مەغریب باجەکەی قورس دەبێت ئەگەر جامی ئەفریقا نەباتەوە



رووداو دیجیتاڵ

مەغریب ملیارەها درهەمی بۆ دروستکردنی یاریگە و ژێرخانی وەرزشی خەرج کردووە و ئێستا لەژێر گوشارێکی بێوێنەدایە بۆ بردنەوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا. میدیاکانی ئینگلتەرا باس لەوە دەکەن پاڵەوانێتی جامی ئەفریقا تاوەکو ئێستا نەبووەتە جێی سەرنجی تەواوی هاندەران و تەنیا لە کاتی یارییەکانی مەغریب جۆش و خرۆش دەبینرێت، ئەمەش وایکردووە جامەکە زیاتر وەک کارێکی بازرگانی و بزنس دەربکەوێت نەک ئاهەنگێکی وەرزشی گەورە.
 
لە ناو جەرگەی شاری مەراکش و لەنێو رێستورانت و کافێکاندا، تەنیا کاتێک مەغریب گۆڵ تۆماردەکات دەنگی هاندەران بەرز دەبێتەوە. هاندەرانی مەغریب زۆر بەوردی چاودێری یارییەکانی تیپەکەیان دەکەن و لەگەڵ هەر لێدانێکی تۆپ کاردانەوەیان هەیە. ئەم پاڵەوانێتییە بۆ مەغریب تەنیا وەرزش نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەو خەرجییە زۆرانەی لە بواری وەرزشدا کردوویەتی.
 
ناوچەی هاندەران لە مەراکش کە شوێنی 75.000 کەس دەبێتەوە، تەنیا لە کاتی یارییەکانی مەغریبدا دەبێتە قەرەباڵخی، بەڵام بۆ یارییەکانی دیکە وەک رووبەڕووبوونەوەی جەزائیر و غینیا، شوێنەکە سارد و بێدەنگ دەردەکەوێت.
 
مانگی 10ـی ساڵی رابردوو، چەند شارێکی مەغریب خۆپێشاندانی گەورەیان بەخۆوە بینی وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر خەرجکردنی ملیارەها درهەم بۆ دروستکردنی یاریگەکان، لەکاتێکدا کەرتی گشتی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێویستیان بەو پارەیە هەبووە.
 
میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن جامی ئەفریقای رابردوو لە کوت دیڤوار وەک ئاهەنگێکی گەورە وابوو، بەڵام لە مەغریب دۆخەکە جیاوازە. پاڵەوانێتییەکە لە وەرزێکی سارددا بەڕێوەدەچێت و زۆرجار یاریگەکان پڕ نابن، مەگەر مەغریب یاری بکات. خەڵکی مەغریب چاوەڕوانییەکی زۆریان هەیە و پێیانوایە دەبێت وڵاتەکەیان دوای ساڵی 1976 بۆ دووەمجار لە مێژوودا نازناوەکە بباتەوە، بۆ ئەوەی بۆ هەموو ئەو وەبەرهێنانە گەورەیەی لە یاریگەکاندا کراوە پاساوی هەبێت.
 
تاوەکو ئێستا هیچ سوپرایزێکی گەورە لە ئەنجامی یارییەکاندا رووینەداوە و هەموو تیپە گەورەکان بەپێی پێشبینییەکان ئەنجامیان بەدەستهێناوە. ئەمەش وایکردووە پاڵەوانێتییەکە کەمێک رێکخراو و دوور لە شێوازی چاوەڕواننەکراوی جارانی ئەفریقا دەربکەوێت. یاریگەکان و شوێنی مەشق و راهێنانەکان زۆر نایابن، بەڵام کەشی گشتی پاڵەوانێتییەکە ساردە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ساردییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە لە وەرزی زستاندا بەڕێوەدەچێت. تەنانەت هەندێک لە رۆژنامەڤانان ناوی 'جامی قەمسەڵە گەورەکان'ـیان لێناوە بەهۆی کەشوهەواوە. مەغریب بەڵێنی باشترین هۆتێل و خزمەتگوزاری بۆ یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەورووپا دابین کردووە و تاوەکو ئێستا لەڕووی رێکخستنەوە سەرکەوتوو بووە، بەڵام تاقیکردنەوە راستییەکە لە رۆژی 18ـی مانگی 1ـی 2025 دەبێت کە کاتی یاریی کۆتاییە.