ئامەدسپۆر ئەمڕۆ شەڕی مانەوە لە پلەی یەکەم دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئامەدسپۆر ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026 لە هەفتەی 23ی یارییەکانی خولی یانەپلەیەکەکانی تورکیادا میوانداریی یانەی ئەدەنە دەکات.
ئامەدسپۆر کە ئێستا 22 یاریی کردووە و کۆی خاڵەکانی 43یە، هەموو توانای خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی سێ خاڵ لە ئەدەنەسپۆر وەربگرێت و خاڵەکانی بگەیەنێتە 46 خاڵ.
ئەمەش لە کاتێکدایە، یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر لە 23 یارییدا 45 خاڵی هەیە و بە شێوەیەکی کاتی چووەتە پلەی یەکەم.
یارییەکەی ئامەدسپۆر و ئەدەنەسپۆر کاژێر حەوتی ئێوارە لە یاریگەری دیاربەکر بەرێوەدەچێت.
ئەگەر ئامەدسپۆر یارییەکەی ئەمڕۆ لە ئەدەنەسپۆر بباتەوە، دووبارە دەچێتەوە پلەی یەکەم.
دوایین دۆخی ریزبەندیی خولەکە
پێنج یانەکەی پێشەنگی خولی پلە یەک بەم شێوەیەن:
1- ئەرزڕومسپۆر: 23 یاری، 45 خاڵ
2- ئامەدسپۆر: 22 یاری، 43 خاڵ
3- ئێرۆکسپۆر: 22 یاری، 41 خاڵ
4- چۆروم: 23 یاری، 41 خاڵ.
5- بۆدروومسپۆر: 23 یاری، 39 خاڵ.
یانەی ئامەدسپۆر
ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد کرد.
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
ساڵی 2024-2025 بووە یەکەمی یانە پلە دووەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
ئامەدسپۆر لە خولی یانە پلە یەکەکانیشدا ئاستێکی باشی نیشانداوە و توانیویەتی ببێتە پێشەنگ. ئەگەر پارێزگاری لەم ئەنجامەی بکات، ساڵی داهاتوو دەگاتە سوپەرلیگی تورکیا و رکابەری یانەکانی گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە و بێشیکتاش دەکات.