نەسڕ بۆ رازیکردنی رۆناڵدۆ بڕیارێکی گەورەی دا
رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕاندنی یاریی کۆتایی جامی شای سعودیە و بڵاوبوونەوەی دیمەنەکەنای گریانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە دیاربوو زۆر کاریگەر بوو بەو شکستە، یانەی نەسڕ بەپەلە بڕیاریدا ڤە زووترین کات گەورەترین کێشەی پێکهاتەی تیپەکەی چارەسەر بکات.
یانە سعودییەکە بەپەلە دەستیکرد بە جوڵە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڵپارێز کە لەم وەرزەدا تێچووی زۆری تیپەکە بووە و هۆکاری لەدەستدانی چەندین خاڵی گرنگی یانەکە بوو، هەروەها هەڵەکانی ئۆسپینای گۆڵپارێز و وەرگرتنی کارتی سوور لە یارییەکەدا هۆکارێکی سەرەکی لەدەستدانی نازناوەکە بوون.
بەرپرسانی نەسڕ لەوە تێگەیشتوون کە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دەتوانن رکابەری باشترین یانەکانی سعودیە و ئاسیا و تەنانەت جیهانیش بکەن، بەڵام ئەمساڵ گۆڵپارێزانی تیپەکە هۆکاری شکستەکانی یانەکە بوون لە پاڵەوانێتییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، جامی شاو و جامی سوپەر.
ئەم وەرزە 4 گۆڵپارێز بەرگرییان لە گۆڵی نەسڕ کردووە، کە بریتی بوون لە هەریەک لە نەواف ئەلعەقیدی، ئۆسپینا، راغد ئەلنەجار و وەلید عەبدوڵڵا.
لە یارییەکەی هیلالدا، نەسڕ باجێکی زۆری دا، دوای ئەوەی ئۆسپینا بە هەڵە گۆڵەکەی بەجێهێشت و لە دەرەوەی ناوچەی سزا دەستی لە تۆپەکە دا، و بەهۆیەوە دەستبەجێ کارتی سووری بە روویدا بەرزکرایەوە.
زۆر لە هاندەرانی نەسڕ ئەو هەڵسوکەوتەی ئۆسپینا بە ئابڕووچوون دەزانن، چونکە تیپەکە بەهۆی ئەوەوە ئازاری زۆری چەشت پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بدۆڕێن.
بەپێی زانیارییەکان، نەسڕ لە نێوان 4 گۆڵپارێزی جیهانیدا یەکێکیان هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو کۆتایی بە سەرئێشەی ئەم پۆستە بهێنێت.
یەکەم لەم گۆڵپارێزانە ئەلیسۆن بیکەری بەرازیلییە، گۆڵپارێزی یانەی لیڤەرپوول، کە هاوینی داهاتوو لە پێشینەی کارەکانی یانەکە دەبێت. دواتر ئیدێرسۆنی هاونیشتیمانییەکەی ئەلیسۆن دێت، گۆڵپارێزی مانچێستەر سیتی. پاشان چێزنیی پۆڵەندی، گۆڵپارێزی یوڤێنتوس. ئەوەی دیکەش یان ئۆبلاکی سلۆڤینییە، گۆڵپارێزی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید.
یانەی نەسڕ سوورە لەسەر ئەوەی گرێبەستی یەکێک لەو چوار گۆڵپارێزە لە هاوینی داهاتوودا یەکلاییبکاتەوە.
پێشبینی دەکرێت یانەی نەسڕ لە هاویندا مێرکاتۆیەکی گەورە بکات، دوای ئەوەی هەندێک لە یاریزانانی ناوخۆیی و بیانی لەم وەرزەدا جەماوەریان بێهیوا کرد.