ئەلفاتیحە

لە پرسەكەی مامۆستا حەسەندا چوار پێنج ڕیز لە دواتەوە دانیشتبووم، لای چەپتم لێوە دیار بوو.. ڕوومەت و لایەكی چاوی چەپت.. چارەكێكی لای چەپی دەمیشت.. ببوورە جۆری دانیشتنەكەمان ئاوا بوو دەنا ئاوا ڕاستەوخۆ ئەم هەموو وشەی (چەپ) و (چەپت)مەم بەكارنەدەهێنا، چونكە دەزانم ئەو وشەیە هەستت بریندار دەكات..

بەڵێ‌، بە قژە سوورە تەنكەكەتدا كە بە جوانی لە لاجانگ و پشتەوەتەوە دیار بوو.. ئۆه! بمبەخشە.. خەتای من نییەو خۆت بە سروشتی قژت سوورە! هیوادارم یان سفر بیتاشی یان بەو ڕەنگە سوورەش هەستت نەڕووشێ.. كاتێ‌ لەدواوە دیقەتی  ناوەڕاستی كەللەسەریشم دایت، بەقەدەر كڵاوێكی مالومە جووەكان ڕووتابووەوە.. هێشتا هەر لە گوماندا بووم ئەوبیت، ئەو نەبیت..

ئۆه! بۆ دواجار بمبەخشە.. نازانم ئەو مالومانەم چۆن بەدەم و خەیاڵدا هات.. ئەو كڵاوە پچكۆلەیە چۆن وا بەتەوقی سەری ئەو جولەكانەوە دەوەستێ‌! ببوورە بەناوهێنانی جولەكە هیچ مەبەستێكی خراپم نەبوو.. خوانەخواستە بۆ ئەوە بێت هەستت بریندار بكەم.. نا وەلێ‌، نازانم ئێوە بۆ بە هەموو شتێ‌ هەستتان بریندار دەبێت؟ ئیدی هیچی ئەوتۆ ناڵێم..

بەو بەڵگانەی پێشوو گوتم خۆیەتی.. زۆر دڵخۆش بووم.. جەنابتان ئەركتان كێشا و هاتوونەتە ئەم پرسەیە.. لە هەلێ‌ دەگەڕام بێمە لاتەوە، چونكە بە ئامادەبوونت لە پرسەی تێكۆشەرێكی پرشنگدار و رۆشنبیر و پێشكەتنخوازی وەك مامۆستا حەسەندا، گۆڕانكارییەكی بێوێنە و پێشبینی نەكراوم لە تۆدا بەدی دەكرد..

هەرچی تێبینییەكم هەبوو لەسەرت، بەتایبەتی لەو ڕووەوە كە لەپڕ بە گۆشەی سەدو هەشتا پلە پشتت كردە هەڵوێستی مەردانەی جارانت و گۆڕانێكی سەیرت بەسەردا هاتبوو.. هەموو هاوڕێیانت لەو گۆڕانە ئەنتیكە و نالۆژیكییە كتوپڕەی ئەم ساڵانەی دواییت سەرسام بوون.. بریا هەر سەرسام بوونایە.. بەوپەڕی سووكی ناویان دەهێنای، تەنیا من پاكانە و پاساوم بۆت دەهێنایەوە.. لەخۆمەوە پێیانم دەگوت:

- ئاخر ئەم هاوڕێیە و زۆربەی زۆری هاوڕیانی تریش ماندوون.. هەر بە كوێرەوەری و هەژاری و نانەڕەقە گوزەراندوویانە، ئەمیش مافی خۆیەتی هەناسەیێ‌ هەڵمژێ و لەپەنای ئەواندا بۆخۆی بحەسێتەوە و ماندوێتی ساڵانی پێشووی دەرچێت.

هاوڕێیان كەسیان بە پاساوەكانم قەناعەتیان نەبوو.. دەیانگوت

- تۆ چی دەڵێیت! ئەگەر مەسەلە ئاخوڕی چەوربێت، ئەوا لەو ئاخوڕە چەورتر هەیە.. ئەی بۆ نەچووەتە چەورترەكە.. خۆ هەرچۆنێ‌ بێت لە زۆر لایەنەوە، بەتایبەتی لە قوربانیدان و نیشتمانپەروەری و پێشكەوتنخوازیدا لەگەڵا ئەوەكەی ئەودا هەر بەراورد ناكرێن.

ئەویدی وەڵامی دەدایەوە

- نا.. هاوڕێ‌ ئەوانیدی حسابی بۆ ناكەن.. كێ‌ دەڵێت نەچووە؟ چووە و ئەوان دەرگەیان لێ‌ نەكردووەتەوە.. چونكە دەزانن بودەڵەیە.. لای ئەوان جێگەی نابێتەوە.

- بەڵێ‌.. بەڵێ‌.. چووە، تەنیا ئەوان پێویستیان بە كەسێكی سەرسووری وەك ئەمە.. با بودەڵەش بێت. 
ئیدی ماوەی چەند ساڵێ‌ چاوەڕوان بووم، گوتم بەڵكو ئەمە خوایە لەوێ‌ دەروویەكت لێبكەنەوە.. بەڵكو بۆ پەرلەمان كاندیدت بكەن.. یان لە پۆستێكی چەوری حكومەتیدا داتبنێن.. یان هەر هیچ نەبێت لای خۆیان بتكەنە كادیرێكی بەرپرس و نازانم چی!

ئیدی پێشبینی هەموو شتێكم بۆت دەكرد، تەنیا ئەوە نەبێت ئەمڕۆ لە پرسەی مامۆستا حەسەنی تێكۆشەردا ئامادەبیت.. ئەمانە و هەزاران شتی دیكەم لەو ماوە كورتەی قورئانخوێندنی مەلادا كە دەكەوێتە نێوان دوو فاتیحادادانەوە، بە زەین و بیرمدا گوزەریان كرد.. هەر لەلاوە دیقەتم دەدایت و كەوتبوومە گومانەوە.. تۆ بڵێی ئەو بیت.. ئەو نەبیت، تۆیش نە ئاوڕێكت دەدایەوە، نە سەرت دەبزواند..

ئاغر ئاغر دانیشتبووی، لێ‌ كاتێ‌ مەلا گوتی (الفاتیحە)، ڕوانیم زۆر بەجوانی لای چەپت... نا ببوورە! دیقەتم دا دەمولێوت بە ڕەوانی بۆ خوێندنی فاتیحاكە دەجوڵێت.. زۆر بەجوانی دەتەوێت دان بە پیت و وشە و سەروبۆر و زەننەكانیشدا بنێیت.. ئەوسا بێگومان بووم كە خۆتیت و لەوەش پەشیمان بوومەوە بێمە لاتەوە، چونكە لە هەموو شتێ‌ بێگومان بووم. بە لێوجوڵاندنە جدییەكەی فاتیحا خوێندنەكەتدا پێویستم بەوە نەما بە قسە پێمبڵێی:

- بەڵێ‌ خۆمم و ئەوم و هەر ئەوەیشە و كێ‌ پێیناخۆشە با لە ورگی خۆی بدات!