چیرۆکی من؛ فڕۆکەوانێک پیاوی پشت پەرجووەکەی بۆدۆ گلیمتە
رووداو دیجیتاڵ
لە جیهانی تۆپی پێدا، سەرکەوتنەکان زۆرینەی کات بە پارە و دەرکەوتنی ئەستێرەکان و پلانە تەکتیکییەکان دەپێورێن، بەڵام یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی، شێوازێکی نوێ، ئازاتر و بوێرانەتری گرتە بەر، بۆ دۆزینەوەی رێگەی سەرکەوتن.
ئەو یانەیە کە لە شارێکی جەمسەری باکوورەوە هاتووە و نزیکەی 40 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێین، بەدوای راهێنەرێکی جیهانیدا نەگەڕا، تەنانەت پسپۆرێکی تاکتیکیی هاتوو لە خولە گەورەکانی ئەورووپای نەبوو، بەڵکو ئەوان پەنایان بردە بەر کەسێک کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەتۆپی پێوە نەبوو، ئەو کەسە بیۆرن مانسڤرینگ بوو، فڕۆکەوانێکی پێشووی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی نەرویج.
ئەو پیاوەی تۆپی پێی نەدەناسی، بەڵام دەیزانی ترس چییە؟
بیۆرن، پێشتر هیچ پەیوەندییەکی بە تۆپی پێوە نەبوو، لە بنەمادا وەک تەماشاچییەکیش سەوداسەری ئەو یارییە نەبوو، بەر لە چوونی بۆ یانەکەش، تەنانەت لە ژیانیدا نەچووبووە هیچ یاریگەیەکی تۆپی پێ، تەنیا یەکجارنەبێت.
مانسڤرینگ، ماوەی بیست ساڵ وەک فڕۆکەوانی هێزە ئاسمانییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کاری کردووە. لە بنکەیەکی ئاسمانیی ناتۆ لە شاری بۆدۆ بووە.
پاش هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر، ئەو چووە ئەفغانستان و دواتر لە ساڵی 2011 چووە لیبیا. بەرلەوە بەساڵێک، ئەو لەگەڵ هاوکارەکانی لە تیمە ئاسمانییەکەی نەرویج، لەگەڵ ناتۆ، بەشداریی لە پڕۆژەیەکی تایبەتی مەشقدانی هزریدا کرد، پەیامە سەرەکییەکەی پڕۆژەکە لە ژێر ناوی 'مەشق بکە وەکئەوەی پلان بۆ جەنگ دابنێی' بوو.
ئەو هاوشێوەی هەموو فڕۆکەوانەکانی دیکە، مەشقی لەسەر تێڕامان، هەروەها چۆنیەتی چاودانەسەر لە کاتی ئەرکە رۆتینییە بێزارکەر و دووبارەکان کردووە. لە لیبیا مانسڤرینگ هەستیکرد، مەشقەکان کاریگەرییان لەسەری دروستکردووە.
ئەو لەبارەی ئەو تاقیکردنەوەیەوە دەڵێ، "ئامادەسازیی هزری، هاوکارم بوو بۆ هەستکردن بەو ساتەی کە سۆز و هەستەکان دەیانەوێت بیرکردنەوەت پەرت بکەن. بیهێنە بەرچاوت لە ساتێکدا کە بۆمبەکان دەکەونە خوارەوە، تۆ یەکەمجارتە لە ژیانتدا ئەوە دەبینی، پاشان دەبینی کە دەتەقنەوە، دەبێتە جەهەننەم، پارچەکان بەهەموو لایەکدا بڵاودەبنەوە. دواتر ئینجا بیرکردنەوە و هەستکردن بەوە دروستدەبێت کە چی روویدا؟ من لە رێگەی ئەو خولەوە فێرکرام چۆن فۆکەسم چڕ بکەمەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێشتر وردبوونەوەم لە شتەکان باشبوو، بەڵام دوای ئەو خولە، زۆر باشتربوو. فێربووم کە دەبێ چەندین پرسیار لە مێشکمدا ئامادە بکەم: دەبێ چۆن بیربکەمەوە؟ پاڵنەرم چییە؟ ئایا ئەمە مەترسییە راستەقینەکەیە؟ دەکرێ بکوژرێم؟ من پێشتر هزری خۆمم بۆ هەموو ئەگەر و ئاستەنگییەک ئامادە دەکرد".
دوای گەڕانەوەی لە لیبیا، مانسڤرینگ بووە وانەبێژی خولی لەو جۆرە. ساڵی 2017 کارگێڕیی یانەی بۆدۆ گلیمت، پەیوەندییان پێوەکرد، ئەوان بەشوێن هۆکارێکدا دەگەڕان بۆ پتەوکردنی توانای هزریی تیپەکەیان کە زۆرنەبوو، ئاهەنگی بەبۆنەی سەد ساڵەی دامەزراندنییەوە گێڕابوو.
بۆ تێگەیشتن لە ئاراستەی سەرکەوتنەکانی لە یانەکە. مانسڤرینگ قسەی بۆ 'سکای سپۆرتس' کردووە و باسیکردووە کە دابەزینی ورە و هزرکردنی باش، وایکردبوو هاڤارد ساکاریاسنی بەڕێوەبەری پێشووی وەرزشیی یانەکە، بەدوای گۆڕانکاریدا بگەڕێت، کاتێک من چووم، گوتیان "هۆکاری گەڕان بەدوای تۆدا، داڕووخانی تەواوی هزری یاریزانەکان بوو".
ئەو زیاتر دەڵێ، "ئەگەرچی تیپەکە لێهاتوویی پێویستی تۆپی پێی هەبوو، بۆ ئەوەی لە خولی پلە باڵای وڵاتدا بمێنێتەوە، نەیتوانی ئەوە بکات. یاریزانەکان نەیاندەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ گوشارەکاندا بکەن، دانیانبەوەدانا کە بەتەواوی لە بنەماکان و لایەنی دەروونی و هزریدا، هەژارن".
مانسڤرینگ خۆی لەبارەی بایەخی دەروونناسییەوە لە کاروانی فڕۆکەوانەکان کە دەچنە جەنگەوە، بەتایبەت لە قۆناخە جیاوازەکانی مەشقدا هەڵوەستەی کردووە. فڕۆکەوانە جەنگییەکانی نەرویج زۆر دەگمەن دەکەونە نێو جەنگی راستەقینە و راستەوخۆوە، لەبەرئەوە زۆرینەی کات ماوەی درێژ لە مەشق و ئامادەسازیی و مانۆڕدا بەسەر دەبەن.
کارکردن لەسەر هزری یاریزانانی بۆدۆ
کاتێک مانسڤرینگ لە یانەکە دەستبەکاربوو، یاریزانان فێربووبوون لە دوای هەڵەکانی خۆیان بێدەنگیی هەڵبژێرن، باسی دڵەڕاوکە و گوشارەکان نەکەن. پەیوەندییەکان تاکلایەنەبوون، داننان بەهەڵەدا بەئاشکرا، کولتوورێکی باوی نێو یانەکە نەبوو.
لە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی راهێنەرانی یانەکە، بیورن مانسڤرینگ فەلسەفە و دونیابینی خۆی لە کارەکەدا خستەڕوو. دوای کۆبوونەوە وەکئەوە دەڵێ هەستمکرد دەستێک لەسەر شانمە، کاتێک ئاوڕم دایەوە، بینیم شیتیل کنۆستنە، ئەوکات یاریدەدەری راهێنەربوو، بەڕاشکاوانە پێیگوتم، بڕوام بەتەواوی تێڕوانین و بیرکردنەوەکانت هەیە.
دوای تەنیا یەک ساڵ، کنۆستن کرایە راهێنەری تیپەکە و لەوکاتەوە، ئیدی مانسڤرینگیش بووە ئەندامێکی سەرەکیی و جێگیری نێو سیستمی مەشقدانی یانەکە. ئەو دووانەیە سەرپەرشتی مەزنترین ماوەی سەرکەوتنی تیپەکەیان لە مێژووی یانەکەدا کرد، لە حەوت ساڵی رابردوودا، بۆدۆ گلیمت بووە نموونەی سەرکەوتن.
فەلسەفەی مانسڤرینگ پشتی دەبەست بەکاری لێبڕاوانەی دوورمەودا، بەپشتبەستن بەئاگایی بەردەوام بۆ ئەنجامدانی کارەکان بەدروستی، هەروەها هەڵوەستەکردن لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵەکان، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتی هەر یاریزانێکی تیپەکە بەجیا.
متمانەگێڕانەوە بۆ یاریزانەکان
دوای دابەزینی تیپەکە لە خولی پلە نایاب. دەستەی راهێنەران، ناوی ژمارەیەک یاریزانیان دایە دەستی، کە پێویستیان بەپشتگیریی تایبەتی دەروونیی هەبوو، لە نێویاندا ئۆلریک سالێنتسی ناوەڕاستکار.
سالێنتس، یاریزانێکی لاو بوو کە پێشبینی داهاتوویەکی درەوشاوەی لێدەکرا، بەڵام ئەو بەهرەیە رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی ئەو لە یاریگەدا نەبوو.
ئەو لە مەشقەکاندا ناوازەبوو، بەڵام وەک مانسڤرینگ دەڵێ، لە یارییەکاندا "کارەسات" بوو.
سالێنتس بەویستی وازهێنانی یەکجارییەوە لە تۆپی پێ، چووە یەکێک لە دانیشتنەکان لەگەڵ مانسڤرینگ. ئەو لەبارەی دانیشتنەکەوە دەڵێ، پێیگوتم، "من بەدەست شکستهێنانەوە زۆر ماندووبووم، هەروەها شەکەتم بەدەست ئازاری بەردەوامەوە. لەبەرئەوە بڕیاری خۆمداوە، چەند مانگێکی دیکە یاریی دەکەم و دواتر دەگەڕێمەوە بۆ خوێندن، یانەکە بڕیارەکەم دەزانێت، هەربۆیە من لە دەرەوەی تیپەکەم".
قسەکان بەو شێوەیە بێئومێدییان لێدەباری، بەڵام دوای تەنیا شەش هەفتە لە دانیشتەکان لەگەڵ مانسڤرینگ، ئازارەکانی سالێنتس نەمان، لە هەمان ساڵدا، ئەو گەیشتە ئەوەی لە 30 یاریی خولی پلە دووی نەرویجدا، 15 گۆڵ تۆماربکات.
لەوکاتەوە، سالێنتس بووەتە پێکهێنەرێکی سەرەکیی پێکهاتەکەی بۆدۆ گلیمت، زیاتر لە 400 یاریی بەدرێسی یانەکەوە کردووە، سەرکەوتووبوو لە تۆمارکردنی ژمارەیەکی ناوازەی گۆڵ، لەچوار وەرزی بەسەریەکەوە زیاتر لە 10 گۆڵی لە هەر وەرزێکدا تۆمارکرد.
بۆرن مانسڤرینگ، لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئۆلریک سالێنتس دەڵێ، ئەو زانیارییەی کە خۆی پێیگوتم لەبارەی نیازی وازهێنانەوە، کردمە شێوازێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لە رووی دەروونییەوە.
روونیدەکاتەوە، ئەو هیچی نەمابوو، چەند مانگێک و ئیدی دەبوو بڕوات و یانەکەشی ئاگادارکردبووەوە، هەربۆیە ئەو ماوەیەی مابوو، دەیتوانی بێ گوشار و ئاڵۆزی یاریی بکات، دەیزانی کە دەرناکرێت بەر لە وادەی رۆیشتنەکەی، بەردەوامیش دەبێت لە یارییکردن.
سالێنتس ئەو پەیڕەوە عەقڵانییەی گرتە بەر، وازی لە گوشاری دەروونیی هێنا، رێگەیدا کارەکان بەرێکی و بێگوشار رووبدەن، ئەوەش وایکرد ئەو تێڕامانی باشی خۆی بەدەست بهێنێت و ئاستی لە یاریگەدا باش بکات.
چیرۆکی سالێنتس تاکە چیرۆکی نێو یانەی بۆدۆ گلیمت نییە، بەڵکو چەندین چیرۆکی دیکەی تاکانەی پەیوەست بە کارەکانی مانسڤرینگ هەن لە یانەکەدا. دیارترینی ئەو چیرۆکانە، چیرۆکی پاتریک بێرگی کاپتنی یانەکەیە، کە کێشەیەکی جیاوازتری هەبوو.
باوکی پاتریک و هارالد بێرگی باپیری، لە ئەفسانەکانی یانەی بۆدۆ گلیمت بوون. ئەو لە شانزە ساڵییەوە رووبەڕووی پرسیاری زۆر دەبووەوە، لەبارەی باب و باپیری بەناوبانگی، ئەوەش گوشاری زۆری لەسەر ئەو دروستکردبوو، ئەو تووشی پرسیارێکی تۆقێنەر بووبوو لە مێشکی خۆیدا، "چی دەبێت ئەگەر من وەک ئەوان سەرکەوتوو نەبووم؟". ئەو پرسیارە ئەوی ماندوو کردبوو.
کێشەی پرسیارە بەردەوامەکە ئەوکاتە گەیشتە لووتکە، کە ئەو رایگەیاند گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە، لە کاتێکدا لە هاوینی 2017 تەواو دەبوو، ئەوە بەرلەوەبوو کە گۆڕانکارییە ریشەییەکە رووبدات. دواتر میچێل کنۆستنی بەڕێوەبەری هونەریی تیپەکە گوتی، "ئەگەر مانسڤرینگ ساڵێک درەنگتر بهاتایە، پاتریک لە یانەکە رۆیشتبوو".
بێرگ یادەوەرییەکانی چاوپێکەوتنێکی خۆی لەگەڵ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی بەبیردەهێنێتەوە، کە تێیدا گوتبووی "وا هەستدەکەم سەرم بە دیواری بۆدۆدا دەدەم". لەبەرئەوەی هەستی نەدەکرد یاریی دەکات و خۆی بە شایستەی ئەوە نەدەزانی و ئاستیشی جێگەی باس نەبوو.
ئەو بیری لە رۆیشتن دەکردەوە وەک هەنگاوی داهاتوو، بەڵام هەر هێندەی بڕیاری خۆیدا، ئیدی هەستی بەکەمبوونەوەی گوشارەکان کرد. ئەو ئیدی توانی دەربچێت و چێژ لە تۆپی پێ وەربگرێت، لەناکاو هەستی بەباشبوونی ئاستی کرد لە تیپەکەدا و ئەوەش وایکرد، بەئاسانی بڕیار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بدات.
شێوازی بازنە، ئاشکراکردنی هەڵەکان
هاندانی کەسەکان بۆ پێشاندانی ئاستێکی باشتر ، هەر هەمان شتە، بەڵام چۆن ئەو گۆڕانکارییەی تاکەکان دەکەیتە تیپێکی یەکگرتوو؟ بیۆرن مانسڤرینگ کاتێک گەیشتە بۆدۆ گلیمت، بینی تیپەکە لە کۆبوونەوە بەکۆمەڵەکاندا، هیچ کامیان پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیکەدا نییە.
"دۆخەکە زۆر بێدەنگ بوو" ئەو وای ناونا. کاتێک پرسیاری لە یاریزانەکان کرد لەبارەی هۆکاری قسەنەکردنیان پێکەوە، ئەوان گوتیان، لەسەر ئەو جۆرە مامەڵەیە رانەهاتوون. پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی راهێنەران گفتوگۆ نەبوو، بەڵکو مۆنۆلۆجێکی داخراو بوو، ئەوەش بەویستی ئەوان نەبوو، بەڵکو لەبەرئەوە بوو، کە ئەوان پێشتر دۆخی پەیوەندی و گفتوگۆ و کارلێکیان دروست نەکردبوو.
مانسڤرینگ لە یاریزانەکانی پرسی بۆچی تێبینی نادەنە یەکدی؟ ئەوان نێگەتیڤانە وەڵامیان دایەوە، وەڵامێک کە پێویستیی رێکخستنەوەی شێوازی پەیوەندییەکانی نێو تیپەکەی هێنایە ئاراوە.
لەو کارانەی دیکە کە مانسڤرینگ دایهێنا لە کۆبوونەوە بەکۆمەڵەکانی لەگەڵ تیپەکە و ناوینابوو 'کۆبوونەوەی بازنەکە'، ئەوەبوو کە هەموو جارێک کە تیپەکە گۆڵێکی لێدەکرا، یاریزانەکان لە بازنەکەدا کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر هەڵەکەی خۆیان بکەن. نەک تەنیا بۆ ئەوەی دەستنیشانی هەڵەکە بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوتیمەکانیان بەشداریی پێ بکەن، تاوەکو لێیەوە هەستی کۆمەڵایەتییان بجووڵێت و وشیاریی بەکۆمەڵیان هەبێت لە بەرامبەر یەکدی، لە نێو تیپەکەدا.
بیرۆکەی 'ئەڵقە'، لە ئەزموونەکانی مانسڤرینگەوە وەک فڕۆکەوانێک وەرگیراون. ئەو پەیوەندیی راستەوخۆ و راشکاوی لەسەر هەڵەکان، وەک بەشێکی سەرەکیی سەلامەتیی فڕین وەرگرتبوو، چونکە لەوێدا بنەمایەک هەبوو کە دەبێ راستەوخۆ، دەستبەجێ هەڵەکە ئاشکرا بکرێت و دانیپێدابنرێت بەبێ دواخستن.
ئامانجەکە سەرکۆنەکردنی یەکە بەیەکەی ئەندامەکان نەبوو، بەڵکو تێگەیشتن بوو لەوەی، فێربوون لە هەڵەکانەوە، پێویستییەکی گەورەیە بۆ مانەوە و باشبوون. چونکە پرەنسیپەکە ئاسان بوو، دەکرێ هەڵەیەک بکەیت و سەلامەت لێی دەربچیت، بەڵام دووبارەکردنەوەی دەکرێ کۆتایی بەژیانت بهێنێت.
بۆ پێشاندانی ئەو پێشوەچوونەی بۆدۆ گلیمت، لە گۆڕینی ساتەکان و بەشداریکردنی هەڵەکان، مانسڤرینگ وایدانا کە یەکێک لە دیارترین ساتەکان، ئەوەبوو کاتێک هۆگۆ ڤیتلسنی یاریزانی ناوەڕاست، تێبینییەکانی خۆی لەگەڵ هاوتیمەکانی باسکرد و ئەوەش رەنگدانەوەی گەشەی گەورەی کولتووری کاری بەکۆمەڵ بوو لە تیپەکەدا، بەبێ خۆپەرستی.
ئارامبوونەوە و تێڕامان
بیۆرن مانسڤرینگ، بەپشتگیریی دەستەی راهێنەران و سەرپەرشتیارانی یانەکە، بیرۆکەی دیکەی هەبوو بۆ گەشەپێدانی ئاستی تیپەکە. ئەو پێشنیازی کرد، یاریزانان بەیانیان، هەموو رۆژێک بەر لە مەشقەکان تێڕامان بکەن، لە کاتێکدا درێسەکانیان دەپۆشن.
یاریزانانی یانەکە، لەگەڵ مانسڤرینگ تێڕامان بەشێوازی جیاواز پەیڕەو دەکەن، هەندێکجار یاریزانەکان بۆ ماوەی دوانزە خولەکی تەواو بەبێدەنگیی رادەکشێن، تەنیا بیر لەخۆیان دەکەنەوە. هەندێکجاری دیکەش چاو دەخەنە سەر بەشێکی جەستەیان و تەنیا لێی رادەمێنن.
مانسڤرینگ روونیدەکاتەوە، کە ئەوەی پەیڕەوی دەکەن تەنیا سرووتی رووکەشانە نەبوو، بەڵکو ئاستێکی پتەو و لێبڕاوانە بوو. ئەوە تەنیا پشوودان و بەکارهێنانی دووکەڵ و کەشی رۆحیی نەبوو، بەڵکو ئاستێکی راستەقینە بوو. وەکئەوەی فڕۆکەوانە جەنگییەکان دەیکەن، کاتێک لەسەر کورسیی فڕۆکە جەنگییەکانیان دادەنیشن و کەشی تێڕامان بەجلوبەرگە سەربازییەکانیانەوە ئەنجامدەدەن.
دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی تاکانە، بۆ ماوەی 30 خولەک لەگەڵ ژمارەیەک یاریزان، مانسڤرینگ کۆبوونەوە بەکۆمەڵەکانی دەستپێکرد لەگەڵ هەموو یاریزانەکان. ئەو کۆبوونەوانە لە کەشی کراوەدا ئەنجامدەدران، رووبەرێکی ئازادی تێدا دابین دەکرا، بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان و راشکاویی تەواو، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی راستگۆیانەی یەکدی و قسەکردن لەبارەی ئاستیان، پاشان پێدانی زانیارییەکان بەدەستەی راهێنەران، کە ئەوە وەک ئەوەی مانسڤرینگ ناویناوە، جۆرێک لە 'بەرکەوتنی بونیادنەرانە'ی دروستکرد.
کڕۆکی فەلسەفەی یانەکە ئێستا پشت بەوە دەبەستێت، کە تەماشای هەموو شتێک نەکرێت لە رێگەی ئەنجامەکانەوە، چونکە ئێستا ئیدی خشتە و خاڵ و کاروانی بەدەستهێنانی جامەکان، رێژەی سەرکەوتنەکانی یانەکە دیاریی ناکەن.
لە جیاتی ئەوە، تیپەکە چاودەداتە سەر یارییکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەوەی دەتوانن بیکەن. چونکە هەموو ئەوانەی بینەری تۆپی پێن، ئەو راستییە دەزانن کە مەرج نییە، هەموو کات ئەو تیپەی باش یارییدەکات براوەبێت، هەروەها زۆر بیرکردنەوە لە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، گوشاری ناپێویست دروستدەکات.
ئەو درەوشانەوەیەی هەموو ئەورووپای سەرسامکرد
یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی ئێستا باسوخواسی جیهانە، دوای ئەوەی یەکێک لە گەورەترین سوپرایزەکانی چامپیۆنزلیگی تەقاندەوە و ئینتەری ئیتاڵیی، کە وەرزی پێشتر لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بوو، لە پلەی ئۆفی قۆناخی شانزە، کردە دەرەوە.
یانەکە لە ئەنجامی هەردوو یارییدا، بە 5 – 2 گۆڵ لە ئینتەری بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی شانزە.
تۆڕی 'ئی ئێس پی ئێن'ی ئەمریکی دەڵێ، ئێستا ناوی بۆدۆ گلیمت لە ناوی هەموو یانەکانی دیکە زیاتر دەبیسترێت، بەهۆی ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیهێنا لە یەکەم بەشداریی لە پاڵەوانێتییە گەورە ئەورووپییەکە.
تیپەکە لە رێگەی پاڵاوتنەوە گەیشتە پاڵەوانێتییەکە، پێشبینیدەکرا یەکێک بێت لە تیپە زوو دەرکراوەکان، بەتایبەت کە لە یەکەم شەش یاریدا، هیچ بردنەوەیەکی بەدەستنەهێنا و پلەی سی و دوو لە قۆناخی خولدا گرت.
بەڵام بۆدۆ گلیمت، پەرجووی بەدەستهێنا، پاشئەوەی دوو بردنەوەی لەسەریەکی بەسەر مانچێستەر سیتی و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دوایین دوو گەڕی پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا و بەوەش بە نۆ خاڵ، خۆی گەیاندە پلەی بیست و سێی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکە.
ئەنجامەکانی بۆدۆ گلیمت لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ..
سلاڤیا براگ 2 – 2 بۆدۆ گلیمت
گاڵاتەسەرای 3 – 1 بۆدۆگلیمت
بۆدۆ گلیمت 0 – 1 مۆناکۆ
بۆدۆ گلیمت 2 – 3 یوڤێنتوس
بۆرووسیا دۆرتمۆند 2 – 2 بۆدۆ گلیمت
بۆدۆ گلیمت 3 – 1 مانچێستەر سیتی
ئاتلێتیکۆ مەدرید 1 – 2 بۆدۆ گلیمت
تیپەکە لە قۆناخی پاڵاوتنی قۆناخی شانزەدا، هەردوو یاریی چوون و هاتنی لە ئینتەری ئیتاڵی بردەوە، ئەوە ناونرا، 'مەزنترین سەرکەوتن لە مێژووی چامپیۆنزلیگ'.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە تیپەکە ئەوەی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا هێشتا لە قۆناخی ئامادەکارییە بۆ وەرزی نوێی وڵاتەکەی، چونکە هیچ یارییەکی فەرمیی لە خولی نێوخۆی وڵاتەکە ئەنجامنەداوە، بەهۆی پشووی زستانەی خولەکە.
بۆچی فڕۆکەوانەکەی بۆدۆ گلیمت جیاوازە؟
لەوانەیە زۆر رۆڵ و ئەرکی نزیک لە شوێن و یانەی دیکە هەبێت، وەکئەوەی مانسڤرینگ لە بۆدۆ هەیەتی، دەکرێ راهێنەر، یان راوێژکاری هزریی هاوکاریی تیپێکی تۆپی پێ و وەرزشوانان بکات، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گوشار و دڵەڕاوکە و باشترکردنی توانای هزر. بەڵام زۆرینەیان پاشخانی سەربازیی هاوشێوەی ئەوەی مانسڤرینگیان نییە، بەڵکو ئەوان تایبەتمەند و پسپۆری بواری مەشقدانی هزرین و لە زۆر یانەش کاریان کردووە.
لە بەرجەستەترین نموونەکان، گێلبێرت ئینۆکا، کە راهێنەری لێهاتووییە دەروونییەکانە و لەگەڵ تیپی رەگبیی هەڵبژاردەی نیوزیلەندا، کاری کردووە و دواتر روویکردە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی وەک راوێژکار بۆ ماوەیەکی کورت لە ساڵی 2023.
ئینۆکا، لە ساڵی 2000ەوە لەگەڵ تیپە نیوزیلەندییەکە کاری کرد، چەندین پۆستی جیاوازی لەگەڵ تیپەکەدا هەبوو، بەدرێژایی 15 ساڵ کارکردن بەشداربوو لە بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانیی لە ساڵانی 2011 و 2015 و ماوەیەکی زۆر لە پێشەنگی ریزبەندی جیهانیی پاڵەوانێتییەکە مایەوە.
ئینۆکا هەروەها، وەک راهێنەری لێهاتوویی دەروونی لە تیپی کریکێتی نیوزیلەندا لە نێوان 1998 تاوەکو 2014 کاری کردبوو.
ئینۆکا بە فەلسەفەیەکی دیاریکراو ناسراوە، ئەویش بریتییە لە پشت نەبەستن بەهەر یاریزانێک کە بەرژەوەندیی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندیی تیپەکەوە، یان پێیوایە ئەو دەبێ جیاواز لەوانیدیکە مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ بکرێت، یان هەرایەکی گەورە دەنێتەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات باسی کارەکەی بکات.
جیاوازیی ئەو و مانسڤرینگ ئەوەیە کە ئەو، باکگراوندی سەربازیی نییە، بەڵام وەک راهێنەرێکی راستەوخۆی هزریی، لەگەڵ تیپەکە کاردەکات.