ڤیدیۆ؛ نەسڕ بەبێ رۆناڵدۆ دوایین یاریی ئەم وەرزەی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ لە دوایین گەڕی خولی رۆشنی سعودیەدا، بەبێ بەشداری کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و وەرزی ئەمساڵی لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکە کۆتاییپێهێنا.
نەسڕ بەبێ ئامادەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەهۆی پێکانەوە، لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری فەتحی کرد و بە ئەنجامی 3-0 لێیبردەوە.
ئاندرسۆن تالیسکا تەنیا 4 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی گۆڵی پێسکەوتن بۆ نەسڕ تۆماربکات، کە نیوەی یەکەم بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمیشدا نەسڕ باشتربوو، تاوەکو تالیسکا لە خولەکی 66 گۆڵی دووەمی خۆی و نەسڕی تۆمارکرد.
دوای 6 خولەک، محەممەد خەلیل گۆڵی سێیەم و بردنەوەی نەسڕی تۆمارکرد و یانەکە بە کۆکردنەوەی 67 خاڵ بووە دووەمی خولەکە، لە دوای یانەی ئیتحاد، کە بە 72 خاڵ بووە پاڵەوانی خولەکە،
بەمشێوەیە یانەی نەسڕ بۆ وەرزی داهاتوو دەتوانێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بکات.