لامین یامال: من موسڵمانم و رێگە نادەم سووکایەتی بە ئایینەکەم بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، وەڵامی ئەو دروشمە رەگەزپەرستییانەی دایەوە کە لە کاتی یارییەکەیاندا ئاراستەی کرابوون. یاریزانەکە دووپاتیکردەوە شانازی بە ئایینەکەیەوە دەکات و ئەو جۆرە رەفتارانە لە ناو یاریگاکان قبووڵکراو نین و نیشانەی نەفامین.
بەپێی میدیا ئیسپانییەکان، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا، هاندەرانی تیپی بەرامبەر دروشمی 'هەرکەسێک هەڵنەپەڕێت موسڵمانە'یان دەگوتەوە. لامین یامال لە کاردانەوەیەکدا رایگەیاند "من موسڵمانم، سوپاس بۆ خوا".
ئەو یاریزانە لاوە ئاماژەی بەوە کرد "دوێنێ لە یاریگادا دروشمێک دەبیسترا دەیانگوت: هەرکەسێک هەڵنەپەڕێت موسڵمانە. دەزانم ئاراستەی تیپی بەرامبەر کرابوو، شتێکی تایبەت نەبوو دژی من، بەڵام وەک موسڵمانێک، ئەمە بە بێڕێزی و کارێکی ناپەسند دەبینم".
یامال لە پەیامەکەیدا بۆ هاندەران گوتی "تێدەگەم هەموو هاندەران وەک یەک نین، بەڵام بۆ ئەوانەی ئەم جۆرە دەستەواژانە دەڵێنەوە: بەکارهێنانی ئایین بۆ گاڵتەجاڕی لەناو یاریگادا، ئێوە دەکاتە کەسانی نەفام و رەگەزپەرست".
ئەستێرەکەی بارسێلۆنا زیاتر گوتی "تۆپی پێ بۆ چێژوەرگرتن و هاندان دروستبووە، نەک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵک لەبەرئەوەی کێن یان باوەڕیان بە چی هەیە". لە کۆتاییشدا سوپاسی ئەو هاندەرانەی کرد کە پاڵپشتییان کردوون و گوتی "سوپاس بۆ ئەو هاندەرانەی بۆ پاڵپشتیمان هاتبوون، لە مۆندیال دەتانبینینەوە".
لامین یامال یەکێکە لە گرنگترین یاریزانە لاوەکانی ئێستای جیهان و لە وەرزی رابردووەوە بووەتە نیشانەیەکی دیاری یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا. ئەم یاریزانە تەمەن 17 ساڵە، سەرەڕای تەمەنە بچووکەکەی، چەندینجار رووبەڕووی گوشاری هاندەرانی تیپە رکابەرەکان بووەتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەمشێوەیە وەڵامی سووکایەتییە ئایینییەکان بداتەوە.