لە شکستەوە بۆ سەرکەوتن؛ زاخۆ لە نێو یاریگای خۆی نەفتی میسانی سووتاند.

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانەی زاخۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ گەڕایەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و لە نێو یاریگە و هاندەرانی خۆیدا، سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی نەفتی میساندا تۆمارکرد، بەمەش قەرەبووی یەکسانبوونەکەی گەڕی رابردووی بەرامبەر یانەی نەفت کردەوە.
 
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لەسەر یاریگای خۆی میوانداریی یانەی نەفتی میسانی کرد. کوڕانی ئەیوب ئۆدیشۆ هەر لە سەرەتاوە بە ئامانجی سێ خاڵ هاتنە ناو یاریگە، بەڵام میوانەکان پێشوەختە سوپرایزیان بۆ کردن.
 
لە خولەکی 8ـدا، کریست کۆفووما گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەفتی میسان تۆمارکرد و بێدەنگییەکی کاتیی بەسەر یاریگەکەدا هێنا. دوای ئەم گۆڵە، یاریزانانی
زاخۆ هێرشەکانیان چڕکردەوە بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، هەوڵەکانیان لە خولەکی 41دا بەرهەمی هەبوو کاتێک محەممەد سۆلە توانی تۆڕی میوانەکان بهەژێنێت و نیوەی یەکەم بە یەکسانی کۆتایی هات.
 
لە نیوەی دووەمدا، زاخۆ بە گوشارێکی زۆرەوە دەستیپێکرد و تەنیا لە ماوەی 7 خولەکدا چارەنووسی یارییەکەیان یەکلاکردەوە. لە خولەکی 52دا مەهدی کامیل گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دواتر لە خولەکی 59دا ئەمجەد عەتوان بە تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم کۆتایی بە هیوای میوانەکان هێنا بۆ گەڕانەوە.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بە ئەنجامی (3-1) لە بەرژەوەندی زاخۆ مایەوە. بەم سەرکەوتنە، یانەی زاخۆ کۆی خاڵەکانی گەیاندە 51 خاڵ و سەرکەوت بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە. جێگەی ئاماژەیە زاخۆ یارییەکی دواخراویشی بەرامبەر یانەی مینا لەبەردەستدایە کە دەتوانێت پێگەی خۆی لە ریزبەندییەکەدا باشتر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە