لە روانگەی (ئۆشۆ)وە (15)

نەخۆشیی دەروون بە جۆرێك تەشەنەی كردووە، زۆرینە دووچاری هاتوون و زەمین وەك شێتخانەیەكی بەرینی لێ هاتووە. ئەو نەخۆشییەی، دەروونی خەڵكی دونیای گرتووەتەوە، ناوی نێرگزیبوونە. ئەوە ژیانە لە وەهمدا كە هەموو كەسێك خۆی بە سەربەخۆ دەزانێت و ئەو وەهمە، ئینسان بەرەو شێتبوون دەبات. بۆچی هەموومان نەخۆش كەوتووین؟ چونكە زمانی خۆشەویستیمان لەبیر چووەتەوە و بوێریی ئەوە شك نابەین، ئەو سەرچڵییە بكەین كە ناوی خۆشەویستییە.

بۆچی ئەو خەڵكە بایەخ بە سێكس دەدەن؟ چونكە كارێكی كاتەكییە، بەڵام خۆشەویستی، وابەستەی كاتێكی دیاریكراو نییە، ڕەگی قووڵ ڕۆ دەچێت و ڕەنگە بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت. خۆشەویستی پێویستی بە هاوسۆزییەكی گەرموگوڕ و بە ئولفەتێكی قووڵ هەیە، بەڵام سێكس تەنیا چێژوەرگرتنە لە جەستەی یەكدی و هیچی تر، ئاخر ڕۆح تێیدا بەشدار نییە. خۆشەویستی با ئازاریشمان بدات، نابێت خۆمانی لێ بدزینەوە، چونكە بەهۆی ئازاری خۆشەویستییەوە، ئینسانێكی پێگەییشتوومان لێ دەردەچێت.

ئەوە تەنیا خۆشەویستییە لەوە دڵنیامان دەكاتەوە كە ژیان بێمانا نییە، ئەوانەی باس لە بێمانایی ژیان دەكەن، بە ئەزموونی خۆشەویستیدا تێنەپەڕیون. ئەوە كێشە نییە، ئەگەر خۆشەویستی بە تاریكی دەست پێ بكات، چونكە خۆر لە منداڵدانی شەوەزەنگەوە دێتە دەرەوە. خۆشەویستی نوێژێكی سرووشتییە، هیچ دینێك لە سەرمانی فەرز نەكردووە. خۆشەویستی هێزێكە، تۆ وەك تاكەكەسێك لەنێو دەبات و بۆ ئەوە كۆمەكت دەكات، ببیت بە ناكۆتا، ئاخر تۆ وەك شەونمێك لە ئۆقیانووسی مرۆڤایەتیدا بزر دەكات. كە تۆ وەك شەونمێك بزر دەبیت، بەوە نامریت، ئەوەی دەمرێت، وەهمی نێرگزیبوونە كە لە تۆ وابوو، حەقیقەتە.

خۆت بناسە، یان خۆت خۆش بوێت؟ عەقڵی یۆنانی چونكە تامەزرۆی زانین بوو، بۆیە گەورەترین كەلەپووری لە فەلسەفەدا بۆ مرۆڤایەتی بەجێ هێشتووە. وەك چۆن ناتوانین وەڵامی: من كێم، بدەینەوە، ئەگەر خۆمان نەناسین و دەرك بە هەبوونی خۆمان نەكەین، هەر وایش ناتوانین لە خۆشەویستی تێبگەین، ئەگەر خۆمان عاشق نەبین. خوشەویستی ئەوە نییە، خۆمان بە دەست شەپۆلی سۆزەوە بدەین و زوو زوو هەڵبچین، خۆشەویستی ئەوەیە، وەك چۆن دەتوانین بەرانبەر شتەكانی دەرەوەی خۆمان بابەتی بین، بەرانبەر حەقیقەتی خۆیشمان بابەتی بین.

خۆت بناسە، زادەی عەقڵی یۆنانییە، لای هیندۆس، خودی خۆت بە! یان خۆت بە وەك هەیت! جێی بایەخە. عەقڵی یۆنانی، عەقڵێكی زانستییە، بەڵام عەقڵی هیندی، عەقڵێكە دینی، ئەوە بۆیە تا ئێستایش ئەوی لەدووی زانست بگەڕێت، ڕوو لە ئەورووپا دەكات، بەڵام ئەوی شەیدای ئایینناسی بێت، ڕێی خۆرهەڵات دەگرێتە بەر. بۆ ئەوەی بابەتییانە سەیری خودی خۆمان بكەین، پێویستمان بەوە هەیە، لە ناخی خۆمان بچینە دەرەوە، ئینجا لە خۆمان ورد ببینەوە. ئەم تێڕوانینە بە عەقڵێكی زانستی دەكرێت، نەك ئایینی. لای عەقڵی یۆنانی، خۆت خۆش بوێت، بیرۆكەیەكی گەمژانەیە، ئاخر خۆشەویستی پێویستی بە دوو لایەن هەیە.

لای عەقڵی هیندۆس، تۆ لە پێناوی تێركردنی ئارەزووەكانی خۆتدا، ژنەكەتت خۆش دەوێت، ئەوت خۆش ناوێت، لەڕێی ئەوەوە كە خۆشیت پێ دەبەخشێت، خۆت خۆش دەوێت. هەر لە پێناوی خۆشیی خۆتدا، منداڵ و هاوڕێكانیشت خۆش دەوێن، ئاخر ئەوان دەكەیت بە پردی پەڕینەوە بەرەو خۆشویستنی خۆت. لە هیندۆس وایە، ئیللا دەبێت، خۆت خۆش بوێت. لای یۆنان، خۆشەویستی پێویستی بە ئەوی تریش هەیە، بەڵام ڕاستییەكەی، خۆشەویستی ئەوەیە، لە سەرەتاوە بە دووان دەست پێ دەكات، بەڵام دواتر دەبن بە یەك.

خۆشەویستی یان نییە، یان كە هەبوو، ئیدی پێویستی بەوە نابێت، هیچی تری لێ زیاد بكەین. خۆشەویستی بە چەندایەتی نییە، تا بتوانین زیاتری بكەین، بە چلۆنایەتییە كە نە هیچی لێ كەمە و نە لێی زیاد دەكرێت. چۆن بتوانم تۆم باشتر خۆش بوێت؟ بەو پرسیارەتدا دیارە، هێشتا تامی خۆشەویستیت نەكردووە و دەتەوێت نەبوونی خۆشەویستی لە كنت، لەژێر پەردەی نەزانیندا بشاریتەوە، ئاخر ئەوی خۆشەویستیی ئەزموون كردبێت، پرسیاری وا ناكات.

بۆ ئەوەی بزانین خۆشەویستی چییە، هەنگاوی یەكەم پێویستە لە ئارەزووی جیا بكەینەوە. ئارەزوو هەڵچوونێكی نابینایانەیە، بەڵام خۆشەویستی بۆنێكی خۆشە، بێدەنگی و ڕامان بەرهەمی دەهێنن و هیچ پێوەندی بە بایەلۆجی و هۆرمۆنەوە نییە. خۆشەویستی فڕینی تێگەییشتنمانە بەرەو دونیایەكی باڵاتر لە ماددە و لە جەستە. ماددە: (ماترا)یە و (مەتر)یش هەر لە هەمان گوتەوە هاتووە، مەبەست لە (خۆشەویستی لەسەروو ماددەوەیە،) ئەوەیە كە ملكەچی پێوانە نییە و تا بەرزتر هەڵبكشێت، لووتكەی بڵندتری لێوە دیارە، ئاخر لە تێگەییشتنی ئینسان دەچێت كە ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێت، سنووری بۆ نییە.

خۆشەویستی زادەی هۆشیارییەكی بڵندە، وەك بۆنی گوڵەباخ وایە، لە گوڵەكەدایە، لە ڕەگی دارگوڵەكەدا نییە. بایەلۆجی ڕەگی درەختەكەیە، هۆشیاری بەرەكەیەتی، بە هۆی هۆشیارییەوە دەرك بە خۆشەویستی دەكەین، هەر دەركیشمان پێ كرد، هەست بە بەختەوەری دەكەین، ئیدی لەو بەختەوەرییە بەشی ئەوی تریش دەدەین، ئەوی بەو بەختەوەرییە نەگات، ناتوانێت خۆشەویستی ببەخشێت. كێشەكە ئەوەیە هەمووان شەیدای ئەوەن خۆشەویست بن، بێ ئەوەی هۆشیاری شك ببەن، ئاخر بەبێ هۆشیاری ناتوانین بۆنی گوڵی خۆشەویستی بكەین.

بۆ ئەوەی خۆشەویستی ببەخشینەوە، پێویستە ناخمان گوڵزارێك بێت پڕ لە گوڵی بۆنخۆش، ئەگەرنا دەرك بە مانای خۆشەویستی ناكەین. چۆن ناخمان پڕ ببێت لە گوڵ و چۆن هەست بە خۆشەویستی بكەین، ئەگەر مڵەی نەخۆشیی دەروون، ناخمان بكێڵێت، ئەگەر دەروونمان بە ئامۆژگاریی واعیز ژاراوی بووبێت و هەمیشە هەست بە گوناهباریی خۆمان بكەین! ئەوی هەست بە كەموكووڕی بكات، ڕێزی بۆ خۆی نامێنێت و شكۆی خۆی بە تێكشكاوی دێتە بەرچاو، ئیدی چۆن هەست بە بەختەوەری بكات و چۆن خۆشەویستی ببەخشێت؟

خۆشم دەوێیت! ئەو دەربڕینە، لە زۆربەی دۆخەكاندا، هاواری كەسێكی برسییە بۆ سێكس، ئاخر زادەی حەزێكی بایۆلۆجییە. ئەوی پێی دەڵێین، تۆ جوانترین ژنی دونیایت، كە لێی تێر بووین، بیر لەوە دەكەینەوە، چۆن زووتر خۆمانی لێ قوتار بكەین و ژنێكی دیكە ڕاو بكەین. (خۆشەویستەكەم: بە بڵندترین چیادا هەڵدەگەڕێم، بە تووڕەترین زەریادا ڕەت دەبم، نە گوێ دەدەمە زریان و نە سڵ لە گڕكان دەكەمەوە، تەنیا بەو هیوایەی ساتێكی كورت لە نزیك تۆوە بم. ئێوارەی هەینی، یەكدی دەبینین، ئەگەر كەشوهەوا باراناوی نەبوو!)
22ی نۆڤەمبەری 2016
ستۆكهۆڵم

(1) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیە.