رۆناڵدۆ سێ ساڵە بە دروستکدنی کۆشکێکەوە خەریکە
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتۆگالی یانەی نەسڕی سعودی، کارەکانی دروستکردنی کۆشکە ناوازەکەی لە ناوچەی کاسکایس لە کەناراوەکانی پۆرتۆگال کۆتایی پێهێنا، تێچووی کۆشکەکە دەگاتە نزیکەی 35 ملیۆن یۆرۆ و ماوەی 3 ساڵ کارکردنی تێدا بەردەوام بوو.
میدیا پۆرتوگالیەکان بڵاویانکردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای 3 ساڵ کارکردنی بەردەوام لە دروستکردنی ماڵە نوێیەکەی لە ناوچەی کاسکایس، ئێستا کارەکان بەرەو قۆناخی کۆتایی رۆیشتوون. ئەم کۆشکە تەنیا شوێنێکی ئاسایی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکو یەکێکە لە گرانبەهاترین کۆشکەکانی پۆرتۆگالە و تێچووەکەی گەیشتووەتە 35 ملیۆن یۆرۆ.
کۆشکەکە لە 8 ژووری نوستن پێکهاتووە، هەریەک لە ژوورەکان گەرماوی تایبەتیان هەیە و بە زێڕی رووپۆش کراون. جگە لەوەش دوو حەوزی مەلەوانی، یەکێکیان لە ناوەوە و ئەوی دیکەیان لە دەرەوە، هۆڵێکی وەرزشی پێشکەوتوو، سینەمای تایبەت و کەناراوێکی تایبەت بەخۆی هەیە.
میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەدەن، گۆڵکارە مێژووییەکەی تۆپی پێ دەیەوێت دوای وازهێنان لە یاریکردن لەم کۆشکەدا جێگیر بێت. بەکارهێنانی مەڕمەڕی ئیتاڵی لە هەموو بەشەکانی ماڵەکەدا و هەبوونی دیواربەندێکی هونەری لویس ڤیتۆن، لەگەڵ توونێلێکی نهێنی لە ژێر زەوی، تایبەتمەندییەکی جیاوازیان بەم پرۆژەیە بەخشیوە.
سەرچاوە نزیکەکان لەو یاریزانە دەڵێن "ئەم ماڵە دەبێتە شوێنی رۆناڵدۆ و خێزانەکەی کاتێک بڕیاری وازهێنانی لە کاروانی وەزشی خۆی دەدات لە یارییە نێودەوڵەتییەکان ".
هاوکات یاریزانە پۆرتوگالیەکە ئێستا لە سعودیە کۆشکێکی گرانبەهای کڕیوە و لەگەڵ خانەوادەکەی بەیەکەوە لە سعودیە ژیان دەکەن.