خوێندکارێکی غانا بەهۆی رەنگی پێستییەوە لە ئۆکسفۆرد دەرکرا


خوێندکارێک لە یەکێتی کۆمەڵگەی ئۆکسفۆرد بەهۆی رەنگی پێستییەوە لە کۆبوونەوەیەک دەرکرا، ئەمەش چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆی هێنا و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەر و ئەندامە باڵاکانی.


رەگەزپەرستی دیاردەیەکی ناشرینی بەشێک لە وڵاتەکانی جیهانە، رێکخراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان چەندین رێگەی جیاواز بەکاردێنن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەم دیاردە، بەڵام هێشتا بەتەواوی بنەبڕ نەکراوە.


یەکێتی کۆمەڵگەی ئۆکسفۆرد ساڵی 1823 دامەزراوە. بووەتە شوێنی گفتوگۆ و وتاردان بۆ کەسایەتییە گەورە و بەنێوبانگەکان وەک: وینستۆن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا (1940-1945)، دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا (2010-2016)، عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پاکستان و مۆرگان فریمان، ئەکتەری ئەمریکی.


ئێبێنێزەر عەزمەتی، خەڵکی غانایە و خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی، لەکاتی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی یەکێتی کۆمەڵگەی ئۆکسفۆرد لەلایەن پاسەوانەکانەوە رێگری لێکرا و کردیانە دەرەوە. ئەم رووداوە کاردانەوەیەکی خێرا و گەورەی بەدوای خۆی هێنا، خوێندکارە ئەفریقییەکان هەڵوێستییان وەرگرت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری یەکێتی ئۆکسفۆردیان کرد.


بەڕێوەبەر، سکرتێر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەڕێوەبەری ستافەکە دەستیان لەکارکێشایەوە. هەروەها سەرۆکی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە توویتێکدا پشتگیری خۆی بۆ عەزمەتی راگەیاند و گووتی کارەکانی یەکێتی کۆمەڵگەی ئۆکسفۆرد پەیوەندییان نییە بە زانکۆی ئۆکسفۆردەوە.