یانەی نەفت بۆ رووداو: مووچەی یاریزانانمان پێنادرێت

رووداو - هەولێر

سەرۆکی یانەی نەفتی عێراقی رایگەیاند، بەشە بودجەی ئەمساڵی یانەکەیان وەرنەگرتووە، بۆیە ناتوانن ماف و مووچەی یاریزانانیان بدەن.

کازم  محەممەد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداو، گوتی "خراپی بارودۆخی سیاسی عێراق و خۆپیشاندانی بەردەوامی بەغدا و قەدەخەکردنی هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر وەرزش هەیە، هەروەها یانەکەی ئێمەشی خستووەتە قەیرانەوە". 

یانەی نەفت بەشداری خولی نایابی عێراقە و وەزارەتی نەوتی عێراق پاڵپشتی دارایی دەکات، وەرزی رابردووش بەشداری لە خولی یانە نایابەکانی عەرەبیدا کرد.

لە وەرزی ئەمساڵدا، یانەی نەفت بەپشتبەستن بە ژمارەیەک یاریزانی ئەستێرە، ئاستێکی بەرزی لە خولی عێراق پێشکەشکردووە، بەڵام سەرۆکی یانەکە بە نیگەرانییەوە دۆخی ئێستای یانەکەی بۆ رووداو روونکردەوە "ئەمساڵ پارەی بودجەی یانەکەمان وەرنەگرتووە بەهۆی نەبوونی دەوامی حکومەت و ئەو دۆخە خراپە داراییە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبووە، هەر بۆیە داوا دەکەین خولی عێراق ئەنجام نەدرێت، کەشوهەوا گەرم دەبێت و ئێمەش بێ پارەین، کە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی سێی یاریزانانمان نەداوە".

بە قسەی قاسم محەممەدی سەرۆکی یانەی نەفتی عێراقی، ئەو یانەیە مانگانە پێویستی بە 250 ملیۆن دینار هەیە، بۆ مووچەی یاریزانانی و خەرجییەکانی دیکە.