جەنگ خشتەی یارییەکانی تۆپی پێ لە ناوچەکە تێکدەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە دوێنێ شەممە دەستیپێکرد، بووەتە هۆکاری گۆڕینی خشتەی یارییەکانی تۆپی پێ لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە جۆرێک چەند خولێک یارییەکانیان راگرتووە و هەندێکی دیکەش لەژێر چاودێرییەکی ورددا بەردەوامن.
 
بەرەبەیانی دوێنێ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و چەندین ناوچەی جیاوازی ئەو وڵاتە کرانە ئامانج، لە بەرامبەر ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر هەریەکە لە قەتەر، سعودیە، بەحرەین، ئیمارات، ئوردن و شاری هەولێریش لە باشووری کوردستان.
 
یانەی هەولێر کە بڕیاربوو ئەمشەو کاژێر 23:15 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێری پایتەخت، میوانداریی یانەی دیالە بکات لە گەڕی 20ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دواخستنی یارییەکەی بۆ کاتێکی نادیار راگەیاند.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و لەسەر داوای یانەی هەولێر یارییەکەیان دواخستووە.
 
فیدراسیۆنەکە زیاتر گوتبووی، بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە و پابەندبوون بەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویەتییە بەر و لەسەر داوای خاوەن یاریگە، بڕیارماندا بەدواخستنی یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار.
 
لەسەر ئاستی کیشوەرەکەش، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، دواخستنی چەندین یاریی ناوچەی رۆژئاوای کیشوەرەکەی لە پاڵەوانێتییەکانیدا راگەیاند، لەوانەش یارییەکانی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا و قۆناخی هەشتی، چامپیۆنزلیگی دووەم کە یانەکانی قەتەر، سعودیە، ئیمارات و ئێران تێیدا بەشدارن. یەکێتییە ئاسیاییەکە هۆکاری سەرەکی بڕیارەکەی، بۆ پاراستنی سەلامەتیی و کێشەکانی گەشتکردن گەڕاندەوە.
 
یانەی زاخۆش ئێستا لە سعودیەیە بڕیاربوو سێشەممەی داهاتوو رووبەڕووی یانەی شەبابی سعودی ببێتەوە لە یاریی پێش کۆتایی جامی کەنداو، بەڵام بەهۆی نالەباری ئاسایشی وڵاتەکە یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
لە ناوچەی کەنداو، کە بووەتە گۆڕەپانێکی گەورەی جەنگ و پێکدادان، خولی ئەستێرەکانی قەتەر دواخستنی یارییەکانی راگەیاند، ئەمەش دوای تێکچوونی ئاسایشی وڵاتەکە. بەرپرسانی خولەکە دوای تێکچوونی گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە و هەڵکشانی گرژییەکان، بە خێرایی بڕیاریاندا  یارییەکانیان بۆ کاتێکی نادیار دوابخەن و ئەمڕۆش قەتەر راگرتنی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند.
 
لە کوێت، یەکێتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، هەموو کێبڕکێ ناوخۆییەکانی راگرت، وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی لە وەڵامی ئەو ململانێیانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدەن، هەروەها هەر زوو دوای رووداوەکە، یەکێتیی تۆپی پێی بەحرەین دواخستنی خولەکەی راگەیاند تاوەکو کاتێکی نادیار.
 
عێراق،سعودیە و عومان بەردەوامن
 
سەرەڕای نادڵنیایی لە ناوچەکەدا، رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆشنی سعودیە و خولی عومان بەپێی خشتەی دیاریکراو بەردەوامە، یارییەکان لە رۆژی دەستپێکردنی جەنگەکە و دوای ئەو رێکەوتەش، بەردەوامییان پێدەدرێ و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ راگرتنیان لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتانەوە دەرنەکراوە.
 
وێڕای باڵادەستبوونی سێبەری جەنگ بەسەر ناوچەکەدا، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی 'رووداو سپۆرتس'، یارییەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی نوێ لەو وڵاتە بەهۆی جەنگەوە، بڕیار لە چارەنووسی یارییەکە دەدرێت.
 
بەهۆی داخستنی ئاسمان و هۆشدارییە ئاسایشییەکان لە وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، بەرپرسانی تۆپی پێ لە ناوچەکەدا بەردەوامن لە چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکان، ئەگەری دواخستنی یاری زیاتر لە ئارادایە، ئەمەش بەندە بەوەی بارودۆخەکە لە رۆژانی داهاتوودا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات.