رۆناڵدۆ هۆکاری پێکانەکەی ئێمباپێیە !
رووداو - هەولێر
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا پەردەیان لەسەر نهێنییەکی مەترسیدار لادا و کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ریال مەدریدیان بە کەمتەرخەم وەسف کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، رەفتار و پێداگریی خودی یاریزانەکە بووەتە هۆی تووشبوونی بەو پێکانەی دوایی.
یانەی ریال مەدرید بەفەرمی رایگەیاند، ئێمباپێ تووشی پێکان بووە و ئەژنۆی چەپی سۆڕاوە، ئەمەش دوای ئەو پشکنینە وردانەی بۆی ئەنجامدران. بەمەش ئەگەری بەشداری نەکردنی لە جامی سوپەری ئیسپانیا کە بڕیارە لە سعودیە بەڕێوەبچێت، زۆر بەهێز بووە.
کەوتنی ئێمباپێ لە مەشقەکاندا
گرتە ڤیدیۆییەکانی مەشق و راهێنانەکانی رۆژی سێشەممەی یانەی شاهانە، ئێمباپێ نیشان دەدەن کاتێک هەست بە ئازارێکی زۆر لە ئەژنۆیدا دەکات. یاریزانە فەرەنسییەکە دەستبەجێ راهێنانی راگرت و دەستی خستە سەر ئەژنۆی، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای چابی ئەلۆنسۆ و هاندەران دروست کرد.
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ئاشکرای کردووە کە ئێمباپێ چەند هەفتەیەکە بەدەست ئازاری بەستەری دەرەکی ئەژنۆیەوە دەناڵێنێت، بەڵام پێداگری لەسەر یاریکردن کردووە، ئەوەش وایکردووە پێکانەکەی قووڵتر ببێتەوە و پێویستی بە 3 هەفتە پشوو بێت.
ئایا ئێمباپێ خیانەتی لە جەستەی خۆی کردووە؟
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی رەخنەی تووند لە ئێمباپێ دەگرێت و دەڵێت "ئەو هۆگرە بە ژمارە پێوانەییەکانی کریستیانو رۆناڵدۆ". رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمباپێ دەیویست بە هەر نرخێک بێت ژمارە پێوانەییەکەی رۆناڵدۆ (تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە یەک ساڵی زایینیدا لەگەڵ ریال مەدرید) بشکێنێت. ئەم ئارەزووە شێتانەیە وایکرد یاریزانەکە گوشارێکی زۆر بخاتە سەر جەستەی و لە سەرەتای ساڵی 2026 تووشی ئەم پێکانە ببێت.
جەستە بەزەیی بەکەمتەرخەمەکاندا نایەتەوە!
سەرچاوەکان دەڵێن ئێمباپێ لە دوایین سێ یاریی ریال مەدریددا بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ جەستەی خۆی نەکردووە. لەکاتێکدا بەهۆی ئازارەوە بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاری نەکرد، کەچی دوای چوار رۆژ 90 خولەکی تەواو بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس یاری کرد تەنیا بۆ ئەوەی گۆڵ بکات! هەر بەوەش نەوەستا، سێ رۆژ دواتر بەرامبەر یانەی تالافێرا لە جامی شای ئیسپانیا جارێکی دیکە 90 خولەک بەشداری کرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد. هاندەران دەپرسن: چۆن دەبێت یاریزانێک بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئامادە نەبێت، کەچی بەرامبەر یانەیەکی پلە نزم هەموو مەترسییەک بخاتە سەر جەستەی؟
گرێکوێرەی ژمارە 59 و ئاهەنگگێڕان بەشێوازی "Siuuu"
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی دەڵێت "ئێمباپێ تەنیا یەک خەونی هەبوو، ئەویش گەیشتن بوو بە ژمارەکەی رۆناڵدۆ (59 گۆڵ لە ساڵێکدا). لە دوایاریی ساڵی 2025 بەرامبەر سێڤییا، کاتێک لەڕێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی 59یەمی تۆمارکرد، بەشێوازە بەناوبانگەکەی رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا، وەک ئەوەی پەیامێک بنێرێت. بەڵام ئەم خولیایە باجەکەی قورس بوو؛ ئێستا ئێمباپێ لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی یەکەم نازناوی ساڵی نوێدایە و پێکانەکەی یەخەی گرتووە".
هەرچەندە لیکیپ دەڵێت "هێشتا هیوایەک ماوە ئێمباپێ بگاتە سوپەری ئیسپانیا، بەڵام راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئێمباپێ نەیزانی کەی بوەستێت، جەستەشی لە کاتێکی هەستیاردا سزای دا!