کریستیانۆ رۆناڵدۆ تووشی پێکانبوو
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی تووشی پێکانبوو و راهێنەری یانەکەش باسی وردەکارییە سەرەتاییەکانی ئەو پێکانە دەکات.
رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر یانەی فەیحا، کە نەسڕ یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە گۆڕانکاریی پێکرا و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات.
لە خولەکی 81 کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە چووە لای دەستەی هونەری تیپەکەی و دوایکرد گۆڕانکاریی پێبکرێت.
دوای یارییەکە، خۆرخی خیسۆس، راهێنەری یانەی نەسڕ لەبارەی پێکانی رۆناڵدۆوە دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەست بە ماندووبوونی ماسوولکەکانی دەکات، دەستەی پزیشکی پشکنینی پێویستی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی بەخێرایی دۆخی یاریزانەکە دەستنیشانبکرێت."
راهێنەری نەسڕ لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی دیکەی نە گوت، بەڵام میدیای سعودی دەڵێت "پێکانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوو ئەگەری هەیە، باشترین ئەگەر ئەوەیە یاریزانەکە تووشی گرژبوونی ماسوولکە بووبێت، ئەگەر ئەوە بێت تەنیا سێ تاوەکو پێنج رۆژی پێویستە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان، خراپترین ئەگەریش ئەوەیە تووشی دڕانی ماسوولکە بووبێت، کە ئەگەر ئەوەیان بێت یاریزانەکە پێویستی بە 10 رۆژ بۆ دوو هەفتە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان."
رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا لێدانێکی سزای لەدەستدا، بەڵام تیپەکەی سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە شوێنی خۆی بەهێزتر کرد.