ئەزموونی نووسین

تا ئەو وەختە بنووسە، 
کە وشەت وەک زۆربا بڕەقسێت و 
ڕستەت وەک مەسیح بەسەر ئاودا بڕوات، 
ئەگەر نا لێ گەڕێ، با قەڵەمەکەت پشوو بدات.

هەموو هونەری نووسین لەوەدا چڕ دەبێتەوە، بتوانین وا بنووسین، خوێنەر بەدەم خوێندنەوەیەوە، نە بێزار ببێت، نە ماندوو، بەڵکوو چێژی لێ وەربگرێت و بەو پەرۆشییەوەی دەست بە خوێندنەوەی دەکات، بە هەمان تامەزرۆیییشەوە، دوایی پێ بهێنێت. با ڕۆمانیش نەنووسین، وا پەسەندترە هەمیشە بەو شێوازە سەرنجڕاکێشە بنووسین، وەکوو خەریکی نووسینی ڕۆمان بین، خۆ ئەگەر شیعر بنووسین و خوێنەرمان نەبێت، ئەوە زادەی هیچ هۆکارێکی دەرەکی نییە، خەوشەکە لەنێو خودی شیعرەکەمانایە. ئەگەر بتوانین شیعری پاکژ بنووسین، شیعری بێ خڵتە، شیعری تەڕوبڕ، نەک وشکوبرینگ، ئەوا شیعرمان هەمان تام و بەرامەی هەنگوینی سرووشتیی دەبێت کە پشتی بە شیلەی گوڵی کێوی قایمە. تەمومژ یەکێکە لە تەکنیکەکانی شیعر، بەڵام ئاڵۆزی، دوژمنی شیعرە، جیاوازیی نێوان تەمومژ و ئاڵۆزی، وەک جیاوازیی نێوان کازیوە و تاریکیی سەرەتای شەو وایە، کە یەکەمیان دووگیانە بە ڕووناکی و دووەمیان دەمانباتە سەر شەوەزەنگ.

بۆچی دەنووسین؟ من بەش بە حاڵی خۆم، ناتوانم نەنووسم، ئاخر هێزێک کە ویستی زەوت کردووم و لە ناخمەوە هەڵدەقوڵێت، بێ خواستی خۆم، ناچاری نووسینم دەکات و ناتوانم لێی یاخی ببم، بە چاوپۆشین لەوەی لە ئەنجامی نووسینەوە، بژێویی خۆم دابین دەکەم، یان ژیانم دەکەوێتە مەترسییەوە. ناخوازم نووسینم کەس کۆت و پێوەند بکات، بەوەی عومەری کوڕی خەتتاب سەرسامم کە نابینایانە پێبەندی دەق نەدەبوو، نە دەستی دزی دەبڕییەوە، نە ڕێی بە هاوسەرگیریی سەفەری دەدا کە بە ڕەوا زانینی بازرگانی بوو بە سێکسەوە. ئەو دەقانە پەسەند ناکەم، پەراوێزێک بۆ لێکدانەوەی جیاواز جێ ناهێڵن، ئاوەز سڕ دەکەن و ڕۆڵی دەسەڵاتێکی ستەمکاری ڕەها دەبینن، ئیدی کتێبی سەوزی قەززافی بێت، یان کتێبی سووری پۆڵ پۆت، کتێبی تەڵخی ئیبن تەیمییە بێت، یان کتێبی زەردباوی سەیید قوتب، یان هەر کتێبێکی دێرینی بەپیرۆزکراوی تر، لەوانەی ئینسان زەلیل دەکەن و بۆ خوێنڕشتن هانی دەدەن.

لە سەروەختی بەرخودان و ڕابووندا، لە رادیۆی شۆڕشەوە، یان ئەو سەروەختانەی زەریای خەڵک لە شەقامدا شەپۆل دەدات، هەندێک هەڵبەست بۆ جۆشدانی خەڵک بە دەنگی دلێر دەگوترێنەوە، ئەو جۆرە تێکستانە، لە دروشم و لە بەیاننامەی سیاسییەوە نزیکترن، وەک لە دونیای شیعرەوە، ئاخر هێندەی پشت بە ڕستەی شۆڕشگێرانە دەبەستن، نیو هێندە پشتیان بە دەربڕینی شیعری قایم نییە. وەک چۆن بەیاننامەی سیاسی و نووسین لەبارەی سیاسەتی ڕۆژانەوە، تەمەنکورتن و هەر زوو هیچ درەوشانەوەیەکیان نامێنێت، شیعرێکیش لە بڵندگۆوە بخوێنرێتەوە و حەوجەی بە نەڕەی شاعیر بێت، با ساڵانێک لەسەر زارانیش بێت، هەر ئایندەی ڕۆشن نییە. شیعر بۆ ئەوە نانووسرێت، بە دەنگی بڵند بۆ جەماوەر بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوە دەنووسرێت، زەینی بدەینێ، لێی ڕابمێنین و بە کپی بۆ خۆمانی بخوێنینەوە.

نووسەریش وەک هەر تاکێکی دیکە، هەم لایەنی بەهێز و ڕۆشن لە ژیانیدا هەیە، هەم لاوازی و خەوش، تەنانەت دەشێت گیرۆدەی گرێیەک یان زیاتری دەروونییش بێت. ڕەنگە ئەو نووسەرەی بە نووسینەکانی سەرسامین و کتێبەکانی لە ئامێزی دڵ دەگرین، خۆی کەسێکی هێندە گرژ و ئاڵۆز بێت، ڕۆژێک لەگەڵیدا هەڵنەکەین. ئەوە هیچ مەرج نییە، نووسین ڕەنگدانەوەی کەسایەتیی نووسەر بێت، ژیانی نووسەر سەرچاوەی نووسینەکانی بێت و بتوانین لەڕێی خوێندنەوەی بەرهەمەکانییەوە، بە خودی خۆی ئاشنا ببین. دەشێت ئینسانێکی تا خوا حەز دەکات چاک بین، بەڵام نووسەرێکی خراپ بین، یان بە پێچەوانەوە، چەندان عەیب و عارمان هەبێت و ئەدەبێکی باڵایش بەرهەم بهێنین.

هیچ مەرج نییە، لە دوای هەر شیعرێکی ڕۆمانتیکەوە، چیرۆکێکی واقیعی هەبێت، خۆ ئەگەر وا بووایە، دەبوو لە شیعری (نیزار قەببانی)دا، بۆ سەدان ژن بگەڕێین، هەرچەندە ئەو شاعیرە چەند شیعرێکی کەمی وەک (بەڵقیس)ی نەبێت، نزیکەی هەموو ئەوانی دیکەی زادەی خەیاڵن. جارێکیان (زەینەب)ی کچی شتێکی وای نووسیبوو: (زوو زوو هەڕەشەم لە باوکم دەکرد و پێم دەگوت، ڕۆژێک دێت دەستەکەت ئاشکرا بکەم و دونیا تێبگەیەنم کە تۆ پیاوێکی چەند پاکیت و چەند لە بواری هونەری ڕاوەژندا، دەستوپێ سپیت.) ڕەنگە لە هەر شیعرێک یان چیرۆکێکدا، هەندێک لە ڕاستی هەبێت، بەڵام بەرهەمی ئەدەبی، بە گشتی، زادەی درۆیە، درۆی ڕەش یان سپی نا، درۆ لەوپەڕی درەوشانەوەیدا، درۆی هونەری، کە بەرهەمی خەیاڵێکی بەرین و بەپیتە.

ژیاننامەی نووسەر بایەخێکی زۆری هەیە، بەڵام لەبەر ئەوە نا، لەبەر تیشکی ڕابردوویدا، دەقەکانی لێک بدەینەوە، یان دەست وەربدەینە نێو لایەنە تایبەتی و کەسەکییەکانی ژیانییەوە، لە سۆنگەی ئەوەوە، کە ژیانیشی چیرۆکێکی درێژە و دەتوانین وەک دەقێکی سەربەخۆ سەرنجی بدەین. ژان ژاک ڕۆسۆ گەلێک کتێبی نووسیوە، بەڵام ڕەنگە هیچیان هێندەی (ددانپێدانانەکان)ی گرینگ و بەناوبانگ نەبن، لەبەر ئەوە نا، هونەرمەندانە خەیاڵی تێدا بەگەڕ خستووە، لە سۆنگەی ئەوەوە، بوێرانە ڕاستییەکانی تێدا درکاندووە، بوێرییەکی وا مەگەر لە داستان یان لە ئەفسانەدا نموونەی هەبێت. 

ئەگەر زمانێک یان زیاتری بێگانە بزانین، چاکتر فێری زمانی خۆمان دەبین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، هەر کە زمانێکی بێگانە فێر بووین، ئیدی خەوش لە کوردییەکەماندا نامێنێت. گەلێک نووسەرمان هەن، گوایە بە زمانی بێگانەیش توانای نووسینیان هەیە، کەچی کە بە زمانی دایکیان دەنووسن، شارەزای ئەلفوبێی زمان و تەکنیکی نووسین نین! وەک مەحاڵ وایە، تەنیا لە بوارێکی ئەدەبیدا چالاک بین و ئەدیبێکی گەورەمان لێ دەربچێت، ئاخر ئەوەی دەینووسین، سەر بە هەر ژانرێکی ئەدەبی بێت، هەر پێویستمان بەوە دەبێت، شارەزای نووسینی ژانرەکانی دیکەیش بین، چونکە ئەوسا ئاسۆی بەردەممان ڕوونتر و فراوانتر دەبێت. دەقی نوێ، سەر بە هەر ژانرێک بێت، بێ ئەوەی ناسنامەی خۆی لە دەست بدات، لە ژانرە جیاوازە ئەدەبییەکانی تریش سوودمەند دەبێت، بەمەیش چەندان پەنجەرەی نوێ بە ڕووماندا دەکاتەوە. 

5/6/2015 

(١) سعید ناشید، العقل و الکتابە.
(٢) عباس بیچون، ألإعتراف، السفیر 22 مایو 2015 بیروت.
(٣) خیری منصور، الشعر العچوی.