دێمبلی پاش بوون بەپاڵەوانی ئەورووپا: هەرگیز بەخراپ باسی بارسێلۆنا ناکەم
رووداو دیجیتاڵ
عوسمان دێمبلێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رەتیکردەوە هیچ سووکایەتییەک بەیانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بکات، ئەگەرچی ئەوکاتەی یاریزانی ئەو یانەیە بوو، رووبەڕووی گلەیی زۆری هاندەران بووەوە و بە'ناپابەند' تۆمەتبارکرا.
دێمبلێ لە سەرکەوتنی پاریس سانجێرمان بەسەر ئینتەرمیلان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و بەدەستهێنانی یەکەم چامپیۆنزلیگ لە مێژووی یانە پاریسییەکە رۆڵێکی کارا و ئاستێکی خەیاڵیی هەبوو.
دێمبلێ دوای یارییەکە لەبارەی خاڵی وەرچەرخانی ژیانی یارییکردنیەوە، وێڕای ئەو رەخنانەی لێیدەگیرا لەلایەن کارگێڕیی بارسێلۆناوە گوتی، "هیچ شتێکی نێگەتیڤ لەسەر بارسێلۆنا ناڵێم، تەنیا بیرم لای یادەوەرییە جوانەکان لەگەڵ ئەو یانەیە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لەتەمەنی 20 ساڵیدا چوومە ئەو یانەیە، ئەوان خەونی منداڵیی منیان بەدەیهێنا، لە منداڵییەوە بارسا یانەی خەونەکانم بوو، ئەمە راستییەکە و ناگۆڕێت".
دێمبلی هەروەها دەڵێ، "لە بارسێلۆنا زۆر شت فێربووم، ئەزموونێکی ناوازەم لەگەڵ چەندین ئەستێرەی گەورەی وەک لیۆنێل مێسی تاقیکردەوە، سوودی زۆرم لێبینی".
دێمبلێ لە 2017 تاوەکو 2023 یاریزانی بارسێلۆنا بوو، بەڵام پێکرانی زۆر و بەردەوام، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دەرکەوتنی ئەو لە یانەکە دروستکرد.
پاش چوونی بۆ پاریس سانجێرمان، ئەو یاریزانە حەوت نازناوی بەدەستهێنا، لەنێویاندا چامپیۆنزلیگ کە یەکەم نازناوی یانە پاریسییەکەیە لەو پاڵەوانێتییەدا.