پێنج یاریزان چاڤی و بارسێلۆنا رووبەڕووی کێشەی گەورە دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی چەند گرێبەستێکی بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی ئەنجامداوە، بەڵام ناتوانێت ناوەکانیان تۆماربکات، ئەگەر چەند یاریزانێک نەفرۆشێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، چەند هەنگاوێکی لەبەردەمە بۆ ئەوەی کێشەکانی لەگەڵ یاسای یاریی خاوێن چارەسەر بکات، سەرەڕای ئەوەی کە ئۆسکار مینگێزا دەچێتە یانەی سێلتا ڤیگۆ.
لاپۆرتا کاردەکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت، بۆ ئەوەی بتوانێت یاریزانە نوێیەکانی تۆماربکات، ئەو یاریزانانەشی کار بۆ فرۆشتنیان دەکرێت، ساموێل ئومتیتی، بەرگریکاری فەرەنسی کە چاوەڕواندەکرێت بەخواستن بچێتە خولی یۆنان، مارتن برایتوایت کە چەند یانەیەک بۆ گواستنەوەی لەسەر هێڵن، ریکی پۆیگ کە نزیکە لە داهاتوودا بچێتە خولی ئەمریکا.
ئەوەی لەنێو ئەو 5 یاریزانەدا کە بارسێلۆنا دەیەوێت دەستبەرداریان بێت و کێشەی گەورەن، نێتۆی گۆڵپارێزی دووەمی تیپەکە و فرێنکی دییۆنگە، کە نێتۆ تاوەکو ئێستا دیار نییە دەچێتە کام یانە، هەرچەند سێلتا ڤیگۆ داوای دەکرد، بەڵام ئەو گرێبەستەکەی رەتکردەوە و ئێستاش هیچ دەستەوارەیەکی نییە، دییۆنگیش تاوەکو ئێستا ئامادەنییە یانەکە بەجێبهێڵێت.
چاڤی لەبارەی تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکان، پێشتر لە ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی باشترین تیپ ئامادەبکەن، کاتیان لەبەردەم ماوە و هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن یاریزانە نوێیەکانیان تۆماربکەن.
بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی بەبارودۆخێکی ئابووری خراپدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرێبەستی زۆری کردووە و هەریەکە لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، رافینیا، ئاندریاس کریستێنسن، ژول کوندێ و فرانک کیسێی گواستووەتەوە و دەیەوێت گرێبەستی دیکەش واژۆبکات.