بۆمب.. بۆمب.. هەرگیز باوەڕناکەی پێرێز داوای کام راهێنەر دەکات..
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هیچ جۆشوخرۆشێکی نییە بۆ دەستنیشانکردنی ئونای ئێمری بە راهێنەری داهاتووی تیپەکەی، بەڵام سوورە لەسەر هێنانی راهێنەرێکی ئیسپانی بۆ مەشقدانی ریال مەدرید.
لە چەند رۆژی رابردوودا، مقۆمقۆی زۆر لەبارەی راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید لە میدیاکان وروژێنرا، لە دوایین پێشهاتدا، میدیای نزیک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە، بەرپرسانی یانەکە بڕیاریانداوە راهێنەرێکی ئیسپانی، بۆ مەشقدانی یانەکە بهێنن.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو تەمومژەی لەچواردەوری راهێنەری داهاتووی یانەکە هەیە، بەتایبەت لەگەڵ شکستی ریال مەدرید بەرامبەر بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ و ناڕوونی لە داهاتووی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری یانەکە، ناوی ئونای ئێمری راهێنەری ئاستۆن ڤێلا وەک بەربژێرێکی سەرەکی بۆ مەشقدانی یانەکە باسی لێوە دەکرا.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی نزیک لە ریال مەدرید دەڵێن، بیرکردنەوە لە پشتی دەرگا داخراوەکانی سانتیاگۆ بیرنابیۆوە جیاوازە، هاوڕایی لەسەر پێویستیی هێنانی راهێنەرێکی ئیسپانی هەیە، بەڵام ئێمری نا.
ماڵپەری 'دیڤێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی دەڵێ، "پێرێز بڕوای وایە ئێمری توانای بەڕێوەبردنی ریال مەدریدی نییە، بۆیە دوو ناوی دیکەی ئیسپانی خستووتە روو، بەڵام هاتنیان بەزەحمەت دادەنێت".
ئەو ماڵپەرە ئاشکرایکردووە، دڵخوازترین راهێنەرانی پێرێز بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا مەشقدانی یانەکە لە ئەستۆ بگرن، لویس ئینریکێی راهێنەری پاریس سانجێرمان و پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتین، ئەگەرچی ئەو سەرۆکە پێیوایە هاتنی ئەو دوو راهێنەرە زۆر زەحمەتە.
راپۆرتی ماڵپەرەکە زیاتر دەڵێ، پێپ گواردیۆلا لە هاوینی داهاتوودا لە مانچێستەر سیتی دەڕوات، لویس ئینریکێش سوورە لەسەر بەجێهێشتنی پاریس سانجێرمان، بەڵام کێشە ئەوەیە کە هەردوو راهێنەر سەرشێتن و کارکردن لە ژینگەی تایبەتیان دەوێت.
بەپێی هەمان ماڵپەر، کێشەیەکی دیکەی بەردەم دەستنیشانکردنی ئەو دوو راهێنەرە ئیسپانییە بۆ مەشقدانی ریال مەدرید، پەیوەندی بەباکگراوندی کارکردنیان لە بارسێلۆنا و مەیلیان بەلای کەتەلۆنیا هەیە.
تاوەکو ئێستا، هیچ کام لەو دوو راهێنەرە بەئاشکرا و بەفەرمی رەتکردنەوەی مەشقدانی ریال مەدریدیان رانەگەیاندووە.
هەردوو راهێنەرە لە رووبەڕووبوونەوەکانیان بەرامبەر ریال مەدرید، رێزی زۆریان بۆ یانەکە پێشانداوە.
پێپ ئەگەرچی کەتەلۆنییە و لەدایکبووی بارسێلۆنایە، بەڵام ئینریکێ ئەوەشی نییە.
ماڵپەرەکە دەڵێ، لەوانەیە پێرێز چوونە نێو دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو دوو راهێنەرە بەکەمێک زەحمەت بزانێت، لەبەرئەوەی هەردووکیان مەیلی کەتەلۆنی بوونیان هەیە و ئەوەش لەوانەیە لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە قبووڵکراو نەبێت.
لویس ئینریکێ، پێشتر یاریزانی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا بووە، لەگەڵ بارسا وەک راهێنەر نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە.
ئینریکێ لە پۆدکاستێکدا کە تایبەتە بەژیانی ئەو، قسەیەکی سەرنجڕاکێش دەکات کاتێک دەڵێت، رووینەداوە هیچ کەسێک یاریزانی هەردوو یانە بێت و دواتر راهێنەرایەتی هەردوو یانەش بکات.
ئەم قسەیە دەکرێ وەک پاڵنەری سەرەکی بۆ ئینریکێ بۆ مەشقدانی ریال مەدرید دابنرێت، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات، دەبێتە یەکەم کەس یاریزان و راهێنەری هەردوو یانە بێت.
رێگرییەکی دیکەی بەردەم پێرێز بۆ هێنانی یەکێک لەو دوو راهێنەرە ئەوەیە کە ئەوان بڕیار بدەن لەگەڵ یانەکانیان بەردەوام بن و ئەگەر ئەوە رووبدات، ریال مەدرید ناتوانێت بەئاسانی تواناکانی هیچ کام لەو دوو راهێنەرە بەدەست بهێنێت. بەڵام وێڕای ئەوەش، سوورە لەسەرئەوەی ئێمری بۆ مەشقدانی یانەکە نەگونجاوە.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسپانیا، لیستی راهێنەرانی بەربژێر بۆ مەشقدانی ریال مەدرید بریتین لە یۆرگن کڵۆپ، زینەدین زیدان، جۆزێ مۆرینیۆ، پێپ گواردیۆلا و لویس ئینریکێ.