لە شەوی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا سەتان هاندەر دەستگیرکران و دوو کەس کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شەوی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، لەنێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی 2 کەس گیانیانلەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
 
لە شەقامەکانی پاریس و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە، هەزاران هاندەر بۆ سەیرکردنی یارییەکە کۆبوونەوە، دوای بردنەوەی نازناوەکە لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە، لەنێو ئاهەنگی هاندەرانی یانە فەرەنسییەکەدا گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر روویدا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پۆلیس بە شارەکەدا بڵاوکرابوونەوە، بەڵام نەیانتوانی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
 
بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، بەهۆی شەڕ و ئاژاوەوە 462 کەس لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دەستگیرکراون، 2 کەس گیانیانلەدەستداوە، کە یەکێکیان ژنێکی 20 ساڵە و ئەوەی دیکەیان کوڕێکی 17 ساڵە و بە چەقۆ کوژراوە، هەر لەنێو شەڕ و ئاژاوەکەدا 192 کەسی دیکە برینداربوون و هێرشکراوەتە سەر شوێنە گشتییەکانیش.
 
گرژی و ئاڵۆزییەکە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوامبوو و پۆلیسی فەرەنسا دوای چەندین کاژێر رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هاندەران و بەکارهێنانی گازی فرمێسک رێژ توانیی بڵاوە بە هاندەران بکەن.
 
شەقامەکانی پاریس، سەرەڕای ئەوەی یانەکەیان نازناوەکەی بردەوە، پڕبوون لە ئاسەوار و پاشماوەی شەڕی نێوان هاندەر لەگەڵ هاندەر و هاندەر لەگەڵ پۆلیس.