سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا ئازادکرا


رووداو - هەولێر

ئانخێل ماریا ڤیار، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بە کەفالەت لەلایەن دادگای باڵای ئیسپانیاوە ئازادکرا کە بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی دەستبەسەرکرابوو.

دادگای ئیسپانیا ئاشکرایکرد کە ڤیار بە کەفالەتی 300 هەزار یۆرۆ و جۆرکای کوڕی بە 150 هەزار یۆرۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە زیندانی سوتو دێل ریال لە مەدرید ئازادکران.

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە دانیشتنێکی دادگای نیشتیمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی ڤیار و کوڕەکەی بەڕێوەچوو ئەمڕۆ هەردووکیان بە کەفالەت ئازادکران.

ئانخێل ماریا ڤیار و جۆرکای کوڕی و جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بە گەندەڵی و کاری نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبارکرابوون و دەستگیرکران.

رۆژی 15ی مانگی رابردوو داداگای باڵای وەرزشی بڕیاریدا ئانخێل ماریا ڤیار و جێگری یەکەمی بۆ ساڵێک زیندانیبکرێن، بەڵام ئەمڕۆ بەکەفالەت ئازادکران.