سەرەتای کێشەکانی چین و هۆنگ کۆنگ


28ـی ئایاری 2020 پەرلەمانی چین یاسای ئاسایشی نیشتمانیی چینی تێپەڕاند کە بەپێی یاساکە هۆنگ کۆنگ چیدیکە ناتوانێت سەربەخۆیانە لە کاروبارە نێودەوڵەتییەکان بڕیار بدات.

یاسای ئاسایشی نیشتمانیی چین رێگری دەکات لە هۆنگ کۆنگ لە هەموو هەوڵێکی جیاکاری، دەسەڵاتی بڕیاردان و مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتە دەرەکییەکان. هەروەها بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانی چین حکومەتی وڵاتەکە دەتوانێت هێزی سەربازی لەنێو هۆنگ کۆنگ بەکاربهێنێت.

ئەمریکا دژی ئەو بڕیارەیە و دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر باسی سەپاندنی گەمارۆی ئابووری کردبوو بەسەر چیندا لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاساکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی جێبەجێ نەکردووە.

هۆنگ کۆنگ بۆ ماوەی 155 ساڵ لەژێر کۆنترۆڵی بەریتانیا بوو و لە ساڵی 1997 بەریتانیا کشایەوە و گەڕایەوە ژێر سەروەری چین، بەڵام لەو کاتەوە بنەمای "یەک دەوڵەت و دوو سیستەم" لە نێوان چین و هۆنگ کۆنگ جێبەجێدەکرێت.

بڕیار بوو رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 50 ساڵ بێت واتە تاوەکو ساڵی 2047، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئەو کاتە چین داوای گەڕانەوەی هۆنگ کۆنگ دەکات و تێپەڕاندنی ئەو یاسایەش لە پەرلەمانی چین دۆخی نێوخۆی هۆنگ کۆنگی ئاڵۆز کردووە.