بەڕێوەبەرێکی بارسێلۆنا: ناهەقیی زۆرمان بەرامبەر دێمبێلێ کرد
رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرت فێرناندێز، بەڕێوەبەری پێشووی وەرزشیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دانیبەوەداناوە کە یانەی بارسێلۆنا و میدیای کەتەلۆنیا، ناهەقیی زۆریان بەرامبەر عوسمان دێمبێلێ کردووە، کاتێک یاریزانی یانەکە بووە.
دێمبێلێ لە نێوان 2017 تاوەکو 2023 لە بارسێلۆنا یارییکرد، پێشتر لە بۆرووسیا دۆرتمۆندەوە بە 135 ملیۆن یۆرۆ رووی لە یانە کەتەلۆنییەکە کرد.
فێرناندێز لە رابردوودا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەهۆی گرێبەستکردن و گرەوکردنی گەورەی لەسەر دێمبێلێ، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە خۆی رووبەڕووی هێرشی بەردەوامی میدیاکانی کەتەلۆنیا دەبووەوە و بە شکستخواردوو ناودەبرا.
فێرناندێز، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "بەپێی پێویست ئاراممان لەسەر عوسمان نەگرت، مەبەستم یانەکە و میدیاکانیشە. راشکاوانە بڵێم، پێموایە خراپ مامەڵەمان لەگەڵدا کرد، بەداخم کە ناچارم وا بڵێم، چونکە ئەو راستییەکەیە".
ئەو هەروەها دەڵێ، عوسمان کاتێک هاتە یانەکە زۆر بچووک بوو، تەمەنی 20 ساڵ بوو، من دووساڵ بەرلەوە دەمویست گرێبەستی لەگەڵ بکەم، چونکە توانای ناوازەی هەبوو.
لەبارەی هۆکاری شکستی دێمبێلێوە لە یانە کەتەلۆنییەکە، ئەو دەڵێ، "ئارامیان لەسەر نەگرت، بەر لە هەر شتیش تووشی دوو پێکانی بەسەریەکەوە بوو".
فێرناندێز، هەروەها دەڵێ، "دژیەکییەکی زۆر هەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا، دەیانگوت وەک پێویست پیشەگەر نییە، لەکاتێکدا ئەوە راست نەبوو. ئەو زۆر پیشەگەر بوو".
بەڕێوەبەرەکە زیاتر روونیدەکاتەوە، "دەیانگوت ئەو کهول دەخواتەوە، بەڵام لە راستیدا وانەبوو، هەروەها دەیانگوت ژیانێکی خراپی هەیە، خەریکی رابواردنە، ئەوەش درۆ بوو، هەموو ئەو دەنگۆ و قسانە زیانی زۆریان بەو گەیاند و هاوسەنگیی خۆی لەدەستدا".
فێرناندێز، هەروەها دەڵێ، "عوسمان کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە، لەبەرئەوەی وێڕای هەموو ئەوەی بەسەریدا هات، توانی سەرکەوتوو بێت لە بارسا. کۆتاییەکەی بەپشتگیری چاڤی زۆر باشبوو".
بەڕێوەبەرە کەتەلۆنییەکە زیاتر دەڵێ، "پێموایە بۆ وەرزی ئەمساڵ، تاکە یاریزان بتوانێت باڵۆندۆر لە لامین یامال بسەنێت، دێمبێلێیە، چونکە ئەو ئاستێکی زۆرباش پێشکێشدەکات".
عوسمان دێمبێلێ دوێنێ شەو لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و یارییەکەی ئاستبەرزی پێشکێشکرد.