پزیشکە پەرجووییەکە هەواڵی خۆشی بۆ مەدریدییەکان پێیە


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە لۆکا مۆدریچی کرواتی شەڕ لەگەڵ کاتدا دەکات لەپێناو گەڕانەوە بۆ ریزەکانی یانەکەی و بەشداریکردن لە یارییەکانی داهاتوودا. بەپەلەرش رووی لە سڕبیا کردووە لەپێناو هەمان بابەتدا.
 
مۆدریچ لە یاریی یانەکەی بەرامبەر خیرۆنا، کە بەسەرکەوتنی ئەو یانایە بەسەر ریال مەدرید بە 4 - 2 کۆتایی هات، دووچاری پێکانبوو لە بەستەرەکانی ئەژنۆی چەپیدا و بەر لە تەواوبوونی یارییەکە، یاریگەی بەجێهێشت.
 
بەهۆی ئەو پێکانەوە لۆکا بەشداریی لەسەرکەوتنی ریال مەدرید بەسەر ئالمێریا 4 - 2 نەکرد لە گەڕی 32ی لالیگا و ئەوەش دووپاتکراوەتەوە کە توانای بەشداریکردن لە یارییەکەی ریال سۆسیێدادیش نییە، کە سبەی سێشەممە بەڕێوەدەچێت.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، ئەگەر هەیە مۆدریچ بەشداریی لە یاریی ئۆسەسۆنا لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیاش نەکات کە رۆژی 6ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، ئەمە جیا لە ئەگەری دابڕان لە یاریی چوونی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە رۆژی 9ی ئەم مانگە.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، مۆدریچ پشووی کۆتایی هەفتەی قۆستووەتەوە و روویکردووەتە شاری بێلگرادی پایتەختی سڕبیا و لەوێ لە ژێردەستی یەکێک لە پسپۆرەکانی چارەسەری پێکانی یاریزانان، دەستی بەچارەسەری سرووشتی کردووە، وەک هەوڵێک بۆ ئامادەسازیی و توانای بەشداری لە یارییەکان بەرامبەر ئۆسەسۆنا و مانچێستەر سیتی.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، مۆدریچ چووەتە هەمان ئەو سەنتەری چارەسەرییەی کە پێشتر دیێگۆ کۆستا، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید پەنای بۆ بردوو لەپێناو ئامادەسازیی و چاکبوونەوە لە پێکان بۆ بەشداریکردن لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ساڵی 2014.
 
کۆستا ئەوکات لەسەردەستی دکتۆر، ماریگانا کۆڤاچیڤی، کە بە پزیشکە پەرجووەکە ناسراوە، چارەسەری وەرگرت و توانی بەشداریی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بکات.
 
ئەو پزیشکە بەوە بەناوبانگە کە توانایەکی ناوازەی لە چارەسەرکردنی پێکانی ماسوولکەکاندا هەیە لە ماوەیەکی زۆر کەمتر لەو ماوەیەی پزیشکانی دیکە چارەسەری دەکەن. ئەو خانمە پزیشکە پێشتر چارەسەری نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سڕبی و چەندین یاریزان و ئەستێرەی تۆپی پێی کردووە.
 
ماریگانا کۆڤاچیڤی، لە کاتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیدا، بایەخی زۆریان پێدەدات و هەوڵی زۆر دەدات بۆ چاکبوونەوەیان. تەنانەت هەندێکجار لەگەڵیاندا گەشت دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە چاکبوونەوەیان، وەکئەوەی ئەمساڵ لە تێنسی کراوەی ئوسترالیادا، یاوەریی جۆکۆڤیچی کرد بۆ ئوسترالیا، لە کاتێکدا ئەو تێنسزانە پێکانێکی ماسوولکەیی هەبوو. جۆکۆڤیچ بەتایبەت سوپاسی ماریگانا کۆڤاچیڤی کرد لەسەر ئەو یاوەرییکردنە.
 
ئەو رۆژنامەیە وەک هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی ریال مەدرید دەڵێ، لە دوای چارەسەر وەرگرتنەکە لەسەردەستی ئەو خانمە پزیشکە، مۆدریچ هەستی بەباشبوونی زۆر لە پێکانەکەیدا کردووە و رێژەی بەشداریکردنی لە یارییەکەی ستیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
 
لۆکا مۆدریچ، یەکێکە لە یاریزانە سەرەکی و پشتپێبەستراوەکانی پێکهاکەتەی کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید. کارلۆ ناچاربوو لە یارییەکەی ئالمێریادا، لەبری مۆدریچ یاریی بە دانی سیبایۆس بکات.