یانەی خانزاد پاڵەوانیەتییەکی شەترەنجی بۆ 45 یاریزان کردەوە

لە هەولێر یانەی شەتڕەنجی خانزاد پاڵەوانیەتیەکی خێرای بۆ یانەکانی عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەبرد، مەبەست لە کردنەوەی کێبرکێکە زیادکردنی ئاستی بیرکردنەوەی یاریزانەکان بوو.

لە پاڵەوانیەتییەکەدا نۆ یانە و 45 شەترەنجزان بەشداربوون و شەتڕەنجزانانی خانزادیش پلەی یەکەمیان بردەوە.

یانەی شەتڕەنجی خانزاد میوانداریی پاڵەوانیەتیەکی کراوەی خێرای کرد و نازناوەکەشی بردەوە.

رکابەریی داشەکان بە بەشداریی چل و پێنج یاریزانی کوڕ و کچی نۆ یانەی شارەکانی باشووری کوردستان و عێراق بەشێوازیی حەوت خولی سویسری بەڕێوەچوو. 

دوای ململانێیەکی بەهێز شەتڕەنجزانانی یانەی خانزاد بە کۆکردنەوەی شانزە خاڵ پلەی پێشەنگی وەرگرت، یانەکانی دهۆک بە دوانزە خاڵ و موسڵ بە دە خاڵ لە پلەکانی دووەم و سێیەم هاتن.

لە شەوانی مانگی رەمەزاندا یانەی شەتڕەنجی خانزاد وەک تاکە یانەی یاریی شاهانە لە باشووری کوردستان چوار پاڵەوانیەتی خێرای بۆ هەوادارانی یارییەکە بەڕێوەبردووە.