فیلمە بە كتێبێك، ئایا دەتوانێت هەمان ئامانج بپێكێ كە تۆ بیرت لێ كردبووەوە؟
ئێدی هوپشمید: نەخێر ناتوانێ، بەڵام بە ناچاری ئەو كارەم كرد، ئەم كتێبە كە بە وێنە و نووسینە، دەمەوێت بە هەر سێ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و كوردی چاپ بكرێت. بایەخی ئەم كتێبە لەم رۆژگارەدا لە دوو لایەنەوەیە:
یەكەم: گەڕانەوەیەكە بۆ ئەو مێژووەی توركیا، بۆ ئەوەی بڵێم لەو سەردەمەوە بۆ ئێستا لە رووی ئازادییەوە لە توركیا چی گۆڕاوە و، دووەم: ئەو قۆناغەی توركیا كە یڵماز گوینەی تێدا بووە، لەگەڵ ئەم رەوشەی ئێستای توركیا كە ماوەكەی نزیكەی 30 ساڵە، هەمان رەوشە بە روخسار و كەرەستەی جیاوازەوە دووبارە دەبێتەوە.
رووداو: چۆن بوو هاتی بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە فرانكفۆرت؟
ئێدی هوپشمید: كە زانیم پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە فرانكفۆرت هەیە و لەو پێشانگەیەشدا بەشی كتێبی كوردی هەیە، هاتم ویستم بزانم ئایا دەزگایەكی چاپەمەنیی كوردی هەیە بتوانێت ئەم كتێبە مێژووییە لەسەر بەشێكی ونبووی مێژووی سینەما و كولتووری نەتەوەكەیان چاپ بكەن؟
رووداو: ئەی هیچ دەزگایەكی چاپەمەنیی كتێبی كوردیت بینی، تا رێكبكەون و ئەو كتێبە وەربگێڕنە سەر زمانی كوردی؟
ئێدی هوپشمید: بەداخەوە كە هاتمە ستاندی كتێبی كوردی، بینیم زۆر هەژار و چۆڵ و لاوازە. كە قسەم لەگەڵ هەندێ كەس لەو بەشە كرد، گوتیان بەهۆی تەنگژەی ئابوورییەوە لە كوردستان نەمانتوانی لەوە زیاتر بەشداریی ئەم چالاكییە نێودەوڵەتییەی كتێب بكەین. هیچ دەزگایەكی كوردیش نەبوو، ئامادە بێت ئەم كتێبە بكاتە كوردی و بڵاوی بكاتەوە.