گیرفانێکی خاڵی و ناخێکی داڕماو...
کە بیرت لەلای سێ مانگ کرێی خانووی نەدراوت بوو، بەری چاوت لێڵ دەبێ و هەموو دەموچاوێ بە دەموچاوی خاوەن ماڵەکەت دێتە بەرچاوت...
کە منداڵەکەت بە کەساسییەکەوە سەری بەرز دەکاتەوە و لێتدەڕوانێ.... زۆر باش دەزانیت داوای چیت لێ دەکات... بەڵام گیرفانە خاڵییەکەت، ناچارت دەکا سەری خۆت شۆڕکەیت و ئارەقەیەکی سارد لاملت تەڕدەکا....
کە کوڕ و کچی هاوڕێیەکت، خزمێکت زەماوەند دەکات و داوەتنامەت بۆدێ... زۆر دڵخۆش دەبیت کە یەکێ لە ئاواتەکانی دۆستانت هاتووەتە دی... بەڵام گیرفانە لەعنەتییە خاڵییەکەت رێنادا خۆشییەکەت تاسەر بێ و خەجاڵەت و چاوبەرەوژێری هەموو لایەکت دەکا، چۆن ناتوانی بەدڵی خۆت دیارییەکی شایستەیان پێشکەش بکەی...
کە لەنێو بازاڕدا هاوسەرە رەشپۆشەکەی هاوڕێ پێشمەرگە شەهیدەکەت دەبینی خەریکە هەندێ لە قەرزی دوکانداران بداتەوە و، هەرچەندی دێنێ و دەبا.. تیا نابێ... ئیدی بەشەرمەوە روو وەردەگێڕێ و بەرەو رووت دێ هانات بۆ بێنێ.... تۆش لەو هەزار دینارەی پێتە و نرخی تەنیا چوار دانە نانە، زیاتر شک نابەی... ناچاری خێرا خۆت ونکەی ... وەک ئەوەی هەرگیز نە دیبێتت و نە بیناسی ... وندەبی ... نغرۆ دەبی وەک ئەوەی هەرگیز نە بووبێتی و نە بشبیت ........ سەد نەفرەت لەو رۆژەش دەکەی کە تێیدا لەدایک بووی ....
کە دراوسێکەت، پیکاب لە بەردەرکەیان رادەگیرێ و بە دوو زەلامی کۆنە کڕ، سەلاجە شڕەو تەلەڤیزیۆن و نیو تاقمە قەنەفە کۆنەکەیان باردەکەن و دەڕۆن .... لە دوورەوە پایسکیلی منداڵەکەیان دەبینی بەلایەکی پیکابەکەدا شۆڕبۆتەوە و منداڵی بێ چارەش بەگریانەوە تا ئەوسەری کۆڵان دوای پیکاب دەکەوێت و پێ ڕانەگا ..
کاتێ کە ... پیکاب و پایسکیل و خەونی منداڵی ، هەرسێک پێکەوە تا ئەبەد لەبەرچاوت وندەبن .. کاتێ کە لە تێزابی شەرم و ناچاریدا دادەڕزێیت ... کاتێ کە شکۆ و شەهادە و زانست و بەهرەکانت بارتەقای ژەمێ خواردنی خێزانەکەت نەبن....
کاتێ کە کات.. ( نە .. کاتە) و هیچت بۆ ناکات ... تەمەن ژەهرە و شەرم رێی هاواریشت پێ نادات ... لەو کات و ساتەدا، بوومەلەرزەیەک بە پلەی ( نۆ ئاخ لەسەر پێوەری داخ ) لەناخەوە مرۆڤبوونت دەهەژێنێ و خاپوورت دەکا.... کۆشکی ئومێد و هیوا رەنگاڵەییەکانت هەپرون بە هەپرون دەکا ...