خانمێکی ئێرانی سەرپەرشتی کچانی عێراق دەکات
رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی بالەی عێراق، ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی کچانی عێراقی دایە خانمە راهێنەرێکی بەئەزموونی ئێرانی، بەمەبەستی دروستکردنی تیپێکی بەهێز بۆ داهاتوو.
میترا شەعبانی، پێشتر یاریزانی بالە بووە و راهێنەری هەڵبژاردەی کچانی ئێران بووە، بە گرێبەستێکی یەک ساڵە سەرپەرشتی هەڵبژاردەی یەکەم و لاوانی کچانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی عەرەبی دەکات.
سێ رۆژە خانمە راهێنەرە نوێیەکەی عێراق گەیشتووەتە شاری هەولێر، رۆژی سێشەممە هەنگاوی یەکەمی کارەکانی بە تاقیکردنەوەی یاریزانان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد.
ئازاد حەسەن، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "هەنگاوی یەکەمی کارەکانی راهێنەر تاقیکردنەوەی ئاستی یاریزانان و پاڵاوتنیانە لە یەکەم قۆناخ چاودێری یاریزانانی سنووری سلێمانی دەکات، دواتر دێتە هەولێر بۆ ئەوەی ئاستی یاریزانانی شارەکانی موسڵ، دهۆک لەگەڵ هەولێر بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی بالەی عێراق بکات".
بڕیارە هەڵبژاردەی بالەی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەشداری پاڵەوانێتیی بالەی کچانی وڵاتانی عەرەب لە کوێت بکات.
حەسەن زیاتر روونیکردەوە "لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەستدەکەین بە ئامادەکارییەکانی تیپەکە و کردنەوەی کەمپی راهێنان و ئامادەکاری، دەزانین پاڵەوانێتی عەرەبی ئاسان نییە و راهێنانێکی زۆری پێویستە".
میترا شەعبانی خەڵکی شاری تارانە، وەک راهێنەر سەرکردایەتی یانەی پەیکانی کردووە لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی بالەی کچانی ئێران و بەشداریکردن لە جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، لەگەڵ یانەی سایبا پلەی دووەمی خولی ناوخۆی وەرگرتووە، لە 2020 راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران بووە و بەشداری پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆی کردووە.
وەرزی رابردوو هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە ئوردن کرد کە 10 وڵات بەشدارییان کردبوو، عێراق پلەی چوارەمی وەرگرت.