هەڵوێستەیەکی هێرمنۆتیکی لەسەر کتێبەکانی نالی
لەم وتارەدا هەوڵ دراوە ئەو وێنا و سیمایەی نالی کە لە دەرەوەی سیستەمی بەلاغە و داڕشتنی شیعریی زمانی عەرەبی و کولتووری زاڵی
زمان و وجوود و قودسییەت و ئەگەری دۆزینەوەی شاعیرێکی مولحید!
کتێبی نالی بەتایبەتی بەرگی دووەم "بەرجەستەکردنی رۆحە" و ئەو میتۆدەی کە تێیدا رەچاو کراوە و بە پشتبەستن بە فاکتە مێژوویی و دەقییەکان، بە تەواوەتی بەرگری لە ئاوەها تێزێک دەکات.
دڵنیام سیوەیلی زۆر باش دەزانێت نالی چ وجوودێکی پڕ دژوازی و ناکۆکی هەبووە و ئەمەشە جاویدبوونی نالی و پەرۆشی و پڕتاقەتیی راڤەکەری نالیش. سەرەڕای هەموو ئەم شتە گشتییانە، بە دوو هۆ دڵنیام نالی زۆر رەهەندی تری بۆ کەشف تێدا ماوە. یەکیان بەهۆی ئەو وجوودە دژوازەی نالی و ئەویتریان بەهۆی ئەوەی کە ئێمە وەکوو زۆر بوار، کارێکی ئەوتۆمان لەسەر (دەقە کلاسیکە مەزنەکان) نەکردووە. هەموو ئەم وتانەی من لە سەرەوە تا ئەم دێڕە هەڵگری توخمگەلی ستایش و خۆشحاڵی و هیوا بوو لە کاتێکدا درووستتر و رەواترە کە کورد بە نیسبەت خۆی و مێژووی خۆی بەراورد بکەم، ئەگینا ئەگەر چاوێکی زۆر خێرا بخشێنینە سەر ئەو کتێبانەی بۆ نموونە لەسەر حافزی شیرازی نووسراون و خۆمان لەگەڵ فارس و ئەدەبەکەیان بەراورد بکەین، دڵنیام نەک تەنها من، بەڵکوو زۆر مامۆستا و شارەزای کورد لەو هەموو ڕەنگامەیی و تەئویلە جیاواز و جۆراوجۆرە تووشی شۆک دەبن. بەڵام ئەم بەراوردە هەمیشە درووست نییە، چوون سێبەرێکی هەژموونیک و سەپێنەری بەسەر "من"ی بێ جوگرافیایەکی کولتووری و زمانی و سیاسییەوە دەردەکەوێ. واتە ئەگەر، نازانم، بەهەرحاڵ ئەگەر بەراوردیش بکەین بە زەنگینی و دەوڵەمەندیی ئەو راڤانەی لە زمانی فارسیدا بۆ کلاسیکەکان دەکرێن، بێگومان ئەم هەوڵانەی سیوەیلی لە ئاستی ئەوانەی کە من خوێندوومنەتەوە، بەرزترە بە دوو هۆی سادە:
1- سیوەیلی دەمارگرژیی ناسیۆنالیستی بەسەر دەقی نالی و دەلالەتەکانیدا نەسەپاندووە، بەڵام ئەوان بە حەق و ناحەق ریشەی بوون و نەبوونی زۆر ئایدیا و تێگەیشتن دەگەڕێننەوە بۆ حافز و مەولانا کە لە زۆر حاڵەتدا بەتەواوی وەهمی و گەوجانەیە و لەهەندێ شوێنیش دەکرێت بەرگرییان لێ بکرێت. بەگشتی راڤەکەری جیاوازی نالی لێرەدا بەرلەوەی ناسیونالیست بێت، واقیعبینە و گومان و پرسیاری کردووە بە چاوساغی سەفەری خۆی بەناو مێژوویەکی گەورە لە کولتوور و بەلاغە و زمان و ئاژاوە و شیعر. واقیعبینێک کە رەگەزی شوناسێکی زمانی و "خود"یانەی لە نالی و لە "خود"ی نالی دەردێنێت، نەک خۆی بیخاتە زاری نالییەوە.
2- ئەم کارەی سیوەیلی تێزێکە بۆ دەرچوون لە پێکهات و جەغزێکی ئایدیۆلۆژیک و بەرتەسکی نە تەنها شیعری یان ئەدەبی، بەڵکوو فیکری و ئیستاتیکیش و تۆ بڵێ دواجار وجوودیش لە پانتای نووسین و لێکۆڵینەوە ئەدەبییە کوردییەکاندا. سیوەیلی بەشێوەیەکی ورد باسی کۆسپ و تەگەرە و چوارچێوە و دیوارەکانی بەلاغەی کردووە و بە باشیش جەسارەت و بوێریی نالی بۆ تێپەڕاندنی ئەو چوارچێوەیە خستووەتەڕوو. بەلاغە بەرلەوەی چوارچێوەیەک بێت بۆ دەربڕینی شیعری، زیندانێکی ئایدیۆلۆژیکە کە لە مانا هەرە گشتی و فەلسەفی و وجوودییەکەیدا بۆ خودی عەرەبیش زەرەر و خەساری گەورەی بووە و ئێستەش بەشێوازێک هەر هەیەتی، جا ئەگەر بەلاغە لە دەرەوەی زمانێکی غەیری عەرەبی کۆڵەکە و گۆشەکانی خۆی رۆبنێت، ئەوا دەبێتە کارەساتێکی دانسقە! بەڵام نالی شۆڕشە گەورەکەی بۆ ئێمە کردووە. یەکەمین بەردی بناغەی شوناسی وشیارانەی زمانی کوردی و راگەیاندنی سەربەخۆیی لە شوناسی ئوممەی عەرەبی نالی دایمەزراندووە. چ بوێرییەکە لە تەنیشت ماڵی خودا و لە قووڵایی کتێبەکەیدا بژیت و ورد و درشتی زمانی عەرەبی و بەشێکی بەرچاوی کولتووری عەرەب بزانی، بەڵام وێنا و رەوایەتێک لە "کەر" بکەیت کە تەواو پێچەوانەی باوەڕ و عەقیدە ئاسمانییەکەت بێ. باسی شەرمگای مانگەکەی میر. واتە مەستوورەخانی ئەردەڵان بکات بە شێوەیەکی ناسکبێژانە و میتافۆریک. هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە نالی شاعیرێکی دژە "زمان" بووە. بەو واتایەی سەرەڕای ئەوەی کە بەلاغەی عەرەبی بەشی سەودا و پەرۆشییەکانی وجوودی نەکردووە، بەڵکوو زمانی کوردی و سیستەمی وێنە و وێنا و میتافۆر تەقینەوەیەک ئەزموون بکەن. زمانی نالی شۆڕشە بەسەر رەگەزە نەریتییەکانی هەم کولتوور و زمانی عەرەب و هەم رەگەزە میتۆلۆژیک و نامۆدێرنەکانی زمان و کولتووری کوردی کە لە پەراوێزی هەژموون و هەیمەنەی کولتووری عەرەبیدا هەناسەی کێشاوە. بۆیە دەڵێم وجوودی نالی لەسەرووی زمانەوەیە، رەنگە بە ڕوویەکی تردا ئێمە پێویستمان بێت نالییەکی رۆماننووس یان شانۆکار یان دەرهێنەر بگێڕینەوە و ئەمە زێدەڕۆیی نییە. (تا ئەو شوێنەی نالیم ناسیبێت، داهاتوو کێ دەزانێ چ دەبێت؟). نالی لە رێگەی زمانەوە خودێکی درووست کرد کە زۆر گەورەتر و بەرینترە بەسەر نەفسی زمان.
ئەمە ئەو لایەنە ئەبستراکت و دەرهەستە وجوودییەی زمانە کە پێموایە لای نالی هەیە و دەکرێ دواتر ئیشی لەسەر بکرێت. جا بۆچی ئەم باسەم هێنایە ئاراوە؟ لەبەرئەوەی وا تێدەگەم لەم کتێبەدا بەشێک (جا چ لە کۆتایی بێت یان پێش دوا شیعری کۆتایی کتێبەکە) غایبە و ئەویش بەشێکە تایبەت بە بووتیقا و شێوەزمانی جیهانیی شیعری نالی، رەنگە لە بیست تا سی لاپەڕەدا بکرایە تیشکێکی بخرێتە سەر. کارکردن لەم ئاستە دەرگای زۆر ئایدیا و تۆژینەوەی تر لەبارەی لایەنی پێوەندیدار بە وجوود و زمان و دەرەزمان لای نالی دەکاتەوە.
بەدەر لەو خاڵانەی سەرەوە کە باسمکردن، دەبێ بێژم لە کتێبی نالیدا باسی قودسییەت و شوێنی پیرۆز و رووبەری حەرام و تابۆشکێنی بەشێوەیەکی ورد و تایبەت بەو زەمینەیەی راڤەکارییەکە کراوە و ئەمە ئەو خاڵە وەرچەرخانە جەوهەرییەی نالییە کە دەکرا خوێندنەوەیەکی دەرەئایینی بۆ بکرێت، یان بگرە هەندێ رەگەزی دژە ئیسلامیشی تێدا بەدی بکرێت و رەنگە خودی ئەم ئایدیایە بکرێ وەکوو تێزێک بخرێتە روو، رەنگە سیوەیلی بەهۆی سیاسەتێکی مەتنی یان دەرەمەتنی لە گەڵاڵەکردنی ئەم باسە خۆی بواردبێت، چوون بێگومان شارەزای زەمینەی کولتووریی خوێندنەوە و فەزای زانکۆکانی باشوور و قووڵایی سایکۆلۆژیەتی ئاینیی شەقامی کوردیی باشووریش هەیە. بۆیە ئەگەر بڕیارە لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنیتی دان بە بوونی نالییەکان یان چەندین نالیدا بنێت، کەواتە گریمانەکردنی نالییەکی دژەئایین سەخت نییە.
کتێبی نالی و زەنگی شکاندنی رچە باو و زاڵەکان:
وەک لە سەرەوە باسمکرد، ئەم کتێبە تێزێکی وەها جەسوورانە و تازەیە رەنگە منی گەنجتر وا شایستەتر ببینم سیوەیلی تۆزێتر لە تەوازوع و رووپامایی بە نیسبەت "لێکدانەوە" و تەفسیراتی مامۆستایانی بەڕێز و خزمەتکاری گەلەکەمان کەم بکاتەوە، چوون ئەوانیش بەهەمان میکانیزمی بەلاغەوە نالییان لێکداوەتەوە و باشتر وایە بڵێم مانایان کردووەتەوە و تەفسیریان بەسەردا سەپاندووە. ئەوانیش خۆیان گیرۆدەی زیندانی بەلاغە بوون. رەنگە لە هەندێ شوێن کەمتر وابن، بەڵام بەگشتی لەناو ئەو جیهانە ئایدیۆلۆژیک و بەرتەسکەدا نالییان بۆ ساڵانێک قەتیساند. رەنگە لێرەدا من تۆزێک رادیکاڵ دەربکەوم، بەڵام ئەوان تەقریبەن دوا نەوەی زیندووی جێدەست دیاری بەلاغە بوون. ئەوان خۆیان بەلاغە و فیگۆری بەلاغی ئێمە بوون و من لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا تەوازوعی سیوەیلیم دیت کە هەموو هەوڵی داوە خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ مامۆستایانی مودەڕیس بکاتە دەریچەی راڤەکاری و تەئویلەکانی خۆی. من بەم ئاراستەیەدا چاوەڕوانیم لە سیوەیلی زیاترە کە هەندێجار بە شێوازێکی نەرمیش بێت بدات لە بن و بنەمای ئەو سەمبوولە بەلاغییانەی دونیای خۆمان تاکوو هەم خوێندکاران و فەزای زانکۆ بخاتە سەر تێڕامان و مشتومڕی زیاتر و هەمیش رێگە بۆ کەسانی وەک من و نەوەی دواڕۆژ خۆش بکەن کە بڕێک بوێرانەتر بە دوای شوناس و دیوارەکانی و لایەنە دژ و بەراوەژووکەیدا بگەڕێن و تۆژینەوە بکەن و تێز بدەن.
نالی و عەشق و وجوود:
خاڵێکی دیکە کە دەبێ بێمە سەری و زۆریش بە گرینگی دەزانم، لایەنی عاشقانەی نالییە. ئەو عەشقەی نالی وەکوو وتراوە شتێکی تایبەت و جیاوازە و دەکرێت راڤەیەکی مانایی جیاوازی بۆ بکەین، بەڵام پەیوەست بە "کتێبی نالی" دەشێ بکرێت بە کڵاوڕۆژنە و دەروازەیەک بۆ بوونی ئیرادەیەکی وجوودیی "سەرکێش و شێت" بەمەبەستی تێپەڕاندنی چوارچێوەکان، واتە لێرەدا چوارچێوە فۆرمی و بەرتەسکەکەی بەلاغە. عەشق و جنوون لە هەموو حاڵەتێکدا ئەکتێکی وجوودییە کە لە یاساکان دەدات و لێرەشدا بەلاغەی پووچەڵ کردووەتەوە.
گەر بێیە دەرێ سەروی رەوانی لە ئیرەمدا
گەر نەییە دەرێ ئاهووی چینی لە حەرەمدا...
من لە یەک شت دڵنیام، ئەویش ئەوەیە کە نالی جیهانێکی ئاسایی نەبووە و وەک لە سەرەوەش گوتم زەمینییەکی ئەفسانەیی و دژەباوێکی سەرکەشە. بەدەر لە بابەتی عەشق وەکوو دەروازە، خودی پرسی عەشقیش لە جیهانی ئەمڕۆی ئێمەدا لە قەیران و ناکۆکییەکی قۆناغی تێپەڕی مۆدێرنەی ئێستاماندا دەژی، لەبەر ئەوە کردنەوەی ئەم فایلە خاڵێکی درەوشاوە و سەرنجڕاکێش دەبوو هەم لە رووە شیکاری و داهێنەرانەییەکەی و هەمیش بۆ بەردەنگ و خوێنەر. بەرهەمهێنانی ئەمڕۆییانەی مەعریفە بۆ عەشقێکی کلاسیکی بەڵام مۆدێرن و ناسوننەتی.
زمانی ئەگەر و گومان دژ بە زمانی پەند و ئامۆژگاری:
(پێوەندی نالی و واعیز و رەقیب و هاوچەشنەکانیان)
خاڵێکی دیکەی پێویست بۆ باسکردن ئەوەیە کە واعیز و رەقیب و هاوچەشنەکانیان لە شیعری نالی و ئەدەبی کلاسیکی ئێمەدا زۆر هاتوون و خۆشبەختانەش ئەم زاتانە لەلایەن شاعیرانمانەوە هەر رەخنەیان لێ گیراوە و رەتکراونەتەوە، یان سەرکۆنەکراون. بە نیسبەتی نالی مەزنەوە واتێدەگەم "واعیز" بەدیوێکی تردا سەمبولی ئەو چوارچێوە بەلاغی و ئایدیۆلۆژییە بێت کە لە بەرگی دووەمی کتێبی نالیدا باس کراوە و بەڵگەی زۆر بۆ ئەم مەبەستە لە تەئویلەکەی سیوەیلیدا خراوەتەڕوو. واعیز بەزۆری دەلالەتە وشەییەکەی ئەوەیە کە کەسێکە لەگەڵ کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی پێناسەکراوی سنوورداردا سەروکاری هەیە و هەر ئەوانە بۆ خەڵک دەڵێتەوە، بۆیە زۆر کەس نە حەزی لە واعیز بووە نەش حەوسەڵەی وەعزی ماوە. واعیز بکەرێکی زمانیی بەلاغەی عەرەبییە و نالی لە پلەی بکەرێکی زمانی و خۆکردی و خۆکوردیدا داویە لە بنی. ئەمە یەکێکە لە "خود" بوونە سەربەخۆ و دەرەبەلاغییە سەمبولییەکانی نالی لە ئاستێکی وشیارانەی هەرە باڵادا.
بە نیسبەت رەقیبیشەوە ئەمە زۆرتر لە دونیای عەشق و تاڕادەیەکیش پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نالیدا ئامادەیە، بوونی رەقیب لەم پانتایەدا بەهێزکەرەوەی خەستی و گوڕیی ئەزموونی عەشقەکەی نالییە کە وەک لە سەرەوە گوتم سەرکێشیە مەزنەکەیە.
پێوار و غیابی زمانناسی کۆمەڵایتی لەسەر نالی:
من هەوڵمداوە هەندێ دەق بە پێوەرگەلی تایبەت وەکوو دەقی فرەڕەهەند پێناسە بکەم و ئەمە بۆ دەقی کلاسیک زۆر زەقتر دەبێتەوە. وا تێدەگەم هەندێ جار راڤەکەرێک لەڕووی ئاستی هۆشیارییەوە دەقی دانەر تێدەپەڕێنێت نەک بەو مانایەی دانەری دەقەکە شارەزایی لەسەر ئەو مانایانە نەبێت (هەندێ جاریش نییەتی هەڵبەت) بەڵکوو بەو مانایەی کە ئەو دەقەی راڤەکەرێک باسی دەکات دەقی "خود" بە مانا ئورژیناڵەکەی نییە، بەڵکوو دەقی ئەویدییە بە مانای ئەوەی کە خودێکی جگە لە دانەر سەفەری تێدا دەکات، ئەمەش ئاڵۆزیی پرۆسەکەمان بۆ دەردەخات. دەقی نالی واڵا و فرەڕەهەندە، چوون خۆی وایە، بەڵام ئەم فرەڕەهەندییە تەنها بۆ "ئەو" ناگەڕێتەوە، بەڵکوو وابەستەی ئێمەشە کە دوو سەدە دوای نالی لێرەین و هاوکات نالیشمان لەگەڵە، بۆیە لەیەک ساتی مێژوویی و مەتنیدا ئامادە دەبین. لێرەدا دەقی نالی دەبێت بە پانتایەکی بەرفراوان بۆ لێکۆڵینەوە لە زۆر لایەن و رەهەندی نالی وەکوو سەمبول و ئولگووی رۆح و فیکری کوردی بەو ماهییەتەی خۆی مانیفێستی کردووە. لە بەشی "نالی لە پەراوێز"دا ئەمە بە باشی و بەشکڵی تر باس کراوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە پەراوێزەکانی نالی لە وشیاریی لاواز و دواکەوتووی کۆمەڵگەی ئێمە (نەک هەندێ تاکی تایبەت) تا چەندە دەبن بە دەق و نالی لەو روخسارە شەریعەتی و حوجرەویی (حوجرە بەو مانایەی کە مامۆستایانی مودەڕیس لێکیانداوەتەوە نەک بەو مانایەی کە سیوەیلی رووبەر و شوێنەکەی گواستووەتەوە بۆ "دەروون") و عاشقانە عەفەوییە دەردێنن؟ ئەمە باسێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە و لە دەرەوەی دەقی نالی بێت رەنگە. بەڵام مەبەستی من لەم باسە ئەوەیە لایەنی سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و فیکریی نالی درێژەی ئەو کەوانەیەیە کە لە کتێبی نالیدا کراوەتەوە و بەشێوەیەکی وشیارانە و بەئەنقەست دانەخراوە و رێگەی بۆ ئیمکانە تەئویلی و راڤەییەکانی تر بەم ئاڕاستەیە کردووەتەوە. ئەم کتێبە ئیلهامبەخشی ئەم ئایدیا و پرسیارانەیە . من حەزم دەکرد کە لەسەر زمانناسی کۆمەڵایەتی نالی باسێک بکرێت و بپرسین کە لە سەردەمی نالیدا خەڵکی کورد چ وشەگەل یان زاراوەگەلێکی زۆرتر لەسەر زار بووە؟ واتا بۆ نموونە ئایا نالی دەیتوانی لەباتی وشەی عەمد، ئەنقەست بەکاربهێنێ؟ ئایا ئەنقەست لە جوگرافیای ژینکراوی زمانیی نالیدا کارکردی بووە یان نا؟ نالی عەمدی بۆیە بەکار هێناوە چونکە ویستوویەتی تانەیەک لە سیستەمی بەلاغەی عەرەبی بدات وەکوو سیاسەتێکی مەتنی؟ یان لەو کاتە (کاتی بەکارهێنانی وەها وشەگەلێک) لە قۆناغی تێپەڕاندنی بەلاغەدا بووە؟ بۆچی ئەم پرسیارانە لە رووە زمانییەکەی بە رەوا دەزانم، چوون وشیاری زمانیی نالی لای من شتێکی روون و حاشاهەڵنەگرە.
دوا لاپەڕەی کتێبی نالی بەم شیعرەوە دەنەخشێت کە دەروازەیەکە بۆ داکۆکی لە تەئویلی تر و خوێندنەوەی تری نالی و دونیاکەی:
بیدی مەجنوونە وجوودم لە هەموو بەر بەرییە
نە کەسێ مونتەفیعی یەک بەرییە یان سێبەرییە.