ئەستێرەی یەکەمی یاریی هیلال و مان سیتی نهێنییەکی چاوەڕواننەکراو ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

مارکۆس لیۆناردۆ، ئەستێرەی یانەی هیلال دوای بردنەوەیان لە مانچێستەر سیتی و گەیشتنیان بە قۆناخی هەشتی مۆندیالی یانەکان، هۆکاری ئاهەنگگێڕانەکەی لە یارییەکەدا ئاشکراکرد.
 
لیۆناردۆ لە یارییەکەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی یانە سعودییەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە بە 4-3 و گەیشتن بە یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیال.
 
لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە مارکۆس لیۆناردۆی بەرازیلی دڵخۆشی خۆی بەبردنەوەی یارییەکە نیشاندا و نهێنی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی لە یارییەکەدا ئاشکرا کرد و گوتی "کەس نازانێت من لە ماوەی رابردوودا چۆن ژیاوم، دایکم 60 رۆژ لەژێر چاودێری چڕ بووە و 23 رۆژە لە نەخۆشخانەیە، ئەو ئێستا باشە و لە ژیاندایە، دەکرێت سەیری کردبم و یارییەکەی بینیبێت، بۆیە بەو شێوەیە ئاهەنگم گێڕا و گۆڵەکانم پێشکێشی ئەو کرد."
 
مارکۆس لیۆناردۆ لە کاتی تۆمارکردنی گۆڵ چووە لای ئاڵای گۆشەی یاریگەکە و درێسەکەی خستە سەر داری گۆشەکە و بەرزی کردەوە.
 
هیلال لە یارییەکەدا سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی هەشتی مۆندیالی یانەکان، لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر یانەی فلومێنێنسی بەرازیلی یاری دەکات.
 
دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەکەدا پێشکێشکرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد، مارکۆس لیۆناردۆی بەرازیلی بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
مارکۆس لیۆناردۆ، دووەم یارییە لەسەریەک لە مۆندیالی یانەکاندا گۆڵ دەکات، ئێستا یاریزانەکە خاوەنی 3 گۆڵە و گۆڵێکیشی دروستکردووە.