سێرجیۆ ئەگوێرۆ: خۆم بە یاریزانی سەرەکی بارسێلۆنا نازانم

رووداو دیجیتال

سێرجیۆ ئەگوێرۆ، هێرشبەری ئەرجەنتینی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، دوای گرێبەستکردنی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، کە بەخۆڕایی لە مانچێستەر سیتی ئینگلیزییەوە هاتووەتە بارسا، دڵخۆشی خۆی راگەیاند و گوتی "ئیستا لە باشترین یانەی جیهانم".

ئەگوێرۆ لە سەرەتای قسەکانیدا، گوتی "پێشتر بە لاپۆرتام گوتبوو، کاتێک منداڵ بووم دەمگوت رۆژێک دەمبینن".

سەبارەت بەوەش کە ئایا هاتنی تۆ واتا مانەوەی مێسی؟ ئەگوێرۆ وەڵامیدایەوە "بەدڵنیاییەوە شانازییە پێکەوە یاری بکەین، بەڵام بڕیارەکەی مێسی لەدەستی خۆیدایە، ئەگەر لێرەش بەردەوام بێت، کە پێموایە ئەو کارەدەکات، ئێمە هەموو هەوڵمان پێکەوە دەدەین وەک چۆن هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەمان دەیکەین".

ئەو یاریزانەی لە مانچێستەر سیتییەوە هاتووەتە بارسا، باسی کێشەی ئەژنۆی خۆی کرد و گوتی "بێجگە لە وەرزی رابردوو، لەگەڵ مانچێستەر سیتی 9 وەرزی زۆر باشم  بەسەربردووە، ئەمساڵ کێشەی ئەژنۆم هەبوو کە رێگری لێکردم بۆ ماوەی چەند مانگێک یاری بکەم، دوای چاکبوونەوەشم تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووم و جارێکی دیکە کەوتمەوە، بەڵام ئەژنۆم ئێستا لە دۆخێکی زۆر باشدایە، دەمەوێت ئەوە نیشانبدەم کە دەتوانم ئەو کارە لەگەڵ بارساش بکەم کە لەگەڵ سیتی کردم".

کاتێک لەبارەی ناوی راهێنەری بارسێلۆنا لە وەرزی نوێدا پرسیاریان لێکرد؟، ئەو کوڕە ئەرجەنتینییە لە وەڵامیدا گوتی "ناوی راهێنەر هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، کاری من نییە، مافی ئەوەم نییە رای خۆم لەو بارەیەوە دەربڕم، لەگەڵ رۆناڵد کۆمانیش قسەم نەکردووە".

ئەگوێرۆ لە بەشێکی قسەکانیدا، باسی پێپ گواردیۆلای راهێنەری لە مانچێستەر سیتی کرد و گوتی "گواردیۆلا پێیگوتم تۆ دەچیتە باشترین یانەی جیهان، کاتێک دەستمکرد بە دانوستاندن بۆ هاتنە بارسێلۆنا بۆ ساتێکیش دوودڵ نەبووم، کە بێگومان هیچ یاریزانێک دوودڵ نابێت ئەم دەرفەتە قبوڵبکات".

ئەو زیاتر باسی گواردیۆلای کرد و گوتی "هەموومان دەزانین لەوەتەی گواردیۆلا راهێنەرایەتی مانچێستەر سیتی وەرگرتووە تۆپی پێیەکی جیاوازی داهێناوە، داوا دەکات زۆرترین کات تۆپەکە لای خۆمان بهێڵینەوە، ئەو وایکردبوو من و هەموو تیپەکە باشتر بین".

یاریزانی ئەرجەنتینی لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ مێسیش قسەی کرد و دووپاتیکردەوە "رۆژانە قسەی لەگەڵ دەکەم و ناتوانم پێتبڵێم باسی چی دەکەین، بەڵام دوا پەیامی بۆ من پیرۆزبایی بوو، ئێمە زۆر باش یەکدی دەناسین، لە منداڵییەوە پەیوەندیمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، گونجان لەگەڵیدا زۆر ئاسانتر دەبێت، چونکە هەموو رۆژێک پێکەوە مەشق دەکەین".

لەسەر رۆڵی خۆی لەگەڵ تیپە نوێیەکەیدا، کون ئەگوێرۆ گوتی "هیوادارم سەرەتایەکی باشم هەبێت، بڕیاری بەشداریکردن لە دەستی راهێنەردایە، بەڵام خۆم بە یاریزانی سەرەکی نازانم، رێز لە هاوتیپەکانم دەگرم و کاردەکەم بۆ ئەوەی ببمە یاریزانی سەرەکی، ئەوە رۆڵی منە".

سەبارەت بە باشترین هۆکار و پاڵنەریش کە وایلێکردووە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات، هێرشبەری ئەرجەنتینی روونیکردەوە "بوون لە بارسێلۆنا مانای ئەوەیە کە لەگەڵ باشترینەکانی جیهاندایت".

ئەگوێرۆ لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی پێپ گواردیۆلاش بۆ بارسا، کۆمێنتی هەبوو، گوتی "من بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەم نییە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم، ئەو گرێبەستێکی دوو ساڵەی هەیە لەگەڵ مانچێستەر سیتی، من ئەو کەسە نیم کە دەبێت قسە لەسەر راهێنەر بکات".

لە بەردەوامی قسەکانیدا پەیامێکی بۆ جەماوەری بارساش هەبوو، کون گوتی "ئێمە دەزانین کە بارسێلۆنا هەموو ساڵێک بۆ نازناوەکان دەجەنگێت، منیش بۆ ئەو کارە هاتوومەتە ئێرە و هیوادارم لە کۆتایی وەرزدا هاندەرانمان دڵخۆش بن".

ئەگوێرۆ لە کۆتاییدا لەبارەی گوستنەوەی پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا لە ئەرجەنتینەوە، قسەی کرد و گوتی "زانیومە کە ئەمریکای باشوور کاتێکی خراپ بەسەر دەبات، ئەگەر ئەم بڕیارە بدەن ئەوە لەبەرئەوەیە کە ئەرجەنتین ئێستا بە کاتێکی باشدا تێناپەڕێت، بۆیە  پێموایە بڕیارێکی دروست دراوە".