مەرگی عاشق و مەرگی نووسەر

لەناکاو ڕۆژێ، ژینم دوایی دێ
بەڵام تا لەنێو
یاد و خەیاڵی، تۆدا زیندووبم
وەک ئەوە وایە، هێشتا هەر بژیم
وەک جاری جاران، هەر پێکەوەبین،
کە سەر لە ڕۆخی، زەریاکە دەدەی 
لەوێ من لەنێو، شەپۆلەکاندام
بەهاران دەستت، لە نێو دەستمایە
لە گوڵەکاندام
لەنێو سترانی، باڵندەکاندام
لەنێو فڕینی پەپوولەکاندام،
لە چاوەکانت، فرمێسکێ بڕژێ
من لەناویدام
لە هەر دڵۆپە، بارانێکیشدام
کە دەنووک بدا، لە پەنجەرەکەت 
لەنێو هەر کولوە، بەفرێکیشدا هەم
کە بەبەر چاوی، تۆوە ببارێ
هەر گۆرانییە، گوێی بۆ ڕادێری
من لەناویدام
هەتا لە یادی، تۆدا زیندووبم
مەحاڵە بمرم.


ئەم شیعرە کە دیار نییە کێ نووسیویەتی و لە سوێدییەوە کردوومە بە کوردی، قارەمانەکەی هەرچەندە مردووە، بەڵام چونکە لە یادی ئەویندارەکەیدا دەژی، هەر خۆی بە زیندوو دەزانێت. ڕەنگە بایەخدان بە شیعرێکی وا کە هەم نووسەرەکەی نەناسراو بێت و هەم قارەمانەکەیشی مردبێت، ماددەیەکی باش بێت، بۆ ڕێزلێنان لە یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی رەخنەگری پۆست ستروکتورالیست: ڕۆڵان بارت (1915 – 1980) کە خاوەنی تێزی مەرگی نووسەرە.

ڕەخنەگر ئازادە بە کام مێتۆد دەقێک دەخوێنێتەوە، ئاخر بۆ هەڵسەنگاندنی دەقێک چەندان ڕێبازی ڕەخنەیی هەن، لەوانە: دیرۆکخوازی، کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، بونیادخوازی، هەڵوەشاندنەوەخوازی، فۆرمالیستی و فێمینیستی. ئیشکردن لە  ناوەوەی دەقدا، بایەخنەدان بە هیچی دیکە لە دەق بەولاوە و گوێنەدان بە ژیاننامەی نووسەرەکەی، سەرەتاکەی بۆ هەوڵەکانی فۆرمالیستە ڕووسەکان دەگەڕێتەوە. ئەوەی کە بارت باسی مەرگی نووسەری کردووە، ڕەنگە هەر درێژەپێدانی ڕێبازی فۆرمالیستەکان بێت، ئاخر لای )بارت)یش کە دەق دەخوێنینەوە، نووسەرەکەی لە گۆڕێ نییە، تەنیا تێکستێک لە ئارادایە و خوێنەرێکی چالاک.

دەق ئەوە نییە کە نووسەرێک دەینووسێت و تەواو، کاتێک دەبێت بە دەق کە خوێنەران دەیخوێننەوە، بەشداری لە نووسینەوەیدا دەکەن، لێکی دەدەنەوە، کۆدەکانی دەشکێنن، بۆشایییەکانی پڕ دەکەنەوە و نەگوتراوەکانی دەڵێن. دەق بوار بۆ خوێنەر جێ دەهێڵێت، بەگوێرەی پاشخانی مەعریفیی خۆی، بەشداری لە نووسینەوەیدا بکات. ئەو چەشنە لە دەق بە نەمریی دەمێنێتەوە، کە پێوەندییەکی دیالێکتیکی بە خوێنەرەوە هەبێت، هەم کاریگەرییەتیی لەسەر خوێنەر هەبێت، هەم خوێنەریش کاریگەرییەتیی لەسەر دەقەکە هەبێت. 

هەقە ئەوەیش بڵێم، هەر چییەک بڵاو کرایەوە، دەق یان شیعر نییە، ئاخر زۆر لەو نووسراوانەی بڵاو دەکرێنەوە، لە وڕێنە بەولاوە هیچی دیکە نین. تەمومژێکی تەنک ڕووی دەقی شیعری دادەپۆشێت کە زادەی قووڵییە، بەڵام ئاڵۆزی، لە ئەنجامی ئاستنزمییەوە  سەرهەڵدەدات. وەک چۆن جەنەڕاڵ هەیە، چەندان مەدالیا بەرۆکی ڕازاندووەتەوە، هەرچەندە  لە نسکۆ زیاتر، هیچ سەرکەوتنێکی تۆمار نەکردووە، نووسەریش هەیە، چەندان ڕۆمانی بڵاو کردووەتەوە، بێ ئەوەی یەکێکیان بکەونە خانەی دەقی ئەدەبییەوە.

دەق چونکە بۆ خوێنەر دەنووسرێت، یەکێک لەو هۆکارانەی نەمریی بۆ دابین دەکات، ئەوەیە بوار بۆ بەشداری پێکردنی خوێنەر، لە سەرلەنوێ نووسینەوەیدا بڕەخسێنێت، ئاخر خوێنەریش لە ڕوانگەی خۆیەوە، دەقەکە بەرهەم دەهێنێتەوە. دەقێک کاردانەوەی خوێنەری بەدوادا نەیەت، ناکەوێتە خانەی داهێنانەوە، چونکە دەقی نەمر دەقێکە، چێژی لێ وەربگرین و وەک ئەرەستۆیش لە هونەری شیعردا باسی کردووە، هێندە کاریگەر بێت، بەشداری لە پاکژکردنەوەی ناخماندا بکات.

دەقی ئەدەبی مانایەکی نەگۆڕی نییە، ماناکەی وابەستەی لێکدانەوەی خوێنەرە، ئەو خوێنەرەی توانا و سەلیقەی ئەوەی هەیە، بە ناخی تێکستەکەدا شۆڕ ببێتەوە و چێژی لێ وەربگرێت، ئەو خوێنەرەی هەم بکەوێتە بەر کارلێکی دەقەکە و هەم کاریگەرییەتی لەسەر دەقەکە جێ بهێڵێت، ئەو خوێنەرەی توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییانەی هەبێت، نووسەر بۆ سەلیقەی خوێنەری جێ هێشتوون. دەقی ئەدەبی بۆ ئەوەی هەبوونی خۆی بسەلمێنێت، پێویستی بە خوێنەرێکی داهێنەر هەیە کە بتوانێت بە هۆشیارییەکی فراوان و قووڵەوە بیخوێنێتەوە، توانای هەڵبەستنی پردی لە نێوان خۆی و دەقەکەدا هەبێت، دەرک بەوە بکات لە دەقەکەدا زمان چۆن وەگەڕ خراوە و هەر وەرگر نەبێت، بەرهەمهێنیش بێت.

سەروەختی خوێندنەوە ئەوە تەنیا دەقەکە نییە، کار دەکاتە سەر خوێنەر، خوێنەریش کار دەکاتە سەر دەقەکە. کارلێکی خوێنەر لەسەر دەقەکە کاتێک بە دیار دەکەوێت کە خوێنەر بە پشتبەستن بە پاشخانی ڕۆشنبیریی خۆی، دەقەکە شی دەکاتەوە و پەی بە نهێنییەکانی دەبات. خوێنەر کەسێکە دەرک بە تایبەتمەندییەکانی دەق دەکات و دەیشزانێت دەقەکە سەر بە کام ژانر و کام ڕێبازی ئەدەبییە. خوێنەر کە دەق لێک دەداتەوە، لێکدانەوەکەی خۆی، بە دوا لێکدانەوە نازانێت و لێکدانەوەی ئەوانی دیکەیش لەبەر چاو دەگرێت، ئاخر دەزانێت بەندکردنی دەق لە بازنەی یەک لێکدانەوەدا، کوشتنی دەقە.

وەک چۆن نووسەر دەقێک دادەهێنێت، خوێنەریش سەرلەنوێ هەمان دەق لە گۆشەنیگای خۆیەوە دادەهێنێتەوە، چونکە دەق بەر لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی خوێنەر بۆی، وەک جەستەیەکی بێ گیان وایە، ئەوە خوێنەرە لە ڕێی خوێندنەوەی بەرهەمهێنەوە، لە داروپەردووی دەقە ئۆرگیناڵەکە، دەقێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت و گیانی بەبەردا دەکات، ئاخر دڵی دەق تەنیا بە هۆی خوێندنەوەوە دەکەوێتە لێدان.

دەقی زیندوو، یەقینێک ناسەپێنێت، ئەگەر هەڵگری فیکرێکیش بێت، فیکرێکی پێیە پرسیار و گومان دەورووژێنیت. ڕۆلان بارت دیسکۆرسێکی هێنایە گۆڕێ کە پرسیاری بەرهەم دەهێنا. سیمۆلۆگیا کە وێڵی دوای مانا و هەموو ئەو ڕەگەزانەیە مانا پێک دەهێنن، یەکێکە لەو بوارانەی بارت تێیدا چالاک بوو. مانا دوو لایەنی هەیە، دال لایەنە ماددییەکەیەتی و مەدلوول لایەنە زەینییەکەی. بارت دژی داوەرییە تیۆرییە پێشوەختە حازربەدەستەکان بوو، لەنێو دەقدا بۆ مانا دەگەڕا و بایەخێکی زۆری بە خوێنەر دەدا، ئاخر پێی وابوو، دەق بە هۆی خوێنەرەوە گەشە دەکات و گەورە دەبێت، چونکە ئەوە خوێنەرە سەرلەنوێ دەینووسێتەوە. ڕەخنەی ئەدەبی پێش بارت بایەخێکی زۆری بە نووسەر دەدا، ئەوە ئەو بوو، جاڕی مەرگی نووسەری دا و بەها و شکۆی بۆ دەق و بۆ خوێنەر گەڕاندەوە و دەیگوت: ئەوە خوێنەرە هەم مانا بە دەق دەبەخشێت و هەم چێژیشی لێ وەردەگرێت.

25ی دێسەمبەری 2015
هەولێر

 (١) محمد یوب، نڤریە التلقی والتأویل.
(٢) خیری منصور، شعرا‌و بلا قصائد.