عێراق گەیشتە مۆندیال و نهێنییەکانی ژووری جلگۆڕین ئاشکرا دەبن



رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق بە ئاستێکی نموونەیی لە یارییە یەکلاکەرەوەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا دەرکەوت، توانی بلیتێکی مێژوویی بۆ مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە چاوەڕوانییەکی 40 ساڵەی هێنا.
 
میدیاکانی ئەم وڵاتە ئاشکرایان کردووە، نهێنی ئەو ئاستەبەرزەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پلانە وردەکانی گراهام ئارنۆڵد دەگەڕێتەوە. ئارنۆڵد پێش دەستپێکی یارییەکە تەنیا جەختی لەسەر لایەنی تاکتیکی کردووەتەوە و داوای لە یاریزانەکانی کردووە بەمتمانەیەکی زۆرەوە بچنە ناو یاریگەوە. ئەم راهێنەرە ئوسترالییە لە گوتەکانی پێش یارییەکەدا زۆر باسی لایەنی دەروونی نەکردووە، بەڵکو تەنیا پەیامێکی کاریگەری ئاراستەی یاریزانەکان کردووە و پێیگوتوون "بە دڵتان یاری بکەن، ئەمە دەرفەتی ئێوەیە". ئەم رستەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر یاریزانەکان هەبووە و وایلێکردوون پەیمان بدەن باشترین ئاست پێشکێش بکەن.
 
پەیوەندی نێوان یاریزانان و گراهام ئارنۆڵد وەک پەیوەندییەکی باوکانە وایە، ئەمەش وایکردووە کەشێکی ئەرێنی لە ناو هەڵبژاردەکە دروستببێت. ئارنۆڵد توانی متمانە بۆ زۆرێک لەو یاریزانانە بگەڕێنێتەوە پێشتر دەرفەتی تەواویان پێنەدرابوو، ئەمەش وایکرد روحێکی نوێ بەبەر هەڵبژاردەی عێراقدا بێتەوە.
 
دوای بردنەوەی عێراق بەئەنجامی 2-1 لە بەرامبەر بۆلیڤیا لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 16ـی مانگی 10ـی 2024، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوسترالیا و یانەی سیدنی ئوسترالی پیرۆزباییان لە گراهام ئارنۆڵد کرد. ئەمە سێیەمجارە ئارنۆڵد دەگاتە مۆندیال، بەڵام ئەمجارەیان لەگەڵ هەڵبژاردەیەکی جیاواز جگە لە ئوسترالیا.
 
هەڵبژاردەی عێراق تەنیا یەکجار لە ساڵی 1986 گەیشتووەتە مۆندیال. دوای ئەو مێژووە، عێراق بە قۆناخێکی سەختدا تێپەڕی، بەڵام گراهام ئارنۆڵد توانی دوایین گرێکوێرە بکاتەوە و دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ، شێرەکانی رافیدەین بگەڕێنێتەوە سەر نەخشەی جیهانی تۆپی پێ.