هاندەرانی ریال مەدرید دەیانەوێت سوپرایز بۆ پێرێز بکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ نەگەیشتە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، یانەی ریال مەدرید دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی لالیگا و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی یانەی بارسێلۆنا بدات.
لە یارییەکی مەدریدیدا و لەنێو یاریگە و هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ یاریی دەکات و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی درێژە بە رکابەریکردنی بارسێلۆنا بدات و نایەوێت لە رکابەرەکەی دووربکەوێتەوە.
لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد بۆ چوارەمجار لەسەریەک بەشدارییکرد، بەڵام بۆ یارییەکە بانگهێشت نەکراوە، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێریش لە مەشقەکاندا بەشداربوو، بەڵام ئەویش لە لیستی تیپەکەدا نییە بۆ ئەم یارییە و میلیتاویش هێشتا لە پێکان چاک نەبووەتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئاڵتراسی سور پلانیان داناوە لە یاریی ریال مەدرید و رایۆ ڤایکانۆ ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەنجامەکانی یانەکە پێشانبدەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکەن.
ئەگەر لە یارییەکەی ئەمڕۆدا هەریەکە لە ڤینیسیۆس و ماستانتۆنۆ کارتی زەرد وەربگرن، هەردووکیان لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر ڤالێنسیا یاریی ناکەن.
رایۆ ڤایکانۆ دوایین سێ یاریی لە جامی شا و لالیگادا دۆڕاندووە، یانەکە لەم وەرزەدا تەنیا پێنج یاریی بردووەتەوە، ئێستا لە پلەی شازدەیەمە و نایەوێت زیاتر لە ناوچەی دابەزین نزیک ببێتەوە.