ڤیدیۆ؛ مێسی بە 2 گۆڵ و 2 ئەسیست سەرکەوتنی بۆ ئینتەرمەیامی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ و دوو ئەسیست، پێشەوایەتیی ئینتەرمەیامیی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆڵۆمبۆس کرۆ بە 5 - 1 گۆڵ، لە میانی گەڕی 17 خولی ئەمریکا.
 
مێسی ئاستێکی بەرزی لەم یارییەدا پێشکێشکرد، دوو گۆڵی تۆمارکرد و دوو ئەسیستی هەبوو، ئەمە یەکەمجارە لە مانگی سێی رابردوووەوە ئینتەرمەیامی دوو یاریی لەسەریەک لە خولەکەدا دەباتەوە، پاشئەوەی لە گەڕی پێشوودا لە مۆنتریالی بردەوە.
 
میسی لە خولەکی 13 ئەسیستێکی بۆ تادیۆ ئالێندی کرد و گۆڵی یەکەمی ئینتەرمەیامی تۆمارکرا. پاش دوو خولەک ئەمجارە لیۆ خۆی گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمارکرد، دوای ئەوەی سوودی لە هەڵەیەکی گۆڵپارێزی کۆڵۆمبۆس وەرگرت.
 
لیۆ لە خولەکی 24 گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد، لە کاتێکدا سوودی لە ئەسیستێکی سێرجیۆ بۆسکێس وەرگرت.
 
سیزار روفالکابا ئەنجامەکەی بۆ کۆڵۆمبۆس لە خولەکی 58 کەمکردەوە. بەڵام لویس سوارێز لە خولەکی 64دا گۆڵی چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد، بەرلەوەی فافا بیکۆلت گۆڵی پێنجەمی هەمان یانە تۆماربکات لە خولەکی 89.
 
ئینتەرمەیامی بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی بەشی رۆژئاوای خولەکە سەرکەوت بەکۆکردنەوەی 29 خاڵ.