ئارنۆڵد: شانازییە یاریزانەکانمان بەرامبەر ئێمباپێ و هالاند یاریی بکەن


رووداو دیجیتاڵ

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوای گەیشتنی هەڵبژاردەکە بە مۆندیال دەڵێت "شانازییە کە یاریزانانی هەڵبژاردەکەمان بەرامبەر یاریزانی وەکو هالاند و ئێمباپێ یاریی دەکەن."
 
ئارنۆڵد دوای بردنەوەیان لە بۆلیڤیا و گەیشتن بە مۆندیالی 2026 گوتی "بەر لەوەی بیر لە رووبەڕووبوونەوەی فەرەنسا بکەینەوە لە مۆندیالی 2026، پێویستە بەبیرتان بێنمەوە کە لە مۆندیالی 2022 فەرەنسا بەرامبەر ئوسترالیا یارییکرد و ئەو کاتە بە 4-1 لێی بردینەوە، بەڵام دوای ئەوە ئەو یارییەمان وەکو پاڵنەرێک بەکارهێنا، توانیمان لە تونس و دانیمارک ببەینەوە و سەرکەوین بۆ قۆناخی 16."
 
راهێنەری عێراق دەڵێت "وەکو هەڵبژاردەی عێراق هیچ لەدەست نادەین، ئێمە بەرامبەر فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال یاریی دەکەین کە سێ تیپی گەورەن، بۆیە با بچینە ئەوێ و هەموو هەوڵێکمان بدەین، هەوڵبدەین جیهان بە ئەنجام و ئاستێکی ناوازە سەرسام بکەین. شانازییە بۆ یاریزانەکانمان بەرامبەر یاریزانی وەکو هالاند و ئێمباپێ یاریی بکەن."
 
گراهام لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "پێویستە بە بیری سەرکەوتنەوە بچینە مۆندیال، نابێت بە بیرکردنەوەی دۆڕان بڕۆین. بەڵام لە راستیدا زۆر نایابە کە گەیشتینە مۆندیال. پێموایە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە، بڕوا ناکەم هیچ کام لە یاریزانەکانمان پێشتر لە بەرامبەر ناوی وەکو ئێمباپێ یان هالاند لەگەڵ نەرویج و یاریزانانی دیکەی لەم ئاستەدا یارییان کردبێت. بوون لە هەمان یاریگەدا لەگەڵیان و یاریکردن لە یارییەکی مۆندیالدا، شانازییەکی گەورەیە."
 
راهێنەرە ئوسترالییەکەی هەڵبژاردەی عێراق گوتی "ئێمە رێز لەم یاریزانانە و ئەوەی پێشکەشی دەکەن دەگرین، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەچینە ناو یاریگاوە بۆ ئەوەی هەوڵی بردنەوە بدەین."