ئەلهویێن چیا بۆ فڕینێکی دیکە ئامادەن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت کاتێک بەرامبەر یانەی قاسم یاریی دەکات.
ئەلهویێن چیا بە ورەیەکی بەرزەوە خۆیان بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و چاویان لەوەیە بەبردنەوەی یارییەکە هەنگاوێکی دیکە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببنەوە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە گوتی "بۆ ئەم یارییە فەلسەفەیەکی تایبەتمان هەیە، بەهەموو توانا بەردەست و پلانە هونەرییەکانمان بەدوای بردنەوەی خاڵەکانی یارییەکەدا دەگەڕێین، پێویستە بەدرێژایی یارییەکە بەبیرکردنەوەیەکی بەهێزەوە یاریی بکەین و دەبێت لە رووی هونەرییەوە ئامادەبین."
یانەی دهۆک لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە دوو یاریی رابردوودا یەکسانبووە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵە، یانەی قاسم، خراپترین یانەی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەکە هیچ بردنەوەیەکی نییە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە، ئەلهویێن چیا دەیانەوێت سوود لە دۆخی خراپی ئەو یانەیە وەربگرن بۆ ئەوەی خاڵەکانی یارییەکە ببەنەوە.