“رۆژانە لە هەولێر 10 كەس تووشی جەڵتەی مێشك دەبن”

رووداو - هەولێر

پزیشكێكی پسپۆری بواری نەخۆشییەكانی دەمار و مێشك ئاشكرای دەكات كە رۆژانە 10 كەس لە شاری هەولێر بەهۆی جەڵتەی مێشكەوە دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەكان، بەڵام دەڵێت رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی جەڵتەی مێشك لە كوردستان بە بەراورد بە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا كەمترە.

جەڵتەی مێشك، بریتییە لە لەكاركەوتنی بەشێك یان هەموو جەستە، لە ئەنجامی گیرانی دەمارێكی خوێن لە نێو مێشكدا كە زۆرجار دەبێتە هۆی مردنی كەسەكە.

دكتۆر جیهاد خدر، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دەمار و مێشك، لەبارەی جەڵتەی مێشكەوە دەڵێت “یەكێك لەنیشانە هەرە سەرەكییەكانی بریتییە لە گیرانی یاخود خوێنبەربوونی یەكێك لەو دەمارانەی بە نێو مێشكدا دەڕۆن، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی لای راست، یان لای چەپی لەش، یان ماسولكەكانی دەماوچاو، هەندێك لە نەخۆشەكانیش توانای قسەكردنیان نامێنێ”.

سەبارەت بە هۆكارەكانی تووشبوون بەو نەخۆشییە، د.جیهاد گوتی “ئەو نەخۆشییە زیاتر تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە فشاری خوێنیان بەرزە، یان نەخۆشیی شەكرەیان هەیە، زۆربەی ئەوانەشی تووشدەبن جگەرەكێشن”.

نەخۆشی جەڵتەی مێشك لەوانەدا روودەدات كە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵانە، زیاتریش پیاوان تووشی دەبن، بەڵام د.جیهاد گوتی “ئێستا حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە خوار تەمەنی 40 ساڵانیش زۆر بووە”.

كەسوكاری ئەو نەخۆشانەی تووشی جەڵتەی مێشك بوون گلەیی لە پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكانی كوردستان دەكەن كە وەكو پێویست گرنگی بە نەخۆش نادەن و زوو فریای نەخۆشەكە ناكەون.

مەجید ئیبراهیم، كە نزیكەی مانگێكە جەڵتە لێیداوە، لە نەخۆشخانەی رزگاری لەسەر قەرەوێڵەیەك پاڵكەوتبوو، ژنەكەی بەدیارییەوە دانیشتبوو، ئەو توانای قسەكردنی نییە. ژنی مەجید گوتی “پێشتر نەشتەرگەری پرۆستات و میزاڵدانی بۆ كرا، پاشان جەڵتە لێیدا، هێنامانە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، بەڵام لێرە وەكو پێویست گرنگی پێنادەن. كە دەمنێرنە شوێنێك دكتۆرێك بێنم دكتۆر نایەتە لای. دووجار زۆر خراپ رشایەوە پێیانگوتین چاوەڕێی پزیشكی هەناو بكەن، بەڵام پزیشك هەر نەهات”.
 
جەڵتەی مێشك لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سێیەم هۆكاری مردن دادەنرێت. بەپێی ئامارێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ساڵانە لە جیهاندا 6 ملیۆن و 500 هەزار كەس دووچاری نەخۆشی جەڵتەی مێشك دەبن. كە 800 هەزاریان لە ئەمریكان و لەو ژمارەیەش نزیكەی 130 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش هیچ ئامارێك لەبارەی تووشبووان بە جەڵتەی مێشك نییە، بەڵام وەك دكتۆر جیهاد باسی كرد “ئەگەر بچیتە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن دەبینی رۆژانە زیاتر لە 10 كەس تووشی نەخۆشی جەڵتەی مێشك دێن”. گوتیشی “بەڵام ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا كەمە”.

سێ جۆر جەڵتەی مێشك هەیە. یەكەم: جەڵتە بەهۆی گیرانی یەكێك لە بۆرییەكانی خوێن كە 87%ی جەستەی نەخۆشەكە دەگرێتەوە.

 دووەم: خوێنبەربوون لە نێو مێشك كە 10%ی جەستەی نەخۆشەكە دەگرێتەوە.

 سێیەم: خوێنبەربوون لەناو ئەو پەردانەی دەوری مێشكیان داوە كە ئەویش 3%ی جەستەی نەخۆشەكە دەگرێتەوە.

زۆربەی ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشك دەبن، ئەگەری هەیە دووبارە و سێبارە تووشی ببنەوە. بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەكە، دكتۆر جیهاد ئامۆژگاری تووشبووەكان دەكات كە “ئەگەر نەخۆشەكە فشاری خوێنی هەبوو كۆنترۆڵ بكرێ، ئەگەر شەكرەی هەبوو شەكرەكەی كۆنترۆڵ بكرێ، ئەگەر رێژەی چەوری زۆربێ دەرمانی كەمكردنەوەی چەوریی پێبدرێت، هەروەها نەخۆشەكە دەبێت شێوازی ژیانی بگۆڕێت، ئەگەر پێشتر وەرزشی نەكردبێ دەبێت لەمەودوا وەزرش بكات، لە جاران زیاتر سەوزە و میوە بخوات”.

ئەو پزیشكە داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ ئەوەی نەخۆشەكانیان بە توندی تووشی جەڵتەكە نەبن، پێویستە بە زووترین كات بگەیەنرێنە نەخۆشخانە “پێویستە نەخۆش لە ماوەی سێ كاژێر بگاتە نەخۆشخانە، چونكە ئەگەر زوو چارەسەر وەربگرێ، بەشێكی زۆری جەڵتەكە كۆنترۆڵ دەكرێ و نەخۆشەكە دەگەڕێتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی”.

تاوەكو ئێستا لە هەولێر سەنتەرێكی پزیشكی تایبەت بەو نەخۆشییە نییە، تەنیا لە نەخۆشخانەی رزگاری نەبێت كە بەشێك هەیە تایبەت بە نەخۆشییەكانی جەڵتەی مێشك.

دكتۆر جیهاد گوتی “ئێستا لە بەرنامە و پلانی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی هەولێردا هەیە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی مێشك و نەشتەرگەریی مێشك بكرێتەوە”.