سادق ھیدایەت لەزاری سەرپەرشتیاری بەرهەمەکانیەوە

جەھانگیر ھیدایەت، لەدایکبووی 1939، کوڕی سەرلەشکر عیسا ھیدایەت، برا گەورەی سادق ھیدایەتە و سەرپەرشتیاری بەرھەمەکانی ئەوە. جەھانگیر ھیدایەت ھەر لە منداڵییەوە و لەژێر کاریگەریی مامیدا، ھۆگری نووسین بووە و لە مێرمنداڵییەوە دەستی کردووە بە چیرۆکنووسین و ھەر لەو کاتەوە چیرۆکەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامە دیارەکانی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە. تا ئێستا چەندین کورتەچیرۆک و وتاری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە و چەند کتێبێکی نووسیوە. لەوانە سێ کتێب لەسەر سادق ھیدایەت بە ناوەکانی: "نیوەی شاراوەی بەسەرھاتی سادق ھیدایەت"، "سی و شەش ڕۆژ لەگەڵ سادق ھیدایەت" و "یادی سەدساڵەی سادق ھیدایەت لە ئێران و جیھاندا". 

ئەو دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری "بونیادی ھیدایەت" و ماڵپەڕی ھیدایەتە و ھەموو کاروباری پەیوەندیدار بە بەرھەمەکانی سادق ھیدایەت، لەژێر چاودێریی ئەودایە. 

جەھانگیر ھیدایەت کە پیاوێکی بەتەمەنی ئێسکسووکە، لە نووسینگەی بونیادی ھیدایەت کە پڕە لە وێنە و کتێب و بەرھەمی سادق ھیدایەت، بە ڕوویەکی خۆشەوە میوانداریی کردین بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.

بەشی یەکەم

شادی: جەنابت جگە لەوەی خزمی نزیک و سەرپەرشتیاری بەرھەمەکانی سادق ھیدایەتی، ھیدایەتخوێنەوەیەکی جددی و کارناسێکی بەرھەم و کەسایەتیی ئەویشی. دەکرێ لە ھەردوو بارەکەوە زیاتر پەیوەندیی خۆت لەگەڵ ھیدایەت باس بکەی؟
  
- ھیدایەت مامی منە. من لە منداڵییەوە لەبەر ئەوەی کە داپیرەم (دایکی ھیدایەت) خاتوو زیوەرولملوک زۆر حەزی دەکرد من لای ئەو بم، زۆربەی کاتی منداڵیم لەگەڵ ھیدایەت لە ماڵێکدا بووم و لە نزیکەوە لەگەڵی ژیاوم. من ھەر لە منداڵییەوە حەزم لە نووسین دەکرد و ھەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە، چیرۆکم دەنووسی. بۆیە زیاتر لە مامێک، سادق ھیدایەتم خۆشویست، چونکە ئەو نووسەر بوو. ھەر بەم بۆنەوە تا توانیومە بە شێوەیەکی بەربڵاو، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەم بووە بۆ بەرھەمەکانی. تەنانەت ئەلبوومی وێنەکانی و کارتپۆستاڵەکانی ھیدایەتم بڵاوکردووەتەوە و هەڵسەنگاندنم بۆ کردوون.  لە ئەنجامدا من وێنایەکی ڕوونترم ھەیە لە ژیان و کارەکانی ھیدایەت. خۆ لەوانەیە ئەگەر ئەو شتانەی لەبەردەستی من بوون، لەبەردەستی کەسانی دیکەدا بوونایە، باشتر لە منیش کاریان تێدا بکردنایە. من ھەموو بەرھەمەکانی ھیدایەتم کۆکردووەتەوە و لە حەوت بەرگدا، لە بەریتانیا چاپم کردوون. لەبەر ئەوەی لە ئێران لەمپەر ھەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی، بەتایبەت لە کاتێکەوە ئەحمەدینەژاد بوو بە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە؛ ئەو زەبری زۆر گەورەی لە ھونەر و فەرھەنگی ئەم وڵاتە دا.

من دامەزراوە و نووسینگەیەکم لێرە داناوە بە ناوی "بونیادی ھیدایەت" بۆ بەدواداچوونی ھەموو کارێکی پەیوەندیدار بە ھیدایەت و بەرھەمەکانی، یەکێک لە کارەکانی ئەم بونیادە، بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی ساڵانەی خەڵاتی ھیدایەتە بۆ چیرۆک کە تا ئێستا ھەزاران نووسەری فارسیزمان لە ھەموو جیھانەوە بەشدارییان تێدا کردووە. ئێمە تەنانەت 14 کتێبی ھیدایەتمان کردووە بە فایلی دەنگ و لە ئینتەرنێتدا بڵاومان کردوونەتەوە. ئەم نووسینگەیە ھەمیشە کراوەیە لەسەر ھۆگران و خوێنەرانی ھیدایەت بۆ ھەر کارێک و ھەر پرسیارێک لەسەر بەرھەمەکانی. 


شادی: چۆن لەناو جەرگەی بنەماڵەیەکی ئەعیان و ئەشرافیدا کە زۆر لە ئەندامەکانی کاربەدەستی سیاسی، سەربازی و حکوومی بوون، سادق ھیدایەتێک سەرھەڵدێنێ کە بە توندی بێزارە لە ھەرچی سیاسەت و پلە و پایەیە؟ ئایا دەکرێ بڵێین ئەزموونی نزیکبوونی لە پلەوپایە و سیاسەتی بنەماڵەکەی، وایان لێکردووە زیاتر بێزار بێت لە پۆست و سیاسەت؟ 

- جارێ بنەماڵەی ھیدایەت پێش ئەوەی ئەشرافی و ئەعیان بن، بنەماڵەیەکی فەرھەنگی بوون. بنەماڵەی ھیدایەت لە کۆنەوە پڕ بووە لە کەسی خوێندەوار و فەرھەنگی، بەڵام سادق ھیدایەت بە پلەیەک گەیشت کە ھەموو ئەوانی دیکە لە بەرامبەر ئەودا بچووک بوون. 

باوکی خۆم کە براگەورەی سادق بوو، ئەگەرچی ئەفسەر بووە، بەڵام لەسەر خەیام و لەسەر حافز کتێبی نووسیوە. براکەی دیکەی ھیدایەت، شانامەیەکی نووسیوە. بەم پێیە خانەوادەی ھیدایەت، پێش ئەوەی ئەعیانی بن، فەرھەنگی بوون. ئینجا ئەشرافی خۆ شتێکی خراپ نییە. باشیشە. بەڵام لە ئێراندا واتای وشەکان دەگۆڕێن. لێرە ئەشرافی بە واتای ملھوڕ و لەخۆبایی و کەسێکە کە لەسەر پارە و ڕەنجی خەڵک دانیشتووە. ئەشرافیبوونی بنەماڵەی ھیدایەت، بەھۆی خوێندەوارییەوە بووە. دەنا بنەماڵەی ھیدایەت فیوداڵ و خاوەن گوند و زەویوزاری زۆر نەبوون. بازرگان نەبوون. تەنیا بە دوای خوێندنەوە بوون. سەرەڕای ئەوەش، ڕاستە ھیدایەت لە بنەڕەتدا عەشیرەت و بنەماڵەی خۆی قبووڵ نەبوو؛ بەڵێ من ئەمە تەئید دەکەم. با بە ڕستەیەک کورتی بکەمەوە: ھیدایەت ھیچ سەرپەرشتێکی بۆ خۆی قبووڵ نەدەکرد. جا ئەو سەرپەرشتە بنەماڵە بێ، حکومەت بێ، یان حیزب. چەندە ھەوڵ درا کە بچێتە ناو حیزبی توودە، گوتی ناچم. ئایینی قبوڵ نەبوو، چونکە ئایین دەبێتە سەرپەرشتی مرۆڤ و پێت دەڵێ ئەوە بکە و ئەوە مەکە. ئەو دەیگوت من بە ئاوەز و بیرکردنەوەی خۆم بڕیار دەدەم چی بکەم و چی نەکەم. 

شادی: پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دەوروبەر و بەتایبەت ئەو ئەندامانەی بنەماڵەدا کە خاوەن پۆستی سیاسی و حکوومی بوون، چۆن بوو؟ 

- ھیدایەت کەسێکی بە ئەدەب بوو، ڕێزی لە ھەموویان دەگرت، بەڵام بەڕاستی ئەوانی قبووڵ نەبوو. بەگشتی ھیدایەت لەگەڵ ئەوانەی کە خۆشیدەویستن، زۆر گەرموگوڕ بوو. بەڵام بە پێچەوانە، بەرامبەر کەسێک کە حەزی لە بیروبڕوای نەبووایە، زۆر کەمدوو بوو. ھیچ دووڕوویی و ماستاوکردنێک لە کاریدا نەبوو.

شادی: دانیشتن و کۆبوونەوەی ناو کافتریا ئێستا ھەم لە ئێران و ھەم لە کوردستانیش بووەتە نەریتێک لەناو نووسەران و ھونەرمەندان و ڕۆشنبیراندا. دەگوترێ سادق ھیدایەت داھێنەری کافتریانشینی بووە لەنێو رۆشنبیرانی ئێران. 

- بەڵێ ھیدایەت ھەمیشە وەک سەنتەرێک بوو بۆ ھاوڕێکانی. کاتێک ڕۆیشت بۆ فەڕەنسا و لەوێ بینیی خەڵک کاتێک دەیانەوێ یەکتر ببینن، ناچن بۆ ماڵی یەکتر، دەچن لە کافتریایەک یەکتر دەبینن، ھاتەوە لێرە ئەوەی کرد بە باو. یەکەمجار کە لەو جۆرە دانیشتنەی ساز دا، خۆی بوو، بەڕێز موجتەبا مینویی، مەسعوود فەرزاد و بوزورگ عەلەوی. ئەمانە شەوانە دەچوون لە یەکێک لە کافتریاکانی تاراندا دادەنیشتن. ھەمووشیان بێ پارە بوون، بۆیە ھەرچییان دەخوارد، ھەر یەکە پارەی بەشەکەی خۆی دەدا. بەم چەشنە سادق ھیدایەت بۆ یەکەمجار بۆ چینی ڕۆشنبیری ئێران، دانیشتنی کافتریای داھێنا. تەنانەت ئەو دانیشتنانەیان تەرخان دەکرد بۆ کارەکانیان. بۆ وێنە کتێبی "وەغ وەغ ساھاب"، ھیدایەت و مەسعوود فەرزاد لە کافتریاکاندا کاریان لەسەر کرد و نووسییان. ئەم چوار کەسە ھەرکامە تایبەتمەندییەکیان ھەبوو. فەرزاد ئینگلیزیی باش دەزانی، بوزورگ عەلەوی ئەڵمانیی دەزانی، ھیدایەت خۆی زمانی فەڕەنسی و موجتەبا مینوییش شارەزای زمانی عەرەبی بوو. واتە ئەمانە باش دەیانتوانی لە ئەدەبیاتێکی بەربڵاو کەڵک وەربگرن. ئەمانە ئەرکیان بۆ یەکتر دیاری دەکرد کە تۆ دەبێ لەسەر فڵان شت خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بکەیت و تۆ لەسەر فڵان بابەت. دوایی ھەر لە کافتریاکە ئەمانەیان پێکەوە کۆدەکردەوە و لێکیان دەدایەوە. بەڵام شوێنی دانیشتنەکان بەردەوام دەگۆڕان. ھۆیەکەی ئەوە بوو کە ئەمانە تا دەھات ناودار دەبوون و ناوبانگیش کێشەیەکی گەورەیە. ھیدایەت بۆ ھەر کوێ دەچوو، لە دەوری کۆدەبوونەوە و نەیدەتوانی بەباشی بە کارەکانی خۆی ڕابگا. بۆیە ناچار دەبوو زوو زوو شوێنی دەرکەوتن و دانیشتنی بگۆڕێت. 

شادی: ئەی چۆنە کە دەگوترێ ھیدایەت ھەر لە بنەڕەتەوە کەسێکی خەمۆک و گۆشەگیر بووە. ئەم دوو باسە دژوازە چۆن لێک دەدەیتەوە؟ 

- ئەوە درۆیە. کەسێک کە لە بنەڕەتەوە کاراکتەرێکی خەمۆکی ھەبێ، ناتوانێ ببێتە ناوەندی شۆخی و پێکەنین بۆ ھاوڕێکانی. خەمۆکی نەخۆشییە. سەرەتا ئێمە دەبێ بزانین سەبارەت بە کام ھیدایەت قسە دەکەین. ھیدایەت تەمەنی 48 ساڵ بوو کە خۆی کوشت. ھەڵبەت لە چوار پێنج ساڵی کۆتایی ژیانیدا، بڕێک ڕۆحیەتی گۆڕابوو، تەمەنی چووبووە سەرەوە و تاڕادەیەک تووشی خەمۆکی بووبوو. بەڵام ئەمە ڕەوتێک بوو کە بەرەبەرە دروست بوو، نەک ئەوەی لە بنەڕەتەوە وابووبێ. بۆ وێنە ئەگەر سەیری نامەکانی بکەی کە بۆ شەھید نوورایی نووسیونی، بە بەراوردکردنی نامەکانی سەرەتا و نامەکانی کۆتایی، بەباشی دەردەکەوێ کە ڕۆحییەتی ھیدایەت چۆن بەرەبەرە تووشی گۆڕان بووە. 

ھیدایەت ھەموو تەمەنی لەگەڵ دیکتاتۆریدا شەڕی کرد، بەڵام شکستی خوارد. شتێکی زۆر ناخۆش کە لە ژیانی ھیدایەتدا ڕووی دا، حیزبی توودە بوو. حیزبی توودە کاتێک کە دامەزرا، بە ڕواڵەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە چینی کرێکار و ھەژار و جووتیاران لەژێر ستەمی شاھەنشایی ڕزگار دەکات. ھیدایەتیش باوەڕی کرد. تا ئەو کاتەی مەسەلەکەی ئازەربایجان ڕووی دا. ڕووسیە ھات بە ھاوکاریی حیزبی دیموکرات کە حیزبێکی کۆمۆنیستی بوو، ئازەربایجان و بەشێک لە کوردستانی لە ئێران جیا کردەوە. ھەڵبەت مەسەلەکە سیاسی بوو. دواییش بەپێی سیاسەتێکی نێودەوڵەتی، وڵاتانی دنیا داوایان لە ڕووسیا کرد  ھێزەکانی لە ئێران بباتە دەرەوە. دوای ئەوەش سوپای ئێران ھێرشی کردە سەر ئەو ناوچانە و حیزبی دیموکرات تووشی شکست هات و سەرکردەکانی ھەڵاتن بۆ ڕووسیا. وەک پیشەوەری و غوڵام یەحیا و... دواتر لیژنەیەک ڕەوانەی ئەو ناوچانە کرا بۆ ئەوەی بزانن لە ماوەی دەسەڵاتی حیزبی دیمۆکراتدا، گوزەرانی خەڵک چۆن بووە، بەڵام دەرکەوت ئەو شۆڕشە کۆمۆنیستییە نەک بە سوودی خەڵک نەبووە، بەڵکو ھەر لەلایەن دیمۆکراتەکانەوە زیانی زۆر لە خەڵک کەوتووە. ھیدایەت کە وایزانیبوو شۆڕشێکی کۆمۆنیستی ڕزگارکەری چینە بندەستەکانە، دوایی کە بەم ڕاستییەی زانی، پشتی لە حیزبی توودە کرد و ھەموو ھاوڕێکانی لە حیزبی توودە لەدەستدا، ھیدایەت تووشی بێھیوایی و دڵساردی بوو، ھەستی دەکرد ھەرگیز ناکرێ لە ئێراندا کار بۆ ئازادی بکرێت. کەسێک بوو کە ھەموو ژیانی ھاواری ئازادیی بەرز دەکردەوە. لەلایەکەوە شایەتی نەخۆشی و ھەژاریی خەڵک بوو، لەلایەکەوە دەیبینی چۆن سامانی خەڵک و وڵاتەکەی تاڵان دەکرێت. ھیدایەت کەسێک بوو کە ھەموو شتێکی دەبینی و نەیدەتوانی کەمتەرخەم بێت بەرامبەر ئەو شتانەی دەیبینێ و دەیزانێ. بۆیە لەو سەردەمە بەدەواوە کە ماوەیەکی کورتیش بوو، بەڵێ تووشی خەمۆکی بوو. 

شادی: ھەر بەم قسانەدا و لە ڕووی بەرھەمەکانی پێش کوندەپەپووی کوێرەوە، وا دەردەکەوێ کە ھیدایەت ناسیۆنالیستێکی توند بووە، بەڵام لە سەردەمێک و بەتایبەت لە دوای کوندەپەپووی کوێرەوە، دەست دەکات بە ڕەخنەگرتن لە فەرھەنگی ئێرانی و تەنانەت ھەندێ جار بۆچوونەکانی بەڕواڵەت زیاتر لەوەی ڕەخنەگرانە بن، پڕن لە سووکایەتیش، تا ئەو شوێنەی کە ھەموو خەڵکی ئەوبەر پەنجەرەی ژوورەکەی بە (ھیچ و پووچ و خوێڕی) ناو دەبات، یان تەنانەت لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ شەھید نوورایی، ھێرش دەباتە سەر مۆسیقای ڕەسەنی ئێرانیش. ھۆی ئەم وەرچەرخانە، یان ئەم دژوازییە چییە؟ 

- ئەمە ھەر ئەوەیە کە باسم کرد. ھیدایەت بەرەبەرە بێھیوا دەبوو. وایدەزانی ئەم وڵاتە تازە چاکسازیی تێدا ناکرێ. ئەو پێشتر وایدەزانی ئەگەر ڕەزاشا نەمێنێ، بارودۆخەکە بەرەو باشی دەچێ. وایدەزانی محەممەد ڕەزاشا دەبێت بە شایەکی مەشرووتە وەک شای ئیسپانیا، وەک ئیمپراتۆری ژاپۆن، وەک شای بەریتانیا. گەرچی لە سەرەتاوە وادیار بوو کە دۆخەکە گۆڕاوە و کۆمۆنیستەکان سەد ڕۆژنامەیان ھەبوو کە ژمارەیەکی بەرچاویان، تەنانەت ڕۆژانە جنێوی دایک و خوشکیان دەدا بە شا و کاریکاتێری خۆی و خانمەکەیان بە ئازادی بڵاودەکردەوە؛ بەڵام ھیدایەت دەیزانی ئەمە سوودی نییە.

 لەلایەکیشەوە دەیبینی کە جەماوەریش ئەوە نین لەڕوودا پیشانی دەدەن. جگە لەوەش، لەم دواییانەدا نزیکترین ھاوڕێکانی، بە ھاوڕێی ساختە دەرچوون و خیانەتیان لە ھیدایەت کرد. من لە کتێبێکدا بە ناوی "نیوەی شاراوەی بەسەرھاتی سادق ھیدایەت" بە وردی و بە بەڵگەوە سەلماندوومە کە چەند خیانەتی لێکراوە لەلایەن ھاوڕێکانیەوە. بازنەیەک لە خیانەت و ناپیاوی و بێشەرەفی، ھیدایەتی گەمارۆ دابوو. لەلایەن ھاوڕێکانیەوە، لەلایەن حکوومەتەوە.. دکتۆر کاتووزیان مامۆستای زانکۆی ئۆکسفۆرد، قسەیەکی جوانی کرد. گوتی: "ھیدایەت لە تەمەنی سی ساڵیدا ھەستا چوو بۆ ھیند، لەوێ زمانی پەھلەوی فێر بوو، باشترین دەقە پەھلەوییەکانی ھێنایەوە بۆ ئێران و وەریگێڕان بۆ فارسی. ئەگەر کەسێک لە بەریتانیا کارێکی وای بکردایە، ھەر ئەو ڕۆژەی کە گەڕایەوە بۆ بەریتانیا، دەیاننارد بۆ زانکۆی ئۆکسفۆرد و دەیانکرد بە مامۆستا." 

بەڵام ھیدایەت لە ئێراندا ھەرچی دەکرد، نەک ڕێزی نەدەگیرا، سەرکوتیان دەکرد. بەتایبەت لەلایەن حکوومەتەوە. چونکە نەیدەتوانی لەگەڵ حکوومەت ڕێک بێ. ئەوەتا لە "حاجی ئاغا"دا بەئاشکرا جنێو بە ڕەزاشا دەدات. لە ئەنجامدا ھیدایەتێک کە خولیای ئێرانی کەونارا بوو، بەرەبەرە ڕووی کردە ڕەخنەگرتن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەنجی زیاتری کێشا. ھیدایەت کاتێک ھەستا بەنیازی خۆکوشتن چوو بۆ فەڕەنسا، فەرمانبەری نووسینگەی کۆلیژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران بوو. مووچەکەی تەنیا بەشی پارەی گیرفانی بوو، ئەگەر لە ماڵی باوکیدا نەبووایە، بەشی ھیچی نەدەکرد. ئەوان ھیدایەتیان بە کەسێکی جێی مەترسی دەزانی و نەیاندەھێشت نە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا، نە لە سیستەمی ئیداریدا گەشە بکات. ھەموو ئەمانە بوونە ھۆی ئەوەی ڕەشبین ببێ بەرامبەر ھەموو شتێک و لە ئەنجامدا ئەو شتانە بنووسێ کە تۆ باست کردن. 

شادی: واتە بەو جۆرەی من لە قسەکانت تێدەگەم، ھیدایەت دوایین جارێک کە چوو بۆ فەڕەنسا، هەر بە نیاز و بە پلانی خۆکوشتن سەفەری کرد؟ 

- بەڵێ بەبڕوای من وابوو. پێش ڕۆیشتنی چیی ھەبوو فرۆشتی. تەنانەت کتێبەکانی. کاتێک نووسەرێک و کەسێکی وەک ھیدایەت، کتێبەکانیشی دەفرۆشێ، واتای وایە کە بە تەواوی دڵی ھەڵکەندووە. لەوێش دەستی کرد بە پێداچوونەوەی بەرھەمەکانی و کۆمەڵێک لە بەرھەمەکانیشی سووتاند.. ئەمانە بە بڕوای من سەلمێنەری ئەوەن کە پێشتر پلانی خۆکوشتنی دانابوو. 

شادی: بەڵام بۆچی وڵاتەکەی خۆی تەنانەت بۆ مردنیش ھەڵنەبژارد؟ دەگوترێ خۆکوشتنەکەی ناڕەزایانە بووە و ویستوویەتی ھەموو دنیا پێی بزانن، چونکە گەر لە ئێران خۆی بکوشتایە، لەوانە بوو بنەماڵەکەی حاشای لێبکەن و ھۆکاری مردنەکەی بشارنەوە؟ 

- من وانازانم ھیچ لەبەر ئەو شتانە بووبێ. ھیدایەت عاشقی فەڕەنسا بوو، تۆرابوو لە ئێران. پێموایە باشترین کاریشی کرد. دوای شۆڕشی ئیسلامی، خەڵخاڵی بە جدی بۆ گۆڕەکەی ھیدایەت دەگەڕا کە بیسووتێنێ! تەلەفونی کرد بۆ بنەماڵەی ھیدایەت لە شوێنی مەزارەکەی پرسی، گوتیان مەزارەکەی لە گۆڕستانێکی گەورەدایە لە پاریس بەناوی پێرلاشێز، بڕۆ بۆ ئەوێ و چیت پێ خۆشە بیکە.