ڤینیسیۆس جونیۆر.. ئەو یاریزانەی فیکەی بۆ لێدەدرا ئێستا بووەتە سەرکردە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید لە کارکردن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر بەردەوامە، دوای ئەوەی یاریزانەکە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیی گۆڕانکاریی گەورە لە ئاستیدا بکات.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "ڤینیسیۆس ئەوەیکرد کە کەس بڕوای نەدەکرد، لەکاتێکدا زۆربوون ئەوانەی داویاندەکرد هەرچی زووە لە ریال مەدرید بڕوات، دوای ئەوەی هاندەران لە هەندێک یارییدا لە بێرنابیۆ فیکەیان لە دژی یاریزانەکە لێدا، بەڵام لە راستیدا ڤینیسیۆس زۆر بەخێرایی بارودۆخەکەی گۆڕی و هەموو ئاستەنگەکانی تێپەڕاند و ئێستا ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات."
 
سەرچاوەکە دەڵێت "گفتوگۆی نێوان ڤینیسیۆس و ریال مەدرید بەردەوامە و لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیشی لەسەر هێڵە، ریال مەدرید و کارگێڕیی یانەکە هاوشێوەی پێش نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بێدەنگیان هەڵبژاردووە، لەکاتێکدا تاوەکو تەوابوونی گرێبەستەکەی قسەیان نەکرد، پاشان تاوەکو 2027 گرێبەستەکەی نوێکرایەوە."
 
بەپێی هەواڵەکە، تێگەیشتنی تەواو لەنێوان ڤینی و یانەکە هەیە، لە ڤالدێبێباس هەمووان هەست بەوە دەکەن کە یاریزانەکە خۆی بەدەستەوە نەداوە و هەموو هەوڵێکی داوە بۆ باشتربوون، کە رەنگە ئەگەر هەندێکی دیکە بوونایە خۆیان بەدەستەوە دابا، بەڵام ڤینیسیۆس تاوەکو کۆتایی جەنگا و پارێزگاریی لە رۆڵی سەرکردایەتیی خۆی کرد لە یانەکەدا."
 
ڤینی لە، وەرزەدا 37 یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە، لە لالیگادا 9 گۆڵ و 6 ئاسیستی لە 24 یارییدا کردووە، لە چامپیۆنزلیگدا خاوەنی 3 گۆڵ و 5 ئاسیستە و لە جامی سوپەری ئیسپانیاش گۆڵێکی تۆمارکرد، بەشێوەیەکی گشتی 13 گۆڵ و 11 ئاسیستی هەیە و بە سەرکردەی یاریی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ لەنێوان ریال مەدرید و بێنفیکا دادەنرێت، بەتایبەت کە لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا گۆڵی تۆمارکرد.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر تەمەنی 25 ساڵە، یاریزانەکە گرێبەستی لە هاوینی 2027 تەواو دەبێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 150 ملیۆن یۆرۆ.