یاخیبوون لای شێرکۆ بێکەس و محەممەد ماغوت
(دیاردەی یاخیبوون لای شێرکۆ بێکەس و محەممەد ماغوت...) ناونیشانی نامەیەکی دکتۆرای (ئەحمەد محەممەد رەشید)ە، بە سەرپەرشتی (پ.د. محەممەد دلێر)، ساڵی (2019) پێشکەشی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی کردووە. بواری نامەکە دیاردەی یاخیبوونە وەک نیشاندانی جیهانبینی شیعریی دوو شاعیری بە نەتەوە و کولتوور جیاواز.
دیاردەی یاخیبوون لە ئاست و پانتاییە جیاوازەکانی وەک ئاین، کولتوور، سیاسەت و نیشتمان لەم دوو دیوانەدا رەنگدانەوەیان لە شێوازی ژینجیهانی خود و کۆمەڵی جیاوازدا تۆمار کردووە. رێبازی توێژینەوەکە فرە و تەواوکارییە. توێژینەوەکە لە رووکەشدا بەراوردکارییە، بەڵام رادەی کاریگەریی هەردوو شاعیر لەسەر یەک دەرنەخراوە، بەڵکو ئاست و تایبەتمەندییەکانی یاخیبوون لە رەهەندە جیاوازەکانەوە نیشاندراوە، بۆ ئەم مەبەستەش نامەکە کراوە بە سێ بەشەوە:
بەشی یەکەم: یاخیبوون زۆرکات لەگەڵ شۆڕش هاوواتا کراوە، هاوکات واتای خواستی تاک یان گروپێکە بۆ گۆڕانکاری. لەڕووی فەرهەنگیشەوە لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای رازینەبوون بە بارودۆخێکی سەپاو هاتووە. یاخیبوون کردەیەکی دوولایەنەیە، لەڕووی زانستی دەروونزانییەوە وەک نەخۆشی سەیر دەکرێت، بەڵام لە بوارەکانی تردا وەک پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی دۆخێکی نوێ-ئەگەر شڵەژانی کۆمەڵی لێنەکەوێتەوە، دەبینرێت.
یاخیبوون لەو کۆمەڵگایانەدا سەرهەڵدەدات کە یەکسانی و دادپەروەرییان تێدا نییە، مرۆڤی یاخیش زۆرکات کەسێکی هۆشمەند و چاکەخوازە. لەبوارە تایبەتەکانیشدا یاخیبوون جگە لە داهێنان وەک هەڵوێستێکی وجودی بۆ تێگەیشتن لە ژیان دەبینرێت، هەستکردن بە نامۆبوون لە ژیانی کۆمەڵایەتی و دابونەریت یاخیبوونی لێدەکەوێتەوە.
توێژەر جیاوازی دەکات لەنێوان یاخیبوون و شۆڕش و جەختیش لە بۆچوونی کامۆ دەکاتەوە: مرۆڤی یاخی واقیع رەتدەکاتەوە و جیهانبینیەکی نوێ دروستدەکات. دواتر بە وردی لەسەر یاخیبوون وەک دیاردەیەکی ئەدەبی دەوەستێ، سەدەی بیستیش وەک لوتکەی ئەدەبی یاخی دیاری دەکات.
هەر دقێکی ئەدەبی دەبێت جۆرێک لە یاخیبوونی تێدابێ، دەنا ناکرێ وەک دەقێکی بەشدار لە گۆڕانکارییەکانی ناو خودی ئەدەب و کۆمەڵگا ببینرێت، شاعیری راستەقینە لە یاخیبوونێکی بەردەوامدا دەژی و شیعریش ژانرێکی پڕ جوڵەیە. کامۆ بەها و تەواوبوونی مرۆڤ و ناسنامەی بە یاخیبوونەوە دەبەستێتەوە "مرۆڤ بۆ ئەوەی هەبێت، دەبێ یاخی بێت"، پێیوایە تەنیا ئەو مرۆڤانە بوونی راستەقینەیان هەیە کە گیانی یاخیبوونیان تێدایە. دواتر توێژەر باسی یاخیبوون و نامۆبوون، یاخیبوون لە مێژوودا دەکات.
لە پاشاندا باسی یاخیبوون لە بوارەکانی زانست و ئاین و باسی شۆڕشی فەرەنسی دەکات و نموونەی ئەدیبان و شاعیرانی یاخی دەهێنێتەوە، لەوانە جەیمس جۆیس، رامبۆ، بۆدلێر. هەر لەم بەشەدا باسی یاخیبوونی عەرەبی دەکات. لەڕووی مێژووییەوە باسی موعتەزیلە وەک هزری یاخی و خەواریج وەک رەوتێکی سیاسی یاخی دەکات. دواتر باسی یاخیبوون لای کورد دەکات و پێیوایە شۆڕش و راپەڕینەکانی ناچنە خانەی یاخیبوونەوە.
بەڵام یاخیبوونی ئاینی لای شاعیرانی کورد، بە تایبەتی بابە تاهیری هەمەدانی، ئەحمەدی خانی و هتد هەبووە، نالیش وەک شاعیرێکی یاخی لە دۆخی باوی نووسین دەبینێ. پاشان باسی گروپی روانگە و کفری وەک بزووتنەوەیەکی یاخی لەلایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات. لە کۆتاییشدا ئاوڕ لە چەمکی دیاردەناسی و پەیوەستی بە ئەدەبەوە دەداتەوە.
لە بەشی دووەمدا ژیان و بەرهەمەکانی شێرکۆ بێکەس و رەنگدانەوەی ژیانی لەسەر یاخیبوونە شیعرییەکەی باسدەکات و دەڵێ ژیانی شێرکۆ خۆی دەقێکی ئەدەبی ناوازەیە، چونکە پڕیەتی لە ئازار و خۆشی، خەم، ئاوارەیی، شاخ و زیندان، بێ باوکی و هەژاری و هتد.
شێرکۆ هەمیشە لەگەڵ ئازاری نیشتمانەکەیدا بووە، جا ئەو ئازارە بەدەستی داگیرکەران بووبێت یان شۆڕشگێڕەکانی. مەریوان وریا قانع دەڵێ: شیعرەکانی شێرکۆ گواستنەوەی ئەزموونی کوردبوونە بۆ ناو شیعر، کوردبوون بەو مانایەی دەرکردنی کوردە لە مێژوو کە ئەمەش وەک دەرکردنی مرۆڤە لە بەهەشت. شێرکۆ هەموو رووداو و مێژووی کوردی لە سەدەی بیستدا کردووە بە شیعر.
دواتر باسی تێمای عەشق لای شێرکۆ دەکات کە چۆن پەیوەستی کردووە بە ژیان و ئازادی و نیشتمانەوە، شێرکۆ تاکە شاعیری کوردە کە زۆر ڕاشکاوانە پشت لە مەعشوقە کۆنەکەی (نیشتمان) دەکات و روودەکاتە مەعشووقێکی نوێ "ئێستا کچێک نیشتمانمە".
لەبەر ئەوە نیشتمان لای شێرکۆ مانایەکی ناسیۆنالیستانەی بەرتەسکی نییە. دواتر توێژەر باسی هۆکارەکانی گۆڕانی نیشتمان بە کچ وەک ئومێدی رزگارکەر دەکات. لەبارەی زمانی دەقەکەشەوە دەڵێ کە زیاتر لەگەڵ واتای دەق نەک پێکهاتەی رێزمانی مامەڵە دەکات.
لەبارەی ناونیشانی دەقەکەوە دەڵێ، شاعیر ویستوویەتی لە یەکەم بەرکەوتنی خوێنەر لەگەڵ دەقەکەدا هەست بە کودەتایەکی گەورە لە جیهانبینی شاعیردا بکات. شێرکۆ دەیەوێ بە تەواوی خۆی لە رابردوو، کولتوور و نەوەی رابردوو، هەموو شتێکی نیشتمان داببڕێت. شێرکۆ سوود لەو رەمزە یاخیبووە جیاوازانەی کورد دەبینێ تا دیاردەی یاخیبوون رۆشنتر نیشانبدات.
توێژەر دەڵێ شێرکۆ لەم دیوانەدا وەک شاعیر، مێژوونووس تەنانەت وەک رۆژنامەنووسێکیش مامەڵەی کردووە تا هەموو ناشیرینیەکانی نیشتمان باس بکات. لە کۆتایی ئەم بەشەدا بە 29 خاڵ رەهەندەکانی یاخیبوون بە نموونەی شیعرییەوە باس دەکات.
بەشی سێیەم بە ناونیشانی وێنەکانی یاخیبوون لە دیوانی (شرق عدن غرب للە...)ی محەممەد ماغوتدا، سەرەتا باسی ژیانی وەک هاوئەزموونی ژیانی شیعری دەکات، خودی ماغوت خۆی دەڵێ: "من شاعیرێکم لە ژیان و ئەزموونەوە هاتوومەتە دەرەوە، نەک لە رۆشنبیری و کتێبەوە". ماغوت بونیادنان و تێکدان بە ئەرکی شاعیر دەبینێت.
شاعیر دەیەوێ ژیان و جیهان وەک ئەوەی خۆی دەیەوێ جوان بکات یان تێکبدات. ماغوت کاتێ لێی دەپرسن بۆ ڕەشبینی، دەڵێ کەس گەشبین یان ڕەشبین لەدایک نابێت، ژیان ئەوە سازدەکات، خەم کاکڵەی داهێنانە بە کۆمیدیاشەوە. دواتر توێژەر باسی زیندان و زمانی شیعری یاخییانەی دەکات کە تەنانەت خۆشەویستیش بە ئازارەکانی زیندانەوە گرێدەدات:
خۆشەویستم ئەوینی تۆ لە ئازاری زیندان دەچێت و...
ماغوت لە ئەدەبی نوێی عەرەبیدا پێشەنگی پەخشانە شیعرە کە شێوازێکی روونی لە هەموو جۆرەکانی نووسیندا پەیڕەو کردووە، ماغوت لە نووسینەکانیدا چەند وشە و جێناوێک بەردەوام دووبارە دەکاتەوە، بەتایبەت "من"، هەروەها سوودوەرگرتن لە چیرۆک، کورتبڕی، پرسیار و بانگکردنیش تایبەتمەندی شیعریی ئەوە.
دواتر توێژەر باسی ئاستەکانی یاخیبوون لە دیوانی ناوبراودا دەکات، وەک یاخیبوون لە دەستەبژێر و مێژووی سیاسی کە بڕوای بە فریادڕەسێک بۆ گۆڕینی دۆخەکە نییە، بەڵام لای شێرکۆ فریادڕەسێک لە وێنەی "رۆزانا" هەیە. ماغوت لەگەڵ خۆیدا هەموو شتەکانی ناو ژیانیش یاخی دەکات. سەبارەت بە ناونیشانی دیوانەکەش سوودی لە چیرۆکی دەرکردنی ئادەم لە بەهەشت بینیوە. ماغوت ئاڵای تووڕەیی و یاخیبوون لە زۆر رەهەندی جیاوازی سیاسی، ئاینی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری هەڵدەکات، ئیستاتیکای تووڕەیی ماغوت بۆ ناو سیستمی خێزان و ئیستاتیکای باویش دەڕوات.
"من مناڵەکانم دژی باوکەکان و باوکەکان لە دژی دایکەکان و نەوەکانم دژی باپیرەکانیان هانداوە"
ماغوت خۆشەویستییەکی زۆری بۆ ئەو شوێنانە هەیە کە تێیاندا ژیاوە، بەڵام نیشتمانێک رۆژانە شکۆی مرۆڤی تێدا دەشکێنرێت وەک زیندانێکی گەورەیە، نابێ بە نیشتمانی شاعیری راستەقینە، بۆیە یاخیبوونی لە نیشتمان تا ئاستی خیانەتکردن دەڕوات.
لە کۆتایی نامەکەدا توێژەر چەند ئەنجامێکی تیۆری و پراکتیکی دەخاتەڕوو، لە پراکتیکدا ئاماژە بەگۆڕینی وێنەی مەعشوق و زمان و فەرهەنگی نوێ لای شێرکۆ دەدات، بۆ ماغوتیش یاخیبوون پەیوەستە بە لەدایکبوونی وەک عەرەب لە کۆمەڵێکی خێڵەکیدا، بۆیە سیمای یاخیبوون لای ئەم دوو شاعیرە، بنەڕەتییە.