ویداد لەسەر رووداوە سەیرەکە سکاڵا تۆمار دەکات
رووداو - هەولێر
یانەی ویداد بەیزاوی مەغریبی، سکاڵا لە دژی ناوبژیوانی یارییەکەیان و تێکچوونی سیستمی ڤار بەرامبەر یانەی تەرەجی تونسی تۆماردەکات.
یانە مەغریبییەکە لە دادگای کاسی وەرزشی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) سکاڵا لەبارەی رووداوەکانی ئەو یارییە تۆمار دەکات.
سەعید ئەلناسری، سەرۆکی یانەی ویداد دەڵێت، ویداد هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر لە دادگای نێودەوڵەتی کاس و سکاڵا لەسەر دروستبوونی ئەو رووداوانەی لە یارییەکەیاندا بەرامبەر تەرەجی روویدا تۆمار دەکات.
سەرۆکی یانەکە زیاتر گوتی، ویداد لە یارییەکە نەکشاوەتەوە، بەڵکو داوایکردووە کە سیستمی ڤار کاربکات، هەروەها ئەوەشی کە روویداوە بە زوڵمێکی گەورە لە دژی یانەکەی ناو دەبات.
شەوی هەینی لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا، لە یاری نێوان هەردوو یانەی ویدادی مەغریبی و تەرەجی تونسی، لە خولەکی 58 کاتێک یانەی ویداد گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی رەتکردەوە و نەگەڕایەوە بۆ سیستمی ڤاریش، بەهۆی ئەوەی کە سیستمەکە تێکچوو، بەمەش یارییەکە رووداوێکی سەیر و چاوەڕواننەکراوی بەخۆیەوە بینی و یارییەکە لە دوای کاژێر و نیوێک وەستان و هەوڵدان بۆ کارپێکردنی سیستمەکە دەستیپێکردەوە و تەرەجی یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.
رووداوەکانی ئەم یارییە بە سەیرترین یاری کۆتایی هەژمار دەکرێت و زۆرترین کاردانەوەشی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئەفریقا و جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.