پێرێز دیارییەکی تایبەت دەداتە ئێمباپێ

رووداو دیجیتاڵ

لەسەر فەرمانی راستەوخۆی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، یانەی شاهانە ئەو داواکارییە بە کیلیان ئێمباپێ دەبەخشێت کە هاوینی رابردوو هیوای پێدەخواست.
 
سەرەڕای ئەو نائومێدییە بەکۆمەڵەی کە ریال مەدرید لەم وەرزەدا بەهۆی خراپی ئاست و کەمی نازناوەکانەوە تووشی بووە، بەڵام کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بەئاستێکی ناوازەی تاکەکەسی لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانەکەدا دەرکەوت. 
 
دوای گواستنەوەی پێشبینیکراوی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ئێمباپێ پێویستی بە زۆر چاوەڕێ نەبوو تا خۆی بسەلمێنێت، توانی 42 گۆڵ لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا تۆماربکات، ئەمەش پێگەی خۆی وەک یەکێک لە هێرشبەرە سەرەکییەکانی جیهان بەهێزترکرد.
 
رۆژنامەی ئەی ئێس بڵاویکردەوە، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بەنیازە وەرزی داهاتوو درێسی ژمارە 10 بە کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی بدات.
 
کیلیان ئێمباپێ هاوینی رابردوو رووی لە یانەی ریال مەدرید کرد و درێسی ژمارە 10ـی دەویست، بەڵام لۆکا مۆدریچی ئەفسانەی کرواتی تازە گرێبەستەکەی نوێکردبووەوە، بۆیە ئەستێرە فەرەنسییەکە نەیتوانی ژمارەی درێسەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمانی پێشووی یانەکەی وەربگرێت.
 
لەگەڵ بڕیارەکەی لوکا مۆدریچ بۆ جێهێشتنی ریال مەدرید دوای مۆندیالی یانەکان، ئێستا ئێمباپێ دەرفەتی ئەوەی هەیە درێسی ژمارە 10 وەربگرێت.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یانەی ریال مەدرید بەنیازە درێسی ژمارە 10 بە کیلیان ئێمباپێ ببەخشێت، چونکە کارگێڕیی یانەکە بەهەلێکی نایابی بەبازاڕکردنی دەزانێت بە گۆڕینی درێسی یاریزانەکە بۆ ژمارە 10.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا بڕیارەکە لەئەستۆی ئێمباپێدایە، ئایا بەردەوام دەبێت لەسەر ژمارە 9 کە یاریزانەکە لە وەرزی یەکەمیدا درەوشایەوە و 42 گۆڵی تۆمارکرد، یان بگەڕێتەوە بۆ ژمارە 10ـی دڵخوازەکەی.
 
ئەی ئێس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئێمباپێ درێسی ژمارە 10 وەربگرێت، ئەوا ئێندریکی یاریزانی لاوی بەرازیلی درێسی ژمارە 9 وەردەگرێت.