هاندەرانی لیدز سووکایەتی بە یاریزانانی موسڵمان دەکەن و گواردیۆلا تووڕە دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

دوای فیکەلێدان بۆ یاریزانە بەڕۆژووەکان، پێپ گواردیۆلا هێرش دەکاتە سەر هاندەرانی لیدز یونایتد و دەڵێت "ئەمە جیهانی مۆدێرنە، وانییە؟ دەزانن لە جیهانی ئەمڕۆدا چی روودەدات؟! رێزگرتن لە ئایینەکان و رێزگرتن لە فرەچەشنی گرنگترین شتە".
 
پێپ گواردیۆلای ئیسپانی، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لێدوانێکی تووندی دا دوای سەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر یانەی لیدز یونایتد لە گەڕی بیست و هەشتەمی خولی نایابی ئینگلیزی.
 
گواردیۆلا هێرشی کردە سەر هاندەرانی لیدز یونایتد دوای ئەوەی دەنگی فیکەکێشان و ناڕەزایەتی بیست لە کاتی وەستانێکی کورتی یارییەکەدا، کە بۆ ئەوە بوو رێگە بە ژمارەیەک یاریزانی بەڕۆژووبوو بدرێت بەربانگ بکەنەوە.
 
لە خولەکی 13، هاوکات لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، ناوبژیوان یارییەکەی بۆ ماوەی 78 چرکە راگرت بۆ ئەوەی هەلی خواردن و خواردنەوە بۆ یاریزانە بەڕۆژووبووەکان لەسەر هێڵی یاریگە بڕەخسێنێت، ئەمەش بەپێی ئەو پڕۆتۆکۆڵەی کە لەلایەن دەستەی خولی ئینگلیزییەوە پەسەند کراوە.
 
سەرەڕای ئەوەی لەسەر شاشە گەورەکەی ناو یاریگە هۆکاری وەستانەکە روونکرایەوە، بەڵام دەنگی فیکەکێشان و ناڕەزایەتی لەلایەن هەندێک لە هاندەرانی یاریگای ئێلاند رۆد بیسترا.
 
دوای یارییەکە، پێپ گواردیۆلا لە لێدوانێکدا گوتی "ئەمە جیهانی مۆدێرنە، وانییە؟ دەزانن لە جیهانی ئەمڕۆدا چی ڕوودەدات؟!".
 
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "رێزگرتن لە ئایینەکان و رێزگرتن لە فرەچەشنی گرنگترین شتە. ئێمە داوای ئەم وەستانەمان نەکردبوو، بەڵکو خولی ئینگلیزی رایگەیاندووە کە رێگە بە یاریزانان دەدرێت بۆ خولەکێک یان دوو خولەک لە کاتی یارییەکەدا بوەستن.. جێگەی داخە کە بینیمان ئەو کاردانەوانە لە یارییەکەدا روویاندا".
 
لای خۆیەوە، دوای ئەوەی دانیال فارکی راهێنەری لیدز یونایتد لە کۆتایی یارییەکەدا کرایە دەرەوە،  ئێدمۆند ریمەری یاریدەدەری بێئومێدی خۆی لە رەفتاری هەندێک لە هاندەرانی یانەکەیان دەربڕی و گوتی "هەست بە بێئومێدی دەکەم لە هەندێک لە کاردانەوەکان، لەمەوە فێر دەبین".
 
هاوکات، رێکخراوی کێک ئیت ئاوت Kick It Out کە دژی جیاکارییە لە تۆپی پێدا، بێئومێدییەکی زۆری خۆی بەرامبەر بەو فیکەکێشانە دەربڕی.
 
رێکخراوەکە لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی "جێگەی داخە کە هەندێک لە هاندەرانی لیدز فیکەیان بۆ یاریزانانی مانچێستەر سیتی لێدا لە کاتی بەربانگکردنەوەیان لە گێمی یەکەمدا".
 
هەروەها گوتیشی "راگرتنی یارییەکە بۆ ئەوەی رێگە بە یاریزانانی موسڵمان بدرێت لە مانگی رەمەزاندا بەربانگ بکەنەوە، پڕۆتۆکۆڵێکە چەندین ساڵە پەیڕەو دەکرێت و بەشێکی گرنگە بۆ ئەوەی تۆپی پێ ببێتە ژینگەیەک کە جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە".
 
لە کۆتایی بڵآوکراوەکەدا جەخت کرایەوە کە ئەوەی روویدا نیشانەی ئەوەیە "تۆپی پێ هێشتا پێویستی بە کاری زیاترە لە بوارەکانی هۆشیارکردنەوە و قبوڵکردنی یەکدیدا".