تراژدیی کۆڵبەری لە ژیانی مندا!

بیستبووم کە کۆڵبەری چەندە پڕمەترسییە و چەندە دژوار! لە زانکۆی پەیام نووری مەریوان خەریکی خوێندن بووم؛ وانەی زمانی کوردیشم دەگوتەوە، بەڵام تێچووم زۆر بوو، بۆیە هەرتاوێک و ڕووم دەکردە تیکە کارێک کە هەم بەشی مەزاخی ڕۆژانەم بکات و هەم بە زانکۆ و کاروبارەکانیشم بگەم. ئەوەش بە تەنها من وا نەبووم؛ زۆربەی ئەو هاوڕێیانەی کە لە زانکۆ خەریکی چالاکیی خوێندکاری بوون، دەبووا خەریکی ئیشکردنیش بوایەن؛ کە بەهۆی نەبوونی کاری شیاو و بەکەڵک، چەند کەسێکمان ڕوومان هێنابووە کۆڵبەڕی. 

کۆڵبەری بۆ هیچ بنەماڵەیەکی شارێکی سەرسنووریی وەک مەریوان نامۆ نییە. زۆرێک لە کەسوکارم ئەو کاتانەی من منداڵ بووم، بۆ بژێویی ژیانیان ڕوویان لە کۆڵبەری کردبوو. تەمەنم 10 ساڵان بوو، باوکم دەبووا بە ڕۆژ بچێتە بەردەستی وەستایەک هەتا فێری ئیشەکەی بێت و بە شەویش لەگەڵ برا و خزم و ڕفیقەکانی دەچوو بۆ کۆڵبەری. 

لەو تەمەنەدا کاتێک باوکم بە نیوەشەو دەهاتەوە و بە بزەیەکەوە دەیگوت:ئەمشەو سێ جارمان کردووە! (مەبەستی ئەوە بوو سێ جار باری لەمسەر بۆ ئەوسەر گواستووەتەوە) جاری واش بوو تەنها هەناسەیەکی هەڵدەکێشا و بڕێجاریش جنێوی دەدا. ئەو کاتانەی من پڕبوو لە چیرۆکی ڕاکردن و گیران و بەخیرەت بوون و نەبوونی کەسەکان کە چۆن لەو تاریکییەدا و لەناو شەوی ئەنگوستەچاودا لە تەنیشت فڵانە پاسگا تێپەڕیون؛ یان فڵانە شوێن کەمین بووە و کێ کەسەکانی تری ئاگادار کردووەتەوە؛ بەگشتی بۆ منی منداڵی ئەو کاتە، هەزارەها فیلمی سینەمایی دەژیا کە لەگەڵ هەر بەسەرهاتێکیدا چاوم زیت دەبووەوە و قارەمانێتی باوکم و کەسەکانی ترم تێدا دەدیت. 

هەتا وردە وردە هاتمە تەمەنی لاوێتی و هەمدیسان لە قوتابخانە چەند هاوڕێیەکم دەچوونە کۆڵبەری و ئەم خولیایە لە زەینی مندا تەنها وەک خەو، وەک خەیاڵێک مابووەوە. زۆر جار باوک و وانم دەچوونە پرسە؛ پرسەی ئەو کۆڵبەرانەی کە لەسەر سنوور بە گوللە دەکوژران، یان لە تاو ڕاونان و وەدووکەوتنیان بەر ڕێگای مینڕێژکراو دەکەوتن. بۆیە من هەمیشە کۆڵبەریم وەک ئیش و کارێکی گشتیی خەڵک دەبینی، لەبەرئەوەی هەر بنەماڵەیەک و یەک یان چەند کەسیان کۆڵبەرییان کردبوو. لە قوتابخانە هاورێکانم بە هۆی دەستەنگی خەریکی کۆڵبەری بوون. زۆربەی ئەو قسانەی لە کاتی کۆبوونەوەمان لە حەوشەی قوتابخانە دەکرا، گێڕانەوەی چیرۆکی شەوانەی ئەوان بوو لە باشماخ و بایەوە و بناوەسووتە و... هەموو کەس دەیزانی شوێنی وەستان و سوارکردن و دابەزاندنی کۆڵبەرەکان لە کوێیە، هەر بەو جۆرەی دەمانزانی نەخۆشخانە و ژاندارمری و فڵانە مزگەوت لە کوێیە! دەمانزانی  کۆڵبەرەکان شەو لە کام شەقام چوار پێنج کەسی، سەیارەکان سواریان دەکەن و لە کوێ دایاندەبەزێنن. 

بەسەرهاتەکانیان، قسە خۆشەکانیان وەکوو بیرەوەری سەردەمی سەربازی و زانکۆ بۆ یەکتر دەگێڕایەوە. ئەو ساڵانەی لە دواناوەندی بووم، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ چوومە ژووری کۆڵبەریی یەکێک لە مامەکانم لە ئاوایی باشماخ. دێهاتێک تەنها ئەسپ و هێسری لێ بوو؛ هەر ژوورێک و چوار پێنج کەسی لێ دەژیا. هەموو شتێکی ناو ژوورەکە مێشی لێ نیشتبوو، پیسوچەپەڵ، تا حەز بکەی بۆنی سەنیر لەو ژوورە دەهات. منداڵێکی لێ بوو ناوی هادی بوو، چەتوون، باڵا بچکۆل بەڵام دەمپیس و ڕوودار؛ پێشتر پێکەوە لە یەک قوتابخانە بووین، ئەو لە من منداڵتر بوو، پێم سەیر بوو کە چۆن لێرە خەریکی وڵاخدارییە و من نەمزانیبوو! هادی شەوەکەی لە یەکێک لەو کوڕانە دەپاڕایەوە کە بهێڵن ئەمشەو خۆی ئەسپەکەی ببات. پێیوابوو بەو شێوەیە بەغیرەتبوون و پیاوبوونی دەسەلمێنێ. هادی باوکی نەبوو؛ منداڵێکی هەتیو؛ بە منداڵی خاڵێک خوێن کەوتبووە مێشکییەوە. لە قوتابخانە زۆربەی منداڵەکان لێی دەترسان، تەنانەت ئەوانەش کە لە خۆی گەورەتر بوون. باجی لە هەمووان دەسەند؛ هادی نوێنەری منداڵی ئەوکاتی قوتابخانەکەمان بوو، قوتابخانەی گەڕەکەکانی تەکێ و دارسەیران و کەمەربەندی! من و هادی هاوڕێ نەبووین، بەڵام پێشتر کە زۆر منداڵتر بووین، پێکەوە ڕۆیشتبووین بۆ شەڕە کۆڵان. ئێمە منداڵانی کەمەربەندی بۆ منداڵانی گەڕەکی چوارباخییەکان.

لەوێ من بەشێکی دیکە لە هادیم بینی: هادیی سەرسنوور و شەوانی بەر پاسگام بینی. هاوڕێی زۆرم خەریکی کۆڵبەری بوون؛ یەک لەو هاوڕێیانەم باوەژنی هەبوو، باوکیشی تێچووی بۆ دابین نەدەکرد بۆیە دەچووە سەرسنوور و دوای ماوەیەک ئیتر نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات. ناوی سەیوان بوو؛ هەمیشە بۆ هەر کارێک کە نەختێک بوێری پێویست بووایە ئەو یەکەم کەس بوو؛ بەتەواوی ڕاستگۆ. سەیوان دوو برا و سێ خوشکی تری هەبوو کە لە لای دایکی خۆیان دەژیان، بەڵام ئەوانیش ژیانیان زۆر بە دژواری تێدەپەڕاند. ماڵیان لە بەرزترین شوێنی شار بوو، ئەوێ کە ئاوی پێ نەدەگەیشت و ئەوەندە بەرز بوو خەڵک زستانان بۆ خلیسکێن دەچوونە ئەوێ. من پێم خۆش بوو ئەو جۆرە لە ژیانی هاوڕێکانم تاقی بکەمەوە. هەمیشە پەلم بۆ ئەزموونەکان هاویشتووە و خۆمم تێخستوون. ئاشقی ئەزموونکردن بووم؛ بەتایبەت ئەزموونی مەترسییەکان. منی ئەو تەمەنە پێم خۆش بوو بزانم بە شەودا ڕۆشتن بە ترس و دڵەڕاوکێ بەناو ئەو دەوەنانەدا یانی چی؟ چ هەستێکی هەیە؟ پێم خۆش بوو بکەومە مەترسی و ڕاکەم و دواجار وەک ئەوان باسی چیرۆکەکانم بگێڕمەوە! بەڵام باوکم بە هیچ شێوەیەک ڕازی نەدەبوو بچمە کۆڵبەری. پێم سەیر بوو؛ ئەی خۆت بۆ ئەو چەند ساڵە دەڕۆیشتی؟! پێموابوو ئەو بە حەزی خۆی کۆڵبەری هەڵبژاردبوو!

هاوڕێیانی کۆڵبەری زانکۆم نزیکترین هاوڕێی خۆشی و ناخۆشیم بوون. ئێمە سێ کەس بووین پێکەوە. هەموو کات؛ بەڵام لە مەرز(دەڵێم مەرز لەبەر ئەوەی کۆڵبەرەکان دەڵێن مەرز).. "مەرزەکە دوو نەفەر" ئەمە هەموو منداڵێکی ئەم شارەی ئێمە بیستوویەتی و هەمیشە وێردی سەر زمانمان بووە. تەنانەت بە دیوارەکانی ئەم شارەشەوە نووسراوە. شۆفیری ماشینەکان دەیانقیڕاند: مەرزەکە دوو نەفەر. یەک لەو سێ کەسەمان لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی ترمان کە ئەوان لەمێژ بوو کاری کۆڵبەریی گازوایلیان دەکرد شەریک بوو. من و هاوڕێکەی ترم پێکەوە کارمان دەکرد. ئەم کۆڵبەرییەی ئێمە لەگەڵ کۆڵبەرییەکانی سەردەمی باوکم و بناوەسووتە زۆری جیاواز بوو. شا و گەدا بوو. ئێمە شا! ئێمە تەنها بە ڕێگەی ناو سنووری خودی باشماخدا تێدەپەڕین، بە درێژایی نزیکەی دوو کیلۆمەترێک. لەمدیوی تەلبەندەکە دەبەکانمان لە کەسەکان دەگرت و یان دەمانخستە سەرشان یان بە دوو دەست هەڵمان دەگرتن. بڕێکمان هەم دەبەمان لە کۆڵمان دەنا و هەم بە دەستیش هاوکات دەبەی ترمان هەڵدەگرت. 

دەبوو لە تەلبەندەکە تێپەڕین و لە پەنادیوارەوە خێرا بڕۆین و چاویش بگێڕین ماشینی پاسگاکە نەیەتە خوار و بمانگرێت. ئەگەر (نیروو) نەبووایە دەچووین تا دەگەیشتینە تەنیشت کامیۆنەکان و لەوێ بەوانمان دەفرۆشت. ئەوان لە باکی ماشینەکەیان دەکرد و بەو شێوەیە دەیانگواستەوە بۆ باشووری کوردستان. کامیۆنەکان هەموو لە پارکینگێکی گەورەدا بوون. دەبەی دوو هەزار، هەزار و پێنسەد، بڕێجاریش سێ هەزار تمەنی تێدا بوو. 

بەڵام ئەگەر دەبەکە دەستی بەسەردا بگیرایە دەبوو ئێمە بۆ هەر دەبەیەک یازدە هەزار تمەن بدەینەوە بە خاوەنبارەکە. جاری وا بوو هەر بەیانیی زوو تا نیوەڕۆ کارمان دەکرد، نیوەڕۆکەی دەبەیەکمان دەگیرا و ئیتر ئەو ڕۆژە ڕەنج بە خەسار دەچووین، چی پارەمان گرتبوو دەبوو بماندایە بە قەرەبووی بارە گیراوەکە. ئیتر با ماندوێتی و پشتئێشە و کرێ سەیارەی هاتوچۆ بۆ سنوور بوەستێ. وەک هاوڕێکەم دەیگوت: بەشی تایتی جلەکانیشمان بۆ نەماوەتەوە.

کاتێک سەیارەی ئەمنیی پاسگاکە دەهاتە خوار، دنیامان لێ دەهاتە یەک. دەبەمان دەخستە ژێر لاستیکی سەیارەکان. جاری وا بوو دەیاندۆزییەوە. کێشە و ترسی بەفیڕۆچوونی ڕەنجەکەمان زۆر بوو! هەر لە سەرەتاوە دەبوو ئاشنا و دۆستت ببێت هەتا متمانەی ئەوەت پێ بکات گازوایلت پێ بدا بیبەی بیفرۆشی و دواتر پارەکەی بۆ بێنیتەوە. دەبووا لە خواریشەوە بە هەمان شێوە شۆفێری کامیۆنی مشتەری و ئاشنات ببێ هەتا لێت وەرگرێت. زۆر جار کە دەگیراین لەبەر ئەوە بوو دەبەکان بەسەر دەستمانەوە مابووەوە و ئاشنایەک نەبوو لێمانی بکڕێ، تا وای لێ دەهات هێزی ئینتزامیی سەرسنوور دەیگرت. زۆرجار لە چەندین شۆفیر دەپاڕاینەوە کە دەبەکانمان لێ بکڕێت تا نەیگرن. 

بەڵام ئەوانیش دەڵاڵی خۆیان هەبوو بۆیە دەڵاڵەکان ئەسڵی کاری بوون کە لێمان بکڕن یان نە. جاری وا بوو هیچ کرێیەکمان نەدەسەند و بە هەمان پارەکەی خۆی پێمان دەدان لەبەر ئەوەی بیکڕن و یەکسەر نەبێتە زەرەر بەسەرمانەوە، چش لە ماندوێتی و زەحمەتەکەی. لە هەمووی ناخۆشتر ئەو هەستی پاڕانەوە بوو کە بەدوای شۆفیرێکدا دەگەڕاین فریامان بکەوێت. وەها تەنگمان پێ هەڵچنرابوو کە ڕەحممان بە یەکتریش نەدەکرد. کاتێ دەبە گازوایل دەهات بە پڕتاو ڕاماندەکرد بۆی و هەرکەسە و خێرا بگەیشتایە. جاری وا بوو بیست کەس بە ماشێنێکدا هەڵدەزناین بۆ ئەوەی دەبەمان بەربکەوێت! وەک سەردەمی ئاوارەیی و کۆڕەو. لەناو قوڕ و چڵپاودا بە جلوبەرگی کار و گازوایلاوی. 

کەسی وای تێدابوو خوا خوای بوو باری کۆڵبەری تر بدزێت، هەم بەزەییم دەهاتەوە و هەم ڕقم لەوە دەبووەوە. کۆمەڵێک مرۆڤ بووین یەک لە یەک داماوتر، ئەوجا دزیش بکەین لەناو خۆماندا ئیتر بزانە... هەر ڕۆژە و شتانێکم دەدی کە ژیانیان تێدا بوو ژیانی ڕاستەقینە؛ بڕێجار دیمەن و تەسویرەکان ئەوەندە دڵتەزێن بوون کە لە ژیان ناهومێدی دەکردم. زۆرجار شەرم دەیگرتم کە چۆن تا ئێستا ئەم شتانەم نەدیتووە. ڕۆژانە چایی و کێک لەوێ دەفرۆشرا بەڵام کەمتر کۆڵبەرێک شتێکی بکڕیایە، مەگەر ئەو ڕۆژە داهاتی باش بووبێت تا لە کۆتاییدا چایی و کێکێکی بخواردایە. بڕێجار بۆ وچاندان لەلای کامیۆنەکان دادەنیشتین، لەوێ چەند منداڵێک کەڵەشێر و مریشکیان دەهێنا بۆ فرۆشتن. شێوە و ئەدەبیاتی قسەکردن، پێڵاو، جلوبەرگ، تەنانەت شێوەی دەست ڕاوەشاندن و جووڵەی لەشی کۆڵبەرەکان تایبەت بوو. بەو فەزا و دۆخەوە کە لە دەوری یەکی کۆکردبووینەوە.

دەمانبینین، سەیارەی ساف و لووسکە کە لە جادەوە تێپەڕ دەبوون! بیرم لە منداڵیی خۆم دەکردەوە، لەو حەسرەتانەی بووم، لەوەی کاتی وا بوو دەمم بۆ دۆندرمەیەک پڕ دەبوو لە ئاو و دۆندرمەش بە لێوی منداڵێکی ترەوە بوو. ئێمە لەو کاتە کرێنشین بووین، بۆیە هەمیشە پێموابوو ئەوەی خانووی هەبێ دەوڵەمەندە و ئەوەشی کە خانووی خۆی نەبێت هەژارە. دنیام وەها دابەش کردبوو؛ هەموو کات وەها شتەکان هەڵدەسەنگێنم و مەزندەی دەکەم. ئەوەی سەیارەی ساف و لووسکەی بوو دەوڵەمەند و ئێمەی کۆڵبەریش هەژار. مەگەر چینی ناوەندیی کۆمەڵگا خۆیان وەها هەڵنەدەسەنگاند؟ دەوڵەمەندەکان ئەو کەسانە بوون کە پارە و مڵک و ماڵی زۆرتر لەوانیان هەبوو.

من بە شتێکی ئەو سنوورە زۆر کەیفم دەهات، هاتوچۆکەی! لە گۆڕەپانی ئیستادیۆم دەبووا سواری مینیبووس ببین. ڕۆشتنی مینیبووسەکە، خەڵکەکەی ناوەوەی، جیاواز لە هەمووی گۆرانییەکانی کە شۆفیرەکە دەیخستە سەر و دیمەنی ناوچەکە؛ هەستم دەکرد گەڕاومەتەوە پەنجا ساڵ لەوەپێش. بەڵام جا چ کەڵک! لەو ماوەیەی من دەڕۆیشتمە کۆڵبەری هەتا ڕۆژێک بار ببووایە سێ ڕۆژ نەبوو؛ ڕۆژێک سەیارەی پاسگاکە دەڕژانە ناو سنوور و ئیتر ڕێگەی جووڵە نەدەما و ڕۆژێ دەبووە با و بۆران، ڕۆژێ بار کەم دەهات. هەموو ڕۆژ وەک مەیتێک (مردوویەک) دەگەیشتمە ماڵ و بێ هیچ! تا شەویش لە تاو ماندوێتی نەمدەتوانی هیچ بکەم. ئەوی زیاتر ئازاری دەدام بارە دەروونییەکەی ئەم کارە بوو. پاڕانەوە، سووکایەتی و تەحقیر، دیتنی ژیانی خەڵک بەتایبەت کەسی بەتەمەن و منداڵی زۆر تەمەن خوار؛ منداڵێک کە هاوتەمەنەکانی ئەو هەر لەو شارەدا و لەو ساتەدا یان خەوتوون یان خەریکی یاریی کۆمپیوتەری بوون.

جاری وا بوو هەموومان لە دوورەوە دەمانحیلاندە سەیارەی پاسگاکە و کە دەهات بۆمان هەموومان ڕاماندەکرد. لە ناو خۆیشماندا متمانەمان بە یەکتر نەبوو! ڕۆژێک دوو دەبە گازوایل بەدەستمەوە بوو، بەرەو کامیۆنەکان بەڕێکەوتم، زۆرێک کۆڵبەر لەوێ بووین، لەو پارکینگە، بەڵام کامیۆنەکان تەنها دەبەی ئەوانەیان وەردەگرت کە ئاشنا و خزمی خۆیان بوون؛ بۆیە من و کۆمەڵێکی تر لەو کەسانە هەر خولەمان دەهات و دەگەڕاین تا دەڵاڵێک بدۆزینەوە پێی بفرۆشین. لەناکاو گوتیان ئەوە پاسگاکە هاتە خوار. بوو بە فڕکەفڕک، ڕامکردە ژێر کامیۆنێک و دەبەکانم لەوێ شاردەوە؛ جاری وا بوو دەچوویتە تەنیشت کامیۆنێک بەڵام بەر لە تۆ کەسی تر لەوێ دەبەی شاردبووەوە، بۆیە خێرا دەیگوت: نا خاڵۆ گیان..لایبە برا...ئەوەی منیش بە گرتن دەدەی. تەنها ڕوخسار! ڕوخسار و شێوەی ڕوومەتی ئەو ساتانەی ئەم کەسانەم لەبیرە. سیمای بەدوای پەنادا گەڕان، سیمای پاڕانەوە و ناهومێدی و ترس؛ وەیلانی. 

لە پەنای ئەم سەیارە ڕامدەکردە ئەو سەیارە. نزیکەی کاتژمێرێک هەر خەریکی خۆشاردنەوە و خۆحەشاردان بووین. پەیتا پەیتا شوێنمان دەگواستەوە. دەستم ئیتر هێزی نەمابوو؛ ماوەی کاتژمێرێک زیاتر بوو بەو دەبانەوە فڕکەمان دەهات. لە پەنای دەتۆنێک خۆمان حەشار دابوو؛ لە پڕێکدا هاتن بەسەرماندا. دەبەکانم هەڵگرت و هەڵهاتم! لە دوای کامیۆنێکی دیکە کە تێپەڕ بووم لە ناکاو دەنگێک گوتی: بندازش پایین! (یانی دایبنێ عەرز) پێش ئەوەی خۆی ببینم دەنگیم بیست، دەنگی خۆی و دەنگی گەلەنگەدەن کێشانی کڵاشینکۆفەکەی. 

لەبەردەمما بەرانبەرم ڕاوەستابوو بە چەکەکەیەوە! گوتی: ولش کن زمین، زود. (یانی دایبنێ خوارەوە، خێرا) خراپ حەپەسابووم. یەکەمجار بوو لە ژیانمدا کەسێک چەک بەڕوومدا بکێشێ. هیچکات هیچ کەس ڕووی دەمانچەی لە من نەکردبوو! ئێستا کڵاشینکۆفێک ئامادەی تەقەیە. سەربازێک بە چەکەکەیەوە پێنج مەتر دووری من ڕاوەستاوە. هێزێک کە ئەرکی پاراستنی ئەمنیەتی خەڵکە، هەمیشە خەڵک زۆرترین ترسیان لێی هەیە، لەو ساتەدا هەستم بەوە کرد! ترساندن و تۆقاندن دەبنە هۆی هەستنەکردن بە ئاسایش. لە ترسدا ناتوانی هەستی ئازادی بکەی؛ ئازادی یانی نەبوونی ترس!

ئاخر مەگەر من چیم کردبوو؟ دوو دەبەی دوو هەزار تمەنی، چوار هەزار تمەن، بەرانبەر بە کڵاشینکۆفێک. من دەبەکانم گیران و دەبووا بیشمبژاردایەن بە خاوەنبارەکە. ئەو ڕۆژە هەرچی کرێبارم وەرگرتبوو، زەرەری ئەو دوو دەبە بردی. چەند ڕۆژێکی تریش ڕۆشتم. من هەمووی نەیبردە بیست ڕۆژ وازم لە کۆڵبەری هێنا؛ جیا لە باسی جەستە و ماندوێتی، بارە دەروونییەکەی تێکیدابووم. ئیتر نەمدەتوانی. بەڵام هاوڕێکانم هەر بەردەوام بوون؛ چونکە هیچ کارێکی تر نەبوو بیکەن!

لەم ماوەیەی کە بەشێکی زۆر لە کۆڵبەرەکانی شارە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گیانیان بەخت کرد، زۆر بیری ڕۆژەکانی خۆم و بەتایبەت شەوانی نەهاتنەوەی باوکم دەکەم! بیر دەکەمەوە گەر شەوێک لەجێی باوکم کەسێکی تر لە درگای بدایە و دایکم بە گریانەوە بهاتایەتە ژوورەوە، بە کۆست کەوتنەوە، یان باوکم بە لاقێکی پەڕیوەوە لەناو کێڵگەی مین بهاتایەتە ژوورەوە... بیر دەکەمەوە حەسرەتی لەدەستدانی باوک، چۆن پەروەردە بوون و گەورە بوون و ئەو هەموو حەزەی کە دەکوژرا. ئەو مووچەنانەی لە وێنەی دوای گیان لەدەستدانیان دەردەکەوێت دەمخاتەوە بیری بابۆڵە نانەکانی باوکم؛ دەمخاتەوە بیری ئەوەی کە ئاخۆ منداڵی کامەیان چاوەڕوان بووبێ باوکی بێتەوە وەکوو من گوێ لە چیرۆکەکانی، ئازایەتییەکانی و جوێنەکانیشی بگرێ! (ئەو ئازایەتییانەی لە ناخەوە وردی کردوون). کامەیان ئەو شەوە لەگەڵ ژنەکەی لالووت بووبێ؟ کامیان لەسەر سفرە تێهەڵچووبن و لە داخاندا نانیشی نەخواردبێ؟ کامیان هێشتا کرێخانووەکەی دابین نەکرابێ؟ برنجەکەیان، ڕۆنەکەیان بەش بکات؟
چیتان بۆ باس بکەم؟