فەرمی.. فیفا یاسای ڤینیسیۆس رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (IFAB) گۆڕانکارییەکی یاسایی نوێ ئەنجامدەدات، دوای ئەو رووداوانەی لە یاریی چوونی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا لەنێوان هەردوو یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی و ریال مەدریدی ئیسپانی روویاندا.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانە کە رۆژی 17-2-2026 لە لیسبۆن بەڕێوەچوو، جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی یانەی بێنفیکا درێسەکەی نا بە دەمییەوە و قسەی بە ڤینیسیۆس جونیۆر گوت، بۆ ئەوەی لە کامێراکاندا دەرنەکەوێت چی بە یاریزانەکە گوتووە، ئەو رووداوە کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و یاریزانەکە بەشێوەیەکی کاتی لە یارییکردن راگیراوە، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەبارەی مامەڵەکەیەوە دەردەچێت.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "دوای رووداوەکان و بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە، فیفا و ئیفاب رێککەوتن لەسەر ئەوەی بڕیاربدرێت، بەهیچ شێوەیەک لەمەودوا رێگە نادرێت، یاریزانان نە درێس نە دەستیان بە دەمیانەوە بنێن و قسە لەگەڵ رکابەرەکەیان بکەن، ئامانجی راستەوخۆش لەم بڕیارە رێگریکردنە لە رەگەزپەرستی."
 
دوای گۆڕانکاریکردن لە یاساکاندا، لە میدیادا ئەم یاساییە بە "یاسای ڤینیسیۆس" ناونراوە و بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی ئەنجوومەنی گشتی ئیفابەوە دراوە و ئیدی رێگە نادرێت یاریزانەکان هەوڵبدەن قسە بکەن و رێگە نەدەن لە کامێراکانەوە دەربچێت و ناوبژیوان گوێی لێ نەبێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە دەکرێت ئەگەر ئەوە روویدا یاریزانەکە بە کارتی زەرد ئاگاداربکرێتەوە، وەکو سزای سەرەتایی بەرامبەر ئەو سەرپێچییەی دەیکات، بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالیش پەیڕەوی گشتی یاساکە دەنووسرێتەوە و ئەگەری هەیە لە مۆندیالدا یاساکە جێبەجێ بکرێت."