قەبزی چییە و چۆن دروست دەبێت؟
زۆر لە بارەی قەبزی دەگوترێ و دەنووسرێ، زۆر كەسیش بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بەڵام چەندین رێگەی سادە و ساكار هەن بە جێبەجێكردنیان دوور دەبیت لە تووشبوون بەو نەخۆشییە
1 - دەبێت هەموو رۆژێك سەرئاوێك بكەی:
ئەوە هەڵەیە كە هەندێ كەس رۆژانە سێ جار پیسایی دەكەن و هەندێكی دی هەفتانە سێ جار. بۆیە پێناسەی قەبزیی بەگوێرەی كەسەكان دەگۆڕێت و لەمبارەدا دەبێت سەرنج بخرێتە سەر ژمارەی دانیشتنەكان بە بەراورد بە رابردووی ئەو كەسە. بەگشتی ئەگەر لە هەفتەیەكدا كەمتر لە سێ جار پیسایی بكەیت، بە قەبز هەژمار دەكرێی. ئەگەر یەكجار و كەمتر لە هەفتەیەكدا پیسایی بكەیت، بە “زۆر قەبز” دادەنرێی.
2 - قەبزی نابێتە هۆی هەڵمژینی ماددەی پیس و ژەهراوی:
هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێ كە قەبزی وادەكات ماددەی زیانبەخشی ناو پیسایی هەڵبمژرێن و تووشی نەخۆشیمان بكات. هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە پشتڕاستی بكاتەوە خۆتووشكردن بەسكچوون دەبێتە هۆی “پاكژكردنەوە”ی ریخۆڵە و كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی درێژخایەن.
3 -هۆكاری قەبزی:
لەگەڵ ئەوەی كەم بەكارهێنانی ریشاڵە خۆراكییەكان رێگا خۆشدەكات بۆ قەبزبوون، حاڵەتی قەبزی دەكرێ چەندین هۆكاری هەبێت، وەكو: تەمبەڵی رژێنی دەرەقی، شەكرە، كاریگەریی نەخوازراوی دەرمانی پزیشكی. لە حاڵەتی دەگمەنیشدا لەوانەیە نیشانەی شێرپەنجەی كۆڵۆن بێت.
4 - شیر و بەرهەمەكانی، دەبنە هۆی قەبزی!
بەتایبەت ئەو كەسانەی بە ماددەی لاكتۆز هەستەوەرن. بیرتان نەچێ ئایسكرێم و هەندێ جۆری شیرینی، شیر لە پێكهاتەیاندا هەیە.
-5قوتدانی بنێشت:
قوتدانی بنێشتێكی گەورە، یان چەند پارچەیەكی بچووك لەماوەیەكی كەمدا لەوانەیە قەبزیی دروست بكات. ئەم حاڵەتە زیاتر لە منداڵاندا مەترسیدارە.
6 - میزاج:
گۆشەگیری و خەمۆكی رێگا بۆ تووشبوون بە قەبزیی خۆشدەكەن و خراپتریشی دەكەن.
7 - گێڕانەوەی پیسایی:
ئەگەر پیساییت هات، بەڵام بەهۆی سەرگەرمی و كارەكەتەوە نەچوویتە توالێت، ئەوا لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ئەو بانگەوازە سروشتییەی نێوان ریخۆڵە و مێشك لاواز دەبێت و بە قەبزیی كۆتایی دێت.
8 - هەندێ دەرمانی پزیشكیی، قەبزت دەكەن:
هەندێ دەرمانی دژی ئازار، خەمۆكی، بەرزیی فشاری خوێن دەبنە هۆی قەبزی. هەندێ رەگەزی خۆراكیی وەك ئاسن و كالیسیۆم قەبزیی دروستدەكەن.
9 - خواردنەوەی زیاتری ئاو بەسوودە:
خواردنەوەی بڕێكی زیاتری ئاو، هەم لە وشكبوونەوە دەتپارێزێت كە خودی خۆی هۆكارێكی تووشبوونە بە قەبزی، هەمیش پیسایی شلدەكاتەوە و وادەكات ئاسانتر بەناو ریخۆڵە و رێكەدا تێپەڕ ببێت.
10 - وەرزشكردن قەبزیی كەمدەكاتەوە:
وەرزشكردن جووڵەی ریخۆڵەكان رێكدەخات و قەبزیی كەمدەكاتەوە. جگە لەمە، لایەنی دەروونیش ئارامدەكاتەوە و بەم میكانیزمەش قەبزیی كەمدەكاتەوە.
11 - قاوە و قەبزی:
قاوە كافایینی تێدایە كە كاریگەرییەكی میزپێكەری هەیە، ئەمەش ئاوی ناو پیسایی لەرێگەی میزەوە دەردەكات و سەرەنجام پیساییەكە رەقتر دەبێت و تێپەڕبوونی بەناو ریخۆڵەدا گران دەبێت و دیسان قەبزی لێدەكەوێتەوە.
12- كەی سەردانی پزیشك دەكەی؟
ئەو نیشانانەی پێویست بە سەردانی پزیشك دەكەن، بریتین لە: هەبوونی خوێن لە پیساییدا، ئازار لەكاتی پیسایی كردندا و دابەزینی بێ هۆی كێش.
هەواڵ و دۆزینەوەی نوێی تەندروستی