پێش یارییەکەی بەرامبەر یوڤێنتوس هەواڵێکی خۆش لە ئەلۆنسۆوە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان بەردەوامدەبن، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یارییەکی لووتکە و بەهێزدا بەرامبەر یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی یاری دەکات و هەمووان چاوەڕێی دەرکەوتنی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دەکەن.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 ریال مەدرید لە لووتکەی قۆناخی شازدەی مۆندیالدا بەرامبەر یوڤێنتوسی ئیتاڵی یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
ریال مەدرید چەند رۆژێکە ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە دەکات، ئێمباپێ دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی یاری بکات، بەباشی خۆی ئامادەکردووە و بەتەواوی بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە یاریزانەکە بەشێوەی یەدەگ بەشداری لە یارییەکەدا دەکات و ئەمە دەبێتە یەکەم دەرکەوتنی کیلیان لە مۆندیالی یانەکاندا.
 
ریال مەدرید لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک بە یەکەمی کۆمەڵەی هەشتەم گەیشتە قۆناخی شازدە و چاوی لە سەرکەوتنە بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
یانەی یوڤێنتوس دوو یاریی لە قۆناخی یەکەمدا بردەوە و لە یارییەکدا بەرامبەر مانچێستەر سیتی دۆڕا، ئەوانیش تیپێکی بەهێزیان هەیە و دەیانەوێت ریال مەدرید لە پاڵەوانێتییەکە دووربخەنەوە.
 
ریال مەدرید و یوڤێنتوس 21 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ریال مەدرید 11 بردنەوە، یوڤێنتوس 8 بردنەوە و 2 یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، لە دوای وەرزی 2017-2018 ئەمە یەکەمجارە هەردوو یانە بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن.
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی" لە هەموو مۆندیالێکدا کاتێک قۆناخی کۆمەڵەکان تێدەپەڕێنیت، ئیدی یارییە یەکلاکەرەوەکان دێنە پێش و پرسەکە دەبێتە 'بوون و نەبوون'. ئەمجارە رووبەڕووی یۆڤی دەبینەوە کە یەکێکە لە یانە هەرە بەهێزەکانی ئەوروپا و ئەمەش فشارێکی زۆرمان لەسەر دروست دەکات."
 
راهێنەری لۆس بلانکۆس زیاتر دەڵێت "یارییەکی یەکجار گرنگە، هەم لە رووی تۆپی پێوە، هەم لە رووی ئامادەیی هزری و چڕبوونەوەوە. لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا خۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە و هەموو شتێک بۆ یارییەکە ئامادەیە."
 
لەبارەی ئەگەری یارییکردنی کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکەدا ئەلۆنسۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەو باشە، ئەگەرێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی یانەکاندا دەربکەوێت، نازانم چەند یاری دەکات، بەڵام کەمێک ئەگەری هەیە."
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و یوڤێنتوس لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا بەرامبەر براوەی یاریی بۆرووسیا دۆرتموند و مۆنتێری یاری دەکات.