ئێنزۆ فێرناندێز بە گرێبەستێکی گەورە چووە چێڵسی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی، گەورەترین گرێبەستی گواستنەوەی یاریزانانی لە مێژووی تۆپی پێی ئینگلتەرادا ئەنجامدا و ئێنزۆ فێرناندێز، ئەستێرەی لاوی بێنفیکای گواستەوە ریزەکانی.
 
لە دوایین ساتەکانی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا، یانەی چێڵسی ئینگلیزی، رێککەوتنی لەگەڵ یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی کرد، بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی، یانەی بێنفیکا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رێککەوتنەکەی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە پشتڕاستکردەوە، بەڵام چێڵسی هێشتا گرێبەستەکەی بەفەرمی رانەگەیاندووە.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت " گفتوگۆکانی نێوان هەردوو یانەی چێڵسی و بێنفیکا کە بەغدا ئێخبالی سەرکردایەتی یانە ئینگلیزییەکەی دەکرد، ماوەی 12 کاژێر بەردەوامبووە و لە کاژێر 0:15ـی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە و کاژێرێک و 45 خولەک بەر لە داخستنی دەرگای گواستنەوەی زستانە، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی."
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان دەڵێت " هەردوو یانە گرێبەستی ئێنزۆیان واژۆکردووە و ئێستا یاریزانەکە یاریزانی یانەی چێڵسییە."
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە گواستنەوەی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بەرامبەر 121 ملیۆن یۆرۆیە و دەبێتە گرانترین گرێبەستی گواستنەوەی یاریزانان لە مێژووی ئینگلتەرادا و گرێبەستەکە تاوەکو هاوینی ساڵی 2031 دەبێت، چێڵسی بەشێوەی قیست بە 6 قۆناخ ئەو پارەیە دەداتە یانەی بێنفیکا، لە یەکەم قیستدا یانەکە 34 ملیۆن یۆرۆ دەداتە یانە پۆرتوگالییەکە و لە گواستنەوەی ئەو یاریزانەدا بۆ چێڵسی یانەی ریڤەرپلەیت کە پێشتر ئێنزۆ یاریی بۆ دەکرد 30 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
 

ئەوەی چێڵسی هاندا بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە ئەوەبوو کە یانە گەورەکانی ئەوروپا زۆر چاویان لەسەر ئەو یاریزانە بوو، بۆیەش یانە ئینگلیزییەکە هەموو هەوڵێکدا ئەم گرێبەستە نەگاتە هاوینی داهاتوو و لەم زستانەدا کارەکەی تەواوکرد و یاریزانەکەی گواستەوە ریزەکانی.
 
ئێنزۆ خێرامیاس فێرندێز، لە 17-1-2001 لە ناوچەی سان مارتنی بوێنۆس ئایرێس لە ئەرجەنتین لە دایکبووە و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە.
 
بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی 2022، ئەو تەنیا یاریزانێکی ئاسایی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەرجەنتین لە مۆندیالدا بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت و بووە سەرنجی هەموو جیهان، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی هەموو رۆژێک داواکارەکانی بچنە بەردەم بارەگای بێنفیکا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی گواستنەوەی بکەن.
 
ئێنزۆ لە تەمەنی 5 ساڵیدا لە تیپی میللی لا رێکۆڤا دەستی بە یارییکردن کردووە، هەر زوو دەبێتە جێگەی سەرنجی بەهرەدۆزەرەوەکانی یانەی ریڤەرپلەیت و دەیبەنە تیپی لاوانی یانەکە و لە 2006 تاوەکو 2019 لە تیپی لاوان یارییدەکات، پاشان بۆ تیپی یەکەمی ریڤەر سەردەخرێت.
 
ئێنزۆ نازناوی کوپا سودا ئەمێریکانای لەگەڵ دێفێنسا جەستیکا بردەوە کە بەخواستن یاریی بۆ دەکردن و پاشان بەرپرسانی بێنفیکا بەرامبەر 10 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستیان لەگەڵدا واژۆکرد و لە ریڤەرپلەیتەوە گواستیانەوە پۆرتوگال.
 
ئاستبەرزیی ئەو لە بێنفیکا وایکرد بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بانگهێشتبکرێت و رۆڵێکی گەورە لە بردنەوەی نازناوی مۆندیالدا دەبینێت، هەر ئەوەش نا بەڵکو خۆی بووە باشترین یاریزانی لاوی مۆندیالی قەتەر، ئێستاش لە تەمەنی 22 ساڵیدا دەبێتە گرانترین گرێبەستی گواستنەوەی یاریزانان لە مێژووی تۆپی پێی ئینگلتەرادا.